زانیاری لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیانەی بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کراون

(سبەی):‌

به‌پێی‌ به‌دواداچونێكی‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان) بۆ نه‌خشه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، زیاتر له‌ (50) هاوپه‌یمانێتی‌ ناوی‌ خۆیان له‌ كۆمسیۆن تۆماركردوه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا مالیكی‌ و عه‌بادی‌ به‌ دو لیستی‌ جیاواز به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، عه‌ممار حه‌كیم و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌ هه‌مان شێوه‌ لیستی‌ جیاوازیان هه‌یه‌، موقته‌دا سه‌دریش له‌گه‌ڵ حیزبی‌ شیوعی هاوپه‌یمانێتی‌ كردوه‌.

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی‌ تۆماركردنی‌ ناوی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كان هێنا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

تائێستا كۆمسیۆن به‌ فه‌رمی ناو و ژماره‌ی‌ كۆتایی هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ ئاشكرا نه‌كردوه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان) كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداره‌وه‌ له‌ به‌غدا ده‌ستیكه‌وتوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ (205) حیزب مافی‌ به‌شداریان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا و له‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه‌، ئه‌و حیزبانه‌ دابه‌شبون به‌سه‌ر زیاتر له‌ (50) هاوپه‌یمانێتیدا و له‌ كۆمسیۆن ناوی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانیان تۆماركراوه‌.

 

 

دو جۆر هاوپەیمانێتی

هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ عێراق دو جۆرن، جۆرێكیان له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌مو عێراق به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، جۆرێكی‌ تریان له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگا یان چه‌ند پارێزگایه‌ك به‌شدار ده‌بن.

(تۆڕی میدیای گۆڕان) به‌دواداچونێكی‌ بۆ شێوازی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ عێراق كردوه‌، به‌پێی‌ ئه‌و به‌دواداچونه‌، كورد به‌ لیستی‌ جیاواز به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ كوردی‌ هه‌یه‌ به‌ناوی‌ لیستی‌ نیشتمان كه‌ لیستێكی‌ هاوبه‌شه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات.

لیستی‌ نیشتمان:

*پێكهاتوه‌ له‌: بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان- كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌- هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌.

*ئه‌م لیسته‌ هاوبه‌شه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ كه‌ركوك، دیاله‌ و نه‌ینه‌وا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات.

 

جگه‌ له‌ لیستی‌ نیشتیمان كه‌ لیستێكی‌ كوردییه‌، له‌ كه‌ركوك دو لیستی‌ تر به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌:

هاوپه‌یمانێتی‌ عه‌ره‌بی‌:

*پێكهاتوه‌ له‌: گردبونه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ عێراق- حیزبی‌ حه‌قی‌ عێراقی‌- حزبی‌ حه‌ل- یه‌كێتی‌ هێزه‌ نیشتمانییه‌كان- جه‌ماوه‌ری‌ نیشتمانی‌- كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ عێراق و چه‌ند حزبێكی‌ تر

*راكان جبوری‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌كات

 

هاوپه‌یمانی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ كه‌ركوك:

*هه‌مو حزبه‌ توركمانه‌كان به‌شدارن تێیدا

*ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات

 

له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌ چه‌ند لیستێكی‌ جیاواز به‌شداری ده‌كه‌ن، دیارترین لیستی‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانی‌ بریتین له‌م لیستانه‌:

هاوپه‌یمانی‌ سه‌ركه‌وتن و چاكسازی‌:

*حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات.

*پێكهاتوه‌ له‌: خۆبه‌خشه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ داعش- ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌ جۆراوجۆر.

*هه‌مو پارێزگاكانی‌ عێراق ده‌گرێته‌وه‌.

 

هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی‌ یاسا:

*نوری‌ مالیكی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات

*پێكهاتوه‌ له‌: حزبی‌ ده‌عوه‌- ره‌وتی‌ وه‌سه‌تی‌ موه‌فق روبه‌یعی‌- بزوتنه‌وه‌ی‌ نور- دوعاتی‌ ئیسلام- ره‌وتی‌ راپه‌ڕین و گۆڕان- حزبی‌ مه‌ده‌نی‌ و چه‌ند حیزبێكی‌ تر.

 

هاوپه‌یمانی‌ فه‌تح:

*هادی‌ عامری‌ ئه‌مینداری‌ رێكخراوی‌ به‌در سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات.

*زۆربه‌ی‌ گروپه‌كانی‌ سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی به‌شدارن تێیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیی‌.

 

لیستی‌ ره‌وتی‌ حیكمه‌:

*عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات و به‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداری‌ ده‌كات.

*دوای‌ جیابونه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ یه‌كه‌مجاره‌ عه‌مار حه‌كیم به‌شێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداری‌ ده‌كات.

 

هاوپه‌یمانی‌ سائیرون:

*پێكهاتوه‌ له‌ ره‌وتی‌ سه‌در و حیزبی‌ شیوعی‌ و چه‌ند لایه‌نێكی‌ تر.

 

لایه‌نه‌ سوننه‌كانیش دابه‌شبون به‌سه‌ر چه‌ند هاوپه‌یمانی‌ و لیستێكدا، دیارترینیان بریتییه‌ له‌:

هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌:

*ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات

*پێكهاتوه‌ له‌: چه‌ند حیزبێك، دیاترینیان حیزبه‌كه‌ی‌ سه‌لیم جبوری‌ و ساڵح موتڵه‌گه‌.

 

هاوپه‌یمانی‌ ئوسامه‌ نوجێفی‌ و خه‌میس خه‌نجه‌ر:

*ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ ناوچه‌ سوننه‌ نیشنه‌كاندا ركابه‌ری‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ عه‌لاوی‌ و جبوری‌ و موتڵه‌گ ده‌كات.

 

 

 

 

راپۆرت/ نامیق ره‌سوڵ

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە