(سبەی):
ئا. هه‌ڵمه‌ت محەمەد
ساڵانێكه قسه‌ی زۆر له‌باره‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كرێت و وه‌ك گروپی جیاوازی ناڕێكخراو وێنا ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی كه هێزی ناڕێكخراوی پێده‌ناسرێته‌وه وه‌ك، (په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كان له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا نین و چاودێریی پێویستیان له‌سه‌ر نییه، پێداویستیان له ئاستێكی لاوازدایه‌و زۆربه‌ی كات پۆشاكیان جیاوازه، سزا‌و پاداشت له جێی خۆیدا نییه‌و بنه‌مای هاوڕێیه‌تی و خزمایه‌تی به پێوه‌ر وه‌رگیراوه، ئینتیمای حزبی جێگه‌ی ئینتیمای نیشتمانی گرتۆته‌وه‌و هه‌ر بۆیه زۆرجار لێدوان و هه‌ڵسوكه‌وتی جیاواز له بڕیار‌و راسپارده‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌بینرێت).
له هه‌رێمی كوردستاندا هێزی حیزب و گروپ و لایه‌نی سیاسی جێگه‌ی به هێزی نیشتیمانی لێژ كردوه، عه‌قیده‌ی سه‌ربازی به‌سترابێت له ئینتیمابون بۆ نیشتیمانه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ عه‌قیده‌یه‌كی حیزبی و شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌یی تایبه‌ته‌وه.
بونی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمدا هه‌میشه جێگه‌ی ره‌خنه‌و نیگه‌رانی كه‌سانی دڵسۆز و گروپ و هێزه مه‌ده‌نییه‌كانی بوه، به‌ڵام ململانێی نادروستی حزبایه‌تی به‌درێژایی ته‌مه‌نی حكومڕانی هه‌رێم فاكته‌ری سه‌ره‌كی ناڕێكخراوی ئه‌م هێزانه بوه، به به‌راوردكارییه‌كی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و داتایانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی خراونه‌ته ڕو، جیاوازی گه‌وره به‌دیده‌كرێت و ئاماژه‌ی ئاشكرایه بۆ بونی گه‌نده‌ڵییه‌كی به‌رفراوان له‌و هێزانه‌دا.
به‌پێی ستاندارده جیهانییه‌كان، له حاڵه‌تی ئاسایی و ئاشتیدا، پێویسته رێژه‌ی سه‌رباز 2.5% تێپه‌ڕ نه‌كات و له حاڵه‌تی جه‌نگیشدا ئاساییه ئه‌و ڕێژه‌یه به‌رزبێته‌وه بۆ 3%، به‌م پێیه‌ش ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم به پێنج ملیۆن كه‌س بخه‌مڵێنین ئه‌وا پێویسته له حاڵه‌تی ئاشتیدا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن (125) هه‌زار هێزی چه‌كدار بێت، له حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌و نائارامی ئه‌و ژماره‌یه به‌رزبێته‌وه بۆ (150) هه‌زار هێزی چه‌كدار.
به‌ڵام به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا (422) هه‌زار كه‌س به‌ناوی پێشمه‌رگه موچه وه‌رده‌گرن، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ته‌نها (200) هه‌زار پێشمه‌رگه له ژێر فه‌رمانی ئه‌واندان، به گوێره‌ی زانیاریه‌كیش ته‌نها (120) هه‌زار پێشمه‌رگه ئه‌ركی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی جێبه‌جێ ئه‌كه‌ن.
به‌پێ یاسای بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی (2013)، بودجه‌ی ته‌رخانكراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بریتی بوه له ترلیۆنێك و 375 ملیار و 970 ملیۆن دینار، ئه‌وه‌ش ده‌كاته (11.7%) بودجه‌ی گشتی هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا، هه‌ر به‌پێی هه‌مان یاسای بودجه‌ی ساڵی (2013)، ژماره‌ی میلاكاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بریتیه له (121) هه‌زار و (841) كه‌س.
به‌گوێره‌ی هه‌مان یاسا، بودجه‌ی ته‌رخان كراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌ساڵی 2013، بریتی بوه له ترلیۆنێك و 333 ملیار و 304 ملیۆن دینار، كه ئه‌وه‌ش ده‌كاته 11.49% بودجه‌ی گشتی هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا، هه‌ر به‌پێی هه‌مان یاسا ژماره‌ی میلاكاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بریتیه له 118 هه‌زار و 642 كه‌سه و به‌م شێوه‌یه دابه‌ش بون:
– هێزه‌كانی (80)ی پارتی 35 هه‌زار كه‌س
– هێزه‌كانی (70) ی یه‌كێتی 20 هه‌زار كه‌س
– هێزی پشتیوانی (1)ی پارتی 5 هه‌زار كه‌س
– هێزی پشتیوانی (2)ی یه‌كێتی 7 هه‌زار كه‌س
– زێره‌ڤانی پارتی 44 هه‌زار كه‌س
– به‌رگری و فریاكه‌وتنی یه‌كێتی 22 هه‌زار كه‌س
– لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه 40 هه‌زار كه‌س
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌شێك له‌م هێزانه به‌تایبه‌ت هێزه‌كانی (70 و 80) فه‌وج و هێزیان لێ جیاكراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌شخاس و به‌رپرسه‌كانی به‌شێك له هێز و حیزبه سیاسییه‌كان.
هاوكات به‌پێی هه‌مان یاسای ساڵی 2013، بودجه‌ی ته‌رخان كراوی ده‌زگای ئاساییشی هه‌رێم بریتی بوه له 487 ملیار و 443 ملیۆن دینار، كه ئه‌وه‌ش ده‌كاته 4.2% بودجه‌ی گشتی هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا، هه‌ر به‌پێی هه‌مان یاسا ژماره‌ی میلاكاتی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم بریتیه له 31 هه‌زار و 421 كه‌س. بودجه‌ی ته‌رخانكراوی ئه‌نجومه‌ی ئاسایشی هه‌رێمیش بریتی بوه له 344 ملیار و 630 ملیۆن دینار، كه ئه‌وه‌ش ده‌كاته 2.97% بودجه‌ی گشتی هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا، هه‌ر به‌پێی هه‌مان یاسا ژماره‌ی میلاكاتی ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی هه‌رێم بریتیه له 6 هه‌زار و 476 كه‌س.
هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی داعشدا، هاوكاری ماددی مه‌عنه‌وی زۆری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كراوه، ئه‌وه جگه له 2 لیوای هاوبه‌ش كه به هاو كاری هاوپه‌یمانان بونیادنراون، كۆی هێزه چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم دابه‌شبون به‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتیدا، ته‌نها له‌و دو لیوایه‌دا ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاری دا به بڕی 415 ملیۆن دۆلار هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بكات، له‌و بڕه‌ش 225 ملیۆن دۆلاری ته‌رخان كرد بۆ مه‌شقپێكردنی ئه‌و 2 لیوایه، له‌سه‌ر و ئه‌وه‌شه‌وه بڕی 65 ملیۆن دۆلاری هاوكاری هاوپه‌یمانیان وه‌رگرت بۆ هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پڕ چه‌ككردنی ئه‌و 2 لیوا هاوبه‌شه، ئه‌مریكا بڕیاری داب‌و له‌ماوه‌ی ساڵانی (2016-2018) ناوبه‌ناو هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه بكات به بڕی 200 ملیۆن دۆلار.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه له‌به‌رده‌ستدان، هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌م جۆره دابه‌ش بون به‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتیدا:
– وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دابه‌شبوه به‌سه‌ر (هێزه‌كانی 70 و هێزی پشتیوانی 2)ی یه‌كێتی و (هێزه‌كانی 80 و هێزی پشتیوانی 1 )ی پارتی.
– وه‌زاره‌تی ناوخۆ دابه‌شبوه به‌سه‌ر (به‌رگری و فریاكه‌وتن)ی یه‌كێتی و (زێره‌ڤانی)ی پارتی.
– ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دابه‌شبوه به‌سه‌ر (ئاسایش و دژه تیرۆر)ی یه‌كێتی و (ئاسایش و دژه تیرۆر)ی پارتی.
– سامانه سروشتییه‌كان دابه‌شبوه به‌سه‌ر (لیوای نه‌وت و گاز)ی یه‌كێتی و (لیوای نه‌وت و گاز)ی پارتی.
– هێزه تایبه‌ته‌كان دابه‌شبوه به‌سه‌ر (لیوای سكرتارییه‌ت)ی یه‌كێتی و (لیوای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم)ی پارتی.
لێره‌دا پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئێستا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه ئه‌م هێزه حیزبیانه له سوپایه‌كی نیشتیمانیدا ڕێكبخرێنه‌وه؟، به تایبه‌ت له دوای ئه‌و هاوكارییه زۆره‌ی پێشكه‌ش به هێزی پێشمه‌رگه كراوه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه، كه‌چی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا توشی كاره‌سات و شكست و سه‌ره‌نجام به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركوك و سه‌جه‌م ناوچه جێناكۆكه‌كانی لێكه‌وته‌وه.
بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان ببێته خاوه‌ن هێزێكی نیشتیمانی خاوه‌ن عه‌قیده و بیر‌و باوه‌ڕێكی سه‌ربازی پته‌و له‌بری ئینتیما بۆ حیزب و تاكه‌كه‌س و لایه‌نی دیاریكراو ببێته به‌رگریكاری خه‌ڵك و خاك و نیشتیمان بێ جیاوازی.
سه‌رچاوه‌كان:
– یاسای بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2013
– پڕۆژه یاسا بۆ ڕێكخستنی هێزه چه‌كداره‌كان (بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه).
– به‌رنامه‌ی شیكاری ڕۆژنامه‌نوس (محمد ره‌وف) سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌نێوان دروشم و پراكتیكدا.