ئاسایشی موچە

ئەنوەر شێخ محەمەد

ئاسایش بە مانای بونی ژینگە و بارودۆخێک دێت کە ئارامی و متمانە و دڵنیایی باڵ بکێشێت بەسەریدا، هەروەها هەست بە بونی مەترسی و دڵەڕاوکێ و هەرەشە بۆ سەر خەڵک لە مەترسیەکانی ناوخۆو دەرەکی نەکرێت. سەرەڕای جیاوازی بۆچونەکان، زۆرینەی نوسەرانی ئەم بوارە  کؤکن لەسەر دڵنیایی و ئارامیی بێ ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک وەک بنەمای چەمکی ئاسایش.

 

سەرهەڵدانی مێژوی ئاسایشی نەتەوەیی ناسەربازی دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دوەم، کە پێشتر تەنها پارێزگاری لە حکومەت و پەرلەمان دەکرد پاشان چەندین گیروگرفت روبەڕو بوەوە کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ناسەربازی هەبو، کە لە مافیاکانی مادە هۆشبەرەکان و کۆمپانیاو رێکخراوە ناحکومیەکان خۆیان رێکدەخست.

 

ئەم تێگەیشتنە وایکرد کە دەوڵەتان ئاسایشی نەتەوەییان بەستەوە بە تێگەیشتن لە هێزی خەڵک نەک هێزی سەربازی و هێزی حیزب. ئاسایشی نەتەوەیی لەچەند رەگەزێک پێکدێت وەک (ئاسایشی سەربازی، سنور، زانیاری، جیوستراتیجی، ژینگە، کارەساتەکان، وزە، خواردەمەنی، جینی، تەندروستی، ئابوری، دانیشتوان، گەشتیاری، ئاوو هەواوخاک، ئاسایشی موچە).

 

ئاسایشی موچە ئەو دۆخەیە کە تێیدا پێداویستیە بنەڕەتیەکانی خەڵکی پێدێتە دی، رێزێکی تەواو لەخەڵک دەگیرێت بەهۆی بەشداریە کاریگەریەکانی لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا، ئەو گرفتانەی کە ئاسایشی موچە روبەڕوی دەبێتەوە بریتیە لە سیستەمی سیاسی تاکڕەوی، بەهەدەردانی سامانی گشتی، هەیمەنەی حیزب بەسەر حکومەت، گرێبەستە ناڕون و نا عەقڵانیەکان و دانانی کەسی نەشیاو لەبەرپرسیارێتیدا. هەمو ئەم هۆکارانە وایکردوە کە خەڵک نەتوانن پێداویستیە بنەڕەتیەکان و سەرەتاییەکانیان بەدەست بهێنن هەرچەندە کاریگەری و کارامەیی و ئاستی ژیری کەسەکان لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا بەرچاو و دیار بێت.

 

بۆچونێکی رۆژئاوایی هەیە کە بۆ رۆژهەڵاتیەکان پێچەوانەکەی راستە دەڵێت خەڵک برسی بکە بۆ ئەوەی سیستەمە سیاسیە باوەکە بڕوخێنن، بۆ نمونە ویلایەتەیەکگرتوەکان ئابڵوقەی ئابوری بەسەر خەڵکی عێراقدا لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردو سەپاند خەڵک نەک سیستەمە دیکتاتۆریەکەیان نەڕوخاند، بەڵکو بشتگیری مانەوەشیان لێکرد بە هەزاران کەس بەسەدان مەتر رادەوەستان بۆ وەرگرتنی خواردەمەنی، خەڵک هەوڵی داتەپاندنی سیستەمە ناوخۆیەکەیان نەدەدا.

 

لەم تێگەیشتنەوەیە کە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بەکار دەهێنن بۆ مانەوەی خۆیان لە حوکمڕانی، خەڵک دەبێت ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن نەوتیان دەفرۆشت بۆیە دەبێت موچە لەکاتی خۆیدا و بێ پاشەکەوتکردن و بدرێت بە موچە خۆران، بەڵام نادرێت بۆیە مەبەستە سیاسیەکە کە برسیکردنی خەڵکە لەپشت نەدانی موچەوەیە، هەمان کاریگەری خراپ بەسەر خەڵکی کاسبکاری ناوبازاڕ هەیە کە بەهۆی پارە نەخستنە بازاڕەوە کاسبکاران ناتوانن بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن، واتە موچەخۆرانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەمان شێوە دڵەڕاوکێ و نا ئارامن، لێرەوە دەگەینە ئەو راستیەی کە دەبێت لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە ئاسایشی موچە دەستە بەر بکەین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە