چی رویدا؟ ئایا ئەمە کۆتایی دنیایە؟‌

ئاسۆس هەردی

رۆژنامەنوس‌و مێژونوسی ئەمەریکی باربارا تاکمەن (١٩١٢-١٩٨٩) کتێبێکی هەیە بەناوی (مێژوی دەبەنگی لە ترۆیاوە تا ڤێتنام) کە لە ساڵی ١٩٨٥دا بڵاوکراوەتەوە. پوختەی تێزەکەی تاکمەن ئەوەیە کە هەندێ روداوی مێژوی گەورە هەن، ناتوانین بە میتۆدەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکان، وەک سۆسیۆلۆجیا، زانستی سیاسی، زانستی سەربازی… هتد، بەتەواوی شییان بکەینەوەو لێیان تێبگەین، چونکە زۆر بە سادەیی بەرهەمی دەبەنگی‌و بێعەقڵین. رونیشی دەکاتەوە مەبەستی لەو بڕیارە سیاسییە گرنگانەیە کە:

  1. رێک پێچەوانەی بەرژەوەندی بڕیاردەرەکانن.
  2. بڕیاری تاکەکسێک نین‌و بەتەنها پەیوەندییان بە کاراکتەری تاکە کەسێکەوە نیە، بەڵکو هی گروپێکن.
  3. تاکە بژاردەش نین لەبەردەم گروپەکەداو بڕیاری ناچاری نین.
  4. بڕیارگەلێکن دەدرێن سەرباری پێشبینییەکان لەبارەی هەڵەبونیانەوە.

 

بۆیە بە بۆچونی تاکمەن تاکە رێگە بۆ پۆلێنکردنی ئەمجۆرە بڕیارە “خۆ وێرانکەرانە” ئەوەیە بە “دەبەنگی” لەقەڵەمیان بدەین.

 

پێموابێ ئەگەر تاکمەن زیندو بوایەو گرنگیی بە کوردستان بدایە، بێ هیچ گومانێک ریفراندۆمەکەی کوردستانی دەخستە سەر ئەو نمونانەی بۆ رونکردنەوەو سەلماندنی تێزەکەی پێشکەشی کردون. با زۆر بەکورتی بەرراوردێک لەنێوان بڕیاری ریفراندوم‌و ئەو خاڵانەی سەرەوەدا بکەین:

  1. بڕیاری ریفراندوم بە کوێی گەیاندین؟ پێش ریفراندوم دۆخ‌و پێگەی کوردستان لە عێراق‌و ناوچەکەو جیهاندا چۆن بو، ئێستا چۆنە؟ دۆخی ناوخۆمان چۆن بو، ئێستا چۆنە؟ پێش ریفراندوم چەندێک لەخاکی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بو، ئێستا چەند؟…هتد. ریفراندوم جگە لەزیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان‌و تەنانەت خودی سەرکردەکانیش، چ ئەنجامێکی هەبو؟ جگە لە “بڕیارێکی خۆ وێرانکەر”، چ ناوێکی تر بۆ ئەو بڕیارە دەگونجێ؟

 

  1. راستە بڕیاردەری یەکەم لەسەر ریفراندوم بارزانی‌و حیزبەکەی بون، بەڵام یەکێتیش بە هەمو توانایەوە چوە پاڵی‌. ئەگەر پشتیوانی یەکێتی نەبوایە، ئەستەم بو ئەنجام بدرێت. جگە لەیەکێتیش ژمارەیەک حیزبی ترن (لەپێش هەموشیانەوە یەکگرتوی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی کوردستان)، بە تەعبیری مامۆستا عەلی باپیر “رەگەڵ کەوتن”! بۆیە هەمویان بەرپرسیارن لەو بڕیارەو خۆدزینەوەو خۆجیاکردنەوە هیچ شتێک لەبەرپرسیارێتییان کەم ناکاتەوە. لەراستیدا بڕیاری ریفراندوم، بڕیاری پێکەوەیی ئەو گروپە سیاسی‌و ئەو سیستمە سیاسییەیە کە لەم هەرێمەی ئێمەدا حوکمڕانە بە پاشکۆکانیشیانەوە. وەک چۆن ئەگەر سەری بگرتایە هەمویانی لێدەکردینە قارەمان، بەهەمان شێوەش کە توشی ئەو شکستە گەورەیەی کردوین، هەمویان دەکاتە تاوانبار.

 

  1. هەمومان دەزانین ریفراندوم تاکە بژاردەی بەردەمی سەرکردەو حیزبەکان نەبو، بڕیاری ناچاریش نەبو. بەتەنها وەبیرهێنانەوەی پێشنیارەکانی هاوپەیمانان‌و نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسە بۆ ئەوەی بزانین، بژاردەی گەلێک واقیعی ترو گونجاوترو جێگەی متمانەتر لەبەردەم بڕیاردەراندا بو، بۆ ئەوەی نەک هەر زیان بە بەرژەوەندی خۆیان‌و وڵاتەکەیان نەگەیەنن، بەڵکو هەنگاوێکی تر بمانبەنە پێشەوە.

 

  1. لەوەتی بڕیاری ریفراندوم دراوە، خەڵکێکی زۆر لە نوسەرو سیاسەتمەدارو حیزب‌و رێکخراوی سیاسی هۆشداری دەدەن بە گروپی دەسەڵاتدار کە لەم کاتەداو بەم هەلومەرجە ناوخۆییەی کوردستان‌و ناوچەکەو جیهانەوە، ریفراندوم هەڵەیەو موجازەفەیەکی گەورەیە بە ژیان‌و داهاتوی خەڵکی کوردستان. بەڵام هەمو ئەو دەنگانە کران بە خائین‌و سیخوڕی ئێران‌و بێگانەپەرست، کەچی ئێستا خۆیان دەڵێن شانازی بە عێراقی بونمانەوە دەکەین! با واز لەدەنگی ناوخۆ بێنین، چونکە بەدرێژایی ساڵانی رابردو، ئەو گروپە دەسەڵاتدارەی کوردستان، تاکە شتێک کە بەلایانەوە گرنگ نەبوبێ، بۆچونی خەڵکی وڵاتی خۆیان بوە. سەیر ئەوەیە تورکیای “دۆست!”ی پارتی‌و ئێرانی “دۆست!”ی یەکێتی، تەنانەت هاوپەیمانان‌و وڵاتانی ئەوروپایش بە رونی پێیان وتن بڕیارەکە هەڵەیەو زیانی گەورەتان پێدەگەیەنێ، کەچی ئەوان دەیانوت ئەو قسانە بۆ راگەیاندنەکانەو لەژێرەوە شتی تر لەئارادایە! واتە سەرباری هەمو هۆشداری‌و پێشبینییەکان (کە بەداخەوە هەمویان راست دەرچون)، هەر سواری سەری خۆیان بون‌و گوێیان لەکەس نەگرت.

 

بەم پێیەش ئەوەی رویدا، پڕاوپڕ بەرهەمی ئەو شتەیە کە تاکمەن ناوی ناوە “دەبەنگی”.

 

ئایا ئەمە کۆتایی دنیایە؟

پاتریک کۆبێرن رۆژنامەنوسی بەریتانی‌و پسپۆڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕی رۆژنامەی ئیندیپێندنێت-ی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، روداوەکانی دو رۆژی رابردوی کوردستان بە “گەورەترین کارەساتی مێژوی کورد” لەقەڵەم دەدات. لەراستیشدا ئەوەی کە رویدا، جگە لەشکست‌و تێکشکان هیچ ناوێکی تری نیە. بەڵام ئایا ئەمە کۆتایی دنیایە؟

 

بێگومان نەخێر. ئێمە میللەتێکین بەدرێژایی مێژو هیچ نوشوستی‌و کارەساتێک چۆکی پێ دانەداوین. راستە هەستانەوە لە شکستێکی وا گەورە ئاسان نیەو کارو ماندوبونی زۆرو بەرگەگرتنی رۆژگاری سەختی دەوێت، بەڵام مێژوی ئێمە چەندە مێژوی شکست‌و نوشوستی بوبێت، ئەوەندەش مێژوی هەستانەوە بوە. ئەگەرچی ئێستا لەژێر گوشارو هەڕەشەی گەورەداین، بەڵام هەمو دەرگاکان دانەخراون. عێراق وڵاتێکە هیچ گروپ‌و نەتەوەو مەزهەبێک ناتوانێ بەم زوانەو بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکات‌و ئەوانی تر لە مەیدانەکە بکاتە دەرەوە. داهاتوی نزیکیش (نەک دور) بێ دەرفەت‌و بوار نابێت.

 

ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، خۆ کۆکردنەوەو خۆ سازکردنەوەیە، نەک گریان‌و لاواندنەوە بۆ شکستێک کە تەنها گروپێکی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسیارن. بەڵام بێ هیچ گومانێک هەستانەوە بە سەرکردەی شکستخواردو ناکرێت. دەبێ ئەو سەرکردانە داوای لێبوردن لە میللەتەکەیان بکەن‌و بچنە ماڵەوە. نەک تەنها لەبەر ئەوەی ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ هەمو “سەرکردەیەک” کە رێزی خۆی‌و میللەتەکەی بگرێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەزمونی ساڵانی رابردویان‌و ئەنجامە کارەساتبارەکەی ئەمڕۆیان دەیسەلمێنێ‌و سەلماندویەتی تا ئەوان دەسەڵاتداربن دەبێ خەڵکی کوردستان هەر چاوەڕێی شکستی گەورەتریان لێبکەن.

 

چیدی نەغمەی خۆ بەقوربانی نیشاندان‌و هەڵواسینی شکستەکانیان بە “پیلانی نێودەوڵەتی”و دەستی دەرەکیدا دادیان نادات. چونکە ئەوەی رویدا جگە لەبەرهەمی بڕیارێکی بەتەعبیری تاکمەن “دەبەنگانە”ی خۆیان، هیچی تر نیە. وەکو کۆبێرن لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت “رەنگە زۆرێک لە کوردەکان بڵێن ئەمە پیلانێک بو بەدەستی سوپای پاسدارانی ئێران‌و لە ئەنجامیشدا بەغدای هاوپەیمانی ئێران بەهێزو بارزانیش کە وەک دۆستی ئەمەریکا ناسراوە لاواز بو، بەڵام بۆ رونکردنەوەی ئەوەی رویدا، پێویست بە تیۆری پیلانگێڕی ناکات. لەبنەڕەتدا بارزانی دەستی دایە روبەڕو بونەوەیەک کە نەیدەتوانی بیباتەوە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە