جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 22/10/2017

(سبەى):

کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆتایى هات و هەڵوێستى بزوتنەوەکە و بڕیارى جڤاتى بۆ راى گشتى و هێز ولایەنە سیاسیەکان ئاشکرا کرد.

شۆڕش حاجى، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوەکە رایگەیاند؛ گەلەکەمان و ئەزمونەکەمان ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسیەکى گەورەدان و بەشێکى زۆرى دەستکەوتەکەمان و نیوەى خاکى خۆمان کە بە خوێن بەدەستمان هێنابو لەدەستدران و بەداخەوە شکۆى پێشمەرگەى کوردستان ئەو قارەمانانەى سەروەریان بۆ گەلى کورد تۆمار کردوە شکێنران و دۆستە نێودەوڵەتیەکانمان لەدەستدا.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ کورد لە سەد ساڵى رابردودا هێندەى ئەم ساڵانەى کۆتایى بەهێز نەبوە لە بەغدا، بەڵام بەهۆى سیاسەتى دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە ئەویش لاواز کرا.

جەختیشیکرەوە کێشەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان دەرهاویشتەى چارەسەرە سەقەتەکانى رابردوە.

هەروەک ناوەڕۆکى کۆبونەوەى نائاسایى ئەمڕۆى جڤاتى نیشتمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ دواى کۆبونەوەى دوێنێى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان، تاوتوێى ئەم دۆخەى ئێستاى هەرێممان کرد و بڕیارماندا و میکانیزمان بۆ جێبەجێکردنیان دەرکرد لەپێناو دەربازکردنى نیشتمانەکەمان لەم دۆخە.

لەبارەى ناوەڕۆکى بڕیارەکانەوە وتى: “سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى هەرێم شەرعیەتیان نیە و دەستلەکار بکێشنەوە و دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم نەمێنێت و سیستمى حوکمڕانى لە هەرێم بکرێتە پەرلەمانى، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى کابینەى هەشتى حکومەتى هەرێم و پێکهێنانى حکومەتى رزگاریى نیشتمانى”.

ئەوەشى خستەڕو کە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە گەشتە فەرمیەکەى لەدەرەوەى وڵات گەڕاوەتەوە و ئێستا لە هەوڵدایە لەگەڵ فراکسیۆن و پەرلەمانتاران بۆ کۆبونەوەى پەرلەمان و دەربازکردنى هەرێم لەم دۆخە.

هەروەک جەختى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان و جڤاتى گشتى ئیدانەى هەر دەستدرێژیەک دەکەن کە چەند رۆژى رابردو کراوەتە سەر ماڵى هاوڵاتییانى کورد و پێویستە رابگیرێن و لێپرسینەوەیان لەسەر بکرێت.

وتیشى:”بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ دەربازکردنى هەرێم لەم دۆخە و جێبەجێکردنى ئەو داواکارى و میکانیزمانە، بەڵام هیوادارین حکومەتى هەرێم ئەو جورئەت و بەرپرسیارێتیەیان تێدابێت بەرامبەر خەڵکى کوردستان لەپاى ئەو شکستە خۆیان دەستلەکاربکێشنەوە”.

بەوتەی د.شۆڕش حاجی؛ بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە حكومه‌تی فیدراڵ دەکات له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كورستان مامەڵەبکات و داوا دەکەن حكومه‌تی فیدراڵ په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان رابگرێت و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ دروست بكات بۆ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی ناوچه‌كانی دوز و كه‌ركوك و خانه‌قین و جه‌له‌ولا و شه‌نگال و شێخان و زوممار و مه‌خمور ناوچه‌كانی دیکە.

جەختی کردوەتەوە کە؛ ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر موڵك و ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان و پێویسته‌ ده‌ستدرێژیكاران راده‌ستی دادگا بكرێن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە