(سبەى):
هێزەكانی سوریای دیموكرات ئازادبونی تەواوی شاری رەققەی پایتەختی داعشی راگەیاند.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا كە لە ناو یاریگایەكی شاری رەققە بەڕێوەچو، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەفەرمی بەڕێوەبردنی شارەكەیان رادەستی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە كرد.
لەو كۆنگرەیەدا عەمید تەڵاڵ سلۆ وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، داوای لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە مرۆییەكان كرد بەشداری بكەن لە ئاوەدانكردنەوەی رەققە و ئاشكراشیكرد لەشەڕی چوار مانگی ئازادكردنی رەققەدا (655) شەڕڤان لە عەرەب و كورد و توركمان و سریان و شەڕڤانی هەڵگری رەگەزنامەی توركی و ئەمەریكی و بەریتانی گیانیان بەختكردوە و بەگیانی خۆیان ژیانی (450) هەزار مەدەنیان لە شارەکە رزگاركرد.
وتیشى: “بەناوی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەشانازییەوە ئەمڕۆ لەناو جەرگەی شاری رەققەوە سەركەوتنی هێزەكانمان رادەگەیەنین لەشەڕی مەزنی شكستهێنان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش و تێكشكانیان لەناو ئەو شارەی ناویان نابو پایتەختی خەلافەتەكەیانو ئازادكردنی شاری رەشید و بوكی جوانی فوڕات، رەققەی سوریا”.