چی رویدا؟

کامەران سوبحان

* ئەوەی (16)ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک رویدا بە تەنها شکستی سەربازیی نەبو، هەروەک هەندێ ئاماژەی بۆ دەکەن! بەڵکو شکستێکی ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی بو، کە رەنگە تا دەیان ساڵی تر، ئاسەوارەکانی لەناو قوڵایی مێژوی کورد و رۆحی کەسایەتی هەریەکەماندا بمێنێتەوە.

 

* ئەو شکۆ و جوامێرییەی کوردو پێشمەرگە، لە شەڕی داعش بەدەستیهێنا، بە شکستەکەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، هەندێ سیاسی دۆگما و فاشیل لەدەستیانداو وێنەی پێشمەرگەو کورد لەبەرچاوی دونیا شکا.

 

* (14) ساڵە وەک مافیا، خەریکی بەتاڵانبردنی نەوتی کەرکوکن، جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێم و کەڵەکەبونی قەرزێکی زۆر لەسەر هاوڵاتی، کە دەبێ چەند نەوەیەک دوای ئێمە باجی ئەو قەرزەی ئەوان بدات، چی بەرهەمێکی هەبو؟!

 

* لە (4) ساڵی رابردودا، ئەم نوخبە سیاسییە فاشیلە، باسی دو چەمکییان کرد، کە ئەویش (ئابوری سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی) بو، لەهەردوکیاندا فەشەلی گەورەیان هێنا. لەسەر ئەم شکستە دەبێت دادگایی بکرێن.

 

* پێش ریفراندۆم، بەدەر لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، دەیان نوسەر و روناکبیر و رۆژنامەنوسی کورد، هاواریی ئەوەیان دەکرد، کاتی ریفراندۆم نییە، ئەم پرۆسەیە ئاگر لە خەرمانی دەستکەوتەکانمان بەردەدا، نەک هەر گوێ لەم نوخبەیە نەگیرا، بەڵکو تەخوینکران و هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتیان درا. بەئاستێ داوای ئەوە دەکرا، دوای دروستبونی دەوڵەتی کوردی، دەبێ دادگایی ئەو قەڵەم و دەنگە رەخنەگرانە بکرێت، کە دژ بە ریفراندۆم بون  و وەک خۆفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.!

 

* بارزانی کەسی یەکەم و کۆتای ریفراندۆم بو، بەجۆرێک ئەمەریکاو ئەوروپا و دراوسێکان بۆ دواخستنی پرۆسەکە، رویان لەوبو. بەڵام کۆمەڵێ سەرکردە و کارەکتەری سیاسیی تر، وەک پاشکۆ  شوێن بارزانی کەوتبون و خەریکی میکیاژکردنی پرۆسەکە بون. بۆیە دەبێ  بێ بەزەییانە، رەخنە لەو کەسانەش بگیرێت و جارێکی تر دەرفەتی ئەوەیان نەدرێتەوە چارەنوسی میللەتێ بەو دەردەبەرن، کە مەحاڵە بگەڕێتەوە بۆ پێش (٢٥-٩).!

 

* لە (15) ساڵی رابردودا، ملیۆنان دۆلار، دور لە نەرێتی دەوڵەتی، بۆ پشکی دیبلۆماتی کوردیی و لۆبی کردن لە ئەوروپا و ئەمەریکا خەرجکراوە، شکستی (16)ی ئۆکتۆبەر ،دەریخست کورد چەند لەو بوارەدا هەژار و شکست خواردوە.! چونکە پەیوەندییەکە بنەمای ئۆرگانیی نەبوە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تاک و حیزب و گروپێکی دیاریکراو بوە.!

 

* میدیا لەم شکستە گەورەیەدا پشکی گەورەی بەردەکەوێت، بەتایبەت ئەو میدیایانەی ساڵانێکە پارەیەکی بێ ئەندازی بۆ ڕژاوە، بۆ رۆژێکی وا دەبێتە وەیشومە و خەریکی گەوجاندنی ڕای گشتی دەبێ.!

 

* لە (26) ساڵی ڕابردودا، نەتوانرا هێزێکی سەربازیی مۆدێرن و نیشتمانی  دروست بکرێت، هەرێم دانیشتوانەکەی (5) ملیۆنی راستی بێت، (400) هەزار چەکداری هەبێ، دەبێ لەرۆژی روبەڕوبونەوەدا داوا لەهێزی خۆبەخشی هاوڵاتی بکات شارەکەی خۆیان بپارێزن؟

 

* ئەم شکستانە و دەیان شکستی تریی ئەخلاقی و رۆحی تاکی کورد، بەرهەمی ئەو حوکمڕانییە کوردییەیە، کە نابێ ئیتر بیەڵین بەردەوام بێ، دەبێ لەبناغەوە هەڵتەکێتەوەو جارێکی تر، لەسەر بنەمای دەوڵەتداریی و نیشتمانیی بونیاد بنرێتەوە. ئەگەرنا، دەبێ، دوای دەیان شکست و کارەساتی تر، غەمگینانە لەخۆمان بپرسین، ئەرێ چی رویدا؟!

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە