تۆپەکە مانگی شەش تەقی

سامانی وەستا بەکر

گومانی تیا نیە ئێستا جۆرێک لە شەڕی ساردی نێوان بەرەی ئەمەریکا و بەرەی روسیا ھەیە زۆر بە ئاسانی خەتە گشتییەکانی ئەو جەنگە ساردە ئەخوێنرێتەوە، کە لە ھەندێ شوێنیش جەنگەکەی نێوانیان روبەڕوبونەوەیەکی سەربازی راستەوخۆ لەڕێی ھاوپەیمانەکانیانەوەو بە چەک و بۆردومانی راستەوخۆی فڕۆکەکانی خۆیان بونی ھەیە بۆ نمونە جەنگی سوریا.

 

ئەمەریکا دوای دەستبەکار بونی دۆنەڵد ترەمپ ھەندێ گەمارۆی ئابوری بەسەر روسیادا سەپاند کە لێرەیا پێویستمان بە باس کردنی ھۆکارەکانی ئەو گەمارۆیەی ئەمەریکا بەسەر روسیادا نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەیا باس بکرێ پەیوەندی ئەو گەمارۆیە بە روداوەکانی ١٦-١٠-٢٠١٧ کە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥١%ی خاکەکەی لەدەستا لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندی.

 

سەرەتاکانی مانگی شەشەی ئەمساڵ حکومەتی ھەرێم گرێبەستێکی (20) ساڵی لەگەڵ گەورە کۆمپانیای (روس نەفت)ی روسیا بەست و ئەمەش سەرەکیترین ھۆکاری توڕەبونی ئەمەریکا بو لە ھەرێم و سەرۆکایەتی و حکومەتەکەی.

 

گرنگە بە کورتی بزانین (روس نەفت) کێیە؟ ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی (1993) دامەزراوەو کۆمپانیایەکی حکومی نەوتی روسیایە و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش کەسێکی نزیک ڤلادیمر پۆتنی سەرۆکی روسیایە و حکومەتی روسیا خاوەندارێتی بەشێکی ئەم کۆمپانیایە ئەکا. ئەم کۆمپانیایە نزیکەی (20) ھەزار کارمەندی ھەیە و رۆژانە زیاتر لە پێنچ ملێۆن بەرمیل نەوت بەرھەم ئەھێنێ. مانگی مارسی ساڵی (2013) کاتێ پشکەکانی (TNK-BP) کڕیەوە بو بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا پشکدارەکان لە جیھاندا.

 

ھەمیشە وتراوە یاری کردن بە ئاگر دەست ئەسوتێنێ و پێڕاکێشانی زیاتر لە بەڕەکەی خۆو باش نیە. بەڵێ حکومەتی ئەمەریکا گەمارۆی سەپاند بەسەر روسیادا و حکومەتی ھەرێمیش ھەروەک بڵێی گۆڕ بۆ مەرگی خۆی ھەڵەکەنێ گرێبەستێکی (20) ساڵەی لەگەڵ رۆس نەفتی روسیا واژۆکرد و بڕی دو ملیار دۆلاریشی پێشەکی لێوەرگرت و ئەمەش بوە ھۆی نیگەرانی پێداچونەوەی ئەمەریکا بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. ئاخر زلھێزەکان کاتێ ئەچنە ھەر وڵاتێک بۆ سەردان و پشودان ناچن، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ئابوری بە پلەی یەکەم و نایاب و لە دواتر ھۆکارە کەم کاریگەرترەکانی تر ئەبێتە پاڵپێوەنەریان بۆ چونە ناو وڵاتانی دیکەوە.

 

روسیا و ئەمەریکا بەدوای جێ پێی خۆیانا ئەگەڕێن لە سوریا و لە عێراقدا، لە سوریا تا رادەیەک شەڕەکە لە بەرژەوەندی روسیا بەرەو کۆتایی ئەچێ و ھەرچی عێراقیشە لەبەرژەوەندی ئەمەریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)وە یەکلایی بۆتەوە بە ھەندێ دەستێوەرانی ئێرانی و جارجارەو بەپلەیەکی کەمتر تورکیاوە. لێرەوە بۆمان دەرەکەوێ حکومەتی ھەرێم بەبێ ئاگابێ یان بە ئاگا لە دولاوە لەبەرژەوەندی ئەمەریکا ئەیا بە ھێنانی روسیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان کە ئەمەش بۆ ئەمەریکا ھێڵی سورە. ھاتنی روسیا و روس نەفت بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەند لایەکەوە بۆ ئەمەریکا باش نیەو پێی نیگەران بو لەوانە:

 

لە عێراقێکی سەرتاپاخوار ژێر دەست و قەڵەمڕەوی ئەمەریکا جێ پێ بۆ روسیا خۆشک کردن واتە دابەش کردنی عێراق بەسەر دو زلھێزا بێ پرسی خاوەن ماڵ (خاوەن ماڵ لێرەیا مەبەستم ئەمەریکایە). کاتێ ئەمەریکا گەمارۆ ئەخاتە سەر ھەر وڵاتێک وا چاوەڕوان ئەکا کۆی ھاوپەیمانەکانی پابەندی ئەو کارەبن کەچی حکومەتی ھەرێم پابەند نەبو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا روسیەکەدا گرێدا، ئەمەش بەلێکدانەوەی ئەمەریکا ھەڵگەڕانەوەو گوێڕایەڵنەبون ئەگەیەنێ. نزیک کردنەوەی روسیا لە سنوری کوردستانی رۆژئاواوە لە دیوی عێراقەوە لەناوچەکانی ھەرێمەوە کە لە ئێستایا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان تاکە جێ پێی ئەمەریکایە لە سوریا.

 

تا ئێستاش وڵاتانی کەنداو بێ پرسی ئەمەریکا گرێبەست ناکەن و بەڵکو زۆربەی کات ئەمەریکا ئەو کۆمپانیایانە دەستنیشان ئەکا کە لە وڵاتانی کەنداو کارەکەن، کەچی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ رکەبەرە سەرسەخت و تۆقێنەرەکەی ئەمەریکایا گرێبەستی کرد.

 

ئەمەریکا لەھەر شوێنێک بێ دوای داگیرکردن یان دانانی حکومەتی دڵخواستی خۆی ھەوڵدەدا پێی خۆشە لەو شوێنەیا ئارامی ھەبێ تا بتوانێ بەرژەوەندیەکانی پارێزراوبێ و زۆرترین سود و دەستکەوتی ھەبێ، بەڵام بارزانی بوە ھۆکاری سەریەشەو کێشە نانەوە بۆ ئەو وڵاتەو ناوچەکە و ناسەقامگیری عێراق تا ئاستی دەستێوەردانی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە عێراقدا لەڕێی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیەوە، لەرزۆک کردنی حکومەتەکەی عەبادی کە بە پەیوەندیەکی زۆر باش لەگەڵ ئەمەریکایا گرێدراوە و دورکەوتنەوەی عەبادیش لە دەسەڵات بەواتای ھاتنی کەسێکیتر کە لە ئێرانەوە نزیکبێ و ئاماژەکانیش بۆ نوری مالیکی ئەچن کە ئەمەریکا کەیفی پێی نایە.

 

لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەرەکەوێ کە ئەوەی ١٦-١٠-٢٠١٧ دەرەنجامی ھەڵە و کاڵفامی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و لەسەرو ھەموشیانەوە عینادی و عیبرەت وەرنەگرتنی مەسعود بارزانی لە رابردو ھەروەک چۆن گوێ راکێشانی ئەمەریکایە بۆ حکومەت و حیزبە بازرگانە سیاسیەکانی ھەرێم.

 

بێگومان ئەمانە هەمو ئەو هۆکارانە نین کە بونە هۆی ئەو شکستە گەورەیەی (16)ی مانگ، بەڵام لێرەدا مەبەست تەنها رونکردنەوە لەسەر روس نەفت و گرێبەست بو لەگەڵی و لەگەڵ دەرچون لە فەرمانی گەورەترین زلهێز بەبێ هیچ توانایەک بێجگە لە وشەی لێکنەدراوەو عیناد و خۆبەزلزانی خۆ ئەگەرنا هۆکارگەلێکیتر تریش هەن بۆ ئەو دۆڕانە.

 

وەک خۆم تاکە تروسکاییەک کە بەدی بکەم دوای ئەم شکست و نشوستەی چەند کەسێکی نابەرپرس و سەرۆکەکەیان بەسەریان ھێناین، ئەوەیە کە ئەمەریکا لە داھاتودا کار بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نوێ و پیشەزان بکا و پاشان فشار بخاتە سەر عێراق مادەی (140) جێبەجێ بکا و لە کۆتایشدا باشورو رۆژئاوا پێکەوە گرێباتەوەو بگەینە سەر ئاو و لە ھەژمونی داگیرکەران رزگارمانبێ ( ئەمە خەوێکەو لە خەیاڵمدا جێگیرە و بەدیھاتنی تەنھا خیانەت نەکردن و حوکمی عەقڵی پێویستە).

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە