(سبەی):
سوپاسالاری عێراق بۆ ماوه‌ی دو سەعات له ئیبراهیم خه‌لیل ده‌مێنێته‌وه، ئەگەریش زۆره ده‌روازه‌كه له‌لایه‌ن هێزێكی عێراقه‌وه كۆنترۆڵ بكرێت.
په‌یامنێری (تۆڕی میدیای گۆڕان) له ئیبراهیم خه‌لیل رایگه‌یاند؛ پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ سوپاسالاری عێراق بۆ ماوه‌ی دو سەعات له ده‌روازه‌كه ماوه‌ته‌وه و دواتر چوه بۆ توركیا.
ئاژانسی رۆیته‌رزیش له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی توركیاوه ئاشكرایكردوه هێزێكی عێراق كۆنترۆڵی ده‌روازه‌كه ده‌كات.
ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركیش بڵاویكرده‌وه، جوڵه‌ی هێزه عێراقی و توركیه‌كه بۆ ئیبراهیم خه‌لیل له چوارچێوه‌ی مانۆڕه هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردو وڵات‌دا بوه كه له (18)ی ئه‌یلوله‌وه ده‌ستیپێكردوه.
هاوکات به‌رپرسی ئاسایشی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و فیشخابور به (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند؛ هه‌ردو ده‌روازه‌كه له ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دان.
وتیشی: ئه‌مرۆ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سوپای عێراق به هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه سه‌ردانی ده‌روازه‌كه‌یان كردوه‌و چونه‌ته سه‌ربازگه‌ی سلۆپی.
ئیبراهیم خه‌لیل تاكه ده‌روازه‌ی سنوری نێوان عێراق و توركیایه و له توركیا پێیده‌وترێت خابور.