تورکیا: دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رادەستی بەغدا دەکەینەوە

کۆبونەوەی یەڵدرم و عەبادی

(سبەی):

سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: ئیدارەی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل رادەستی حکومەتی بەغدا دەکەینەوە.

دوای کۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، بیناڵی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: لەگەڵ عەبادی رێککەوتون ئیدارەی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل رادەستی بەغدا بکەنەوە، چونکە ئەوە مافی حکومەتی ناوەندییە کە کۆنترۆڵی خاڵە سنورییەکان بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.

جەختی کردەوە؛ کە کێشەکان دوای ریفراندۆمە هەڵەکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم رویانداوە، کە هەنگاوێکی ناشەرعی بوە، لەگەڵئەوەشدا نایانەوێت خەڵک باجی ریفراندۆم بدات.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند: پەیوەندییە بارزگانی و پیشەسازیی و ئابورییەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق پەرەپێدەدەن، پشتیوانی حکومەتی وڵاتەکەی لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دوپاتکردەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی لەسەرتاسەری وڵاتدا کە ئامانجی ئەوان یەکپارچەیی خاکی عێراقە.

بیناڵی یەڵدرم رایگەیاند: هاوکاریی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ هەناردەکردنی نەوت لەدەرەوەی هەرێم و کردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتەکەی موسڵ بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، کەبەهۆی شەڕی داعشەوە پەکیکەوتوە.

لەبەرامبەردا، سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی تورکیای بۆ یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی بە گرنگزانی و جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.

حەیدەر عەبادی رایگەیاند: ئامانجی سەردانەکەی بۆ تورکیا پەرەپێدان و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ ئەو وڵاتە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە حەیدەر عەبادی، پێش ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی داخراو لەگەڵ بیناڵی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، مەراسیمێکی پێشوازی فەرمی لە کۆشکی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا بۆ رێکخراوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە