روداوەکانی پەرلەمانی کوردستان

د. شۆڕش حاجی

د. شۆڕش حاجی

ئەو روداوانەی دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستان رویاندا جارێکی تر گەلەکەمانی لەبەردەم دۆست‌و دوژمن‌و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناشیرینترو ئەزمونەکەمانی لەکەدارتر کرد.

 

گەلەکەمان، لەسەر دەستی بڕیاربەدەستانی ئەم هەرێمەو بەهۆی هەڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم هەلومەرجە نەگونجاوەداو گوێنەگرتن لە دۆست‌و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان‌و حسابنەکردن بۆ هەمو ئەگەرەکان، توشی شکستێکی یەکجار گەورە بو. کەرکوک‌و لە نیوە زیاتری خاکی کوردستانی باشور لەدەستچو شکۆی پێشمەرگە شکا. گەلەکەمان زیاتر دابەشبو دوژمنانی دۆزی کورد لە دژی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان یەکیانگرت.

 

ئا لەم کاتەدا چاوەڕێی ئەوە دەکرا کاک مەسعودو کاک نێچیرڤان، وەک دو گەورەترین دەسەڵاتدارو بڕیاربەدەستی ئەم هەرێمە، بهاتنایە پەرلەمانی کوردستان‌و دانیان بە هەڵەکانیان بنایەو داوای لێبوردنیان لە خەڵکی کوردستان بکردباو دەستیان لە کاربکێشایەتەوە. بەڵام ئەوەی کرا بە منەت بەسەر خەڵکی کوردستاندا ئەوەندە بو کاک مەسعود رازی نەبوە جارێکی تر بە نایاسایی چوار ساڵی تر پۆستەکەی بۆ درێژبکرێتەوە.

 

بەداخەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرسیان لە مێژوی دوێنێمان وەرنەگرتوەو بە شێوەیەکی نایاسایی‌و دور لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان یاسایەکیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند، کە لە بەرژەوەندی حیزب‌و بنەماڵەدایە نەک هاوڵاتیانی کوردستان. لەوەش قێزەونتر رێگەدان بو بە هاتنە ژورەوەی چەند کەسێکی حیزبی بۆ ناو حەرەمی پەرلەمان‌و بە بەر چاوی میدیاکانەوە پەلاماری پەرلەمانتارێک‌و دواتر پەیامنێرو میدیاکارەکانیان داو هەڕەشەیان لە پەرلەمانتاران دەکرد.

 

وەک خەسڵەتی پارتیش، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیش بەڵتەچیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەیان لە بارەگاکانی گۆڕان‌و کۆمەڵ کردو مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان‌و کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان لە شاری زاخۆ سوتاند. پارتی دیموکراتی کوردستان هێندە شپرزەیەو ئەوەندە لەروی سایکۆلۆژیەوە تێکشکاوە کە لۆجیکی لەدەستداوە. هەر بۆیە بە فەرمی داوای لێبوردنی لە یەکێتی کردو بە باسنەکردنی سوتاندنی مەکۆی گۆڕان شەرعیەتی دا بەو کارە چەپەڵەی ئاژاوەگێڕەکان.

 

دەبێ بزانرێ کە ئەوە دان بەخۆداگرتن‌و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی سەرکردایەتی‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕانە کە رێگە نادەین ئەو کەلتورە قێزەونەی کە پارتی لە سوتاندنی بارەگاو ئاگرخۆشکردنی شەڕی ناوخۆ دایهێناوە، تەشەنە بکا‌و ئەوەندە دەسکەوتەی گەلەکەمان ماویەتی بەدەستی خۆمان لە ناوی بەرین. بەڵام دەبێ بوترێ هەر روداوێکی نەخوازراوی تر کە یەکڕیزی گەلەکەمان لە کوردستان زیاتر تێکبدا لە ئەستۆی پارتی‌ دیموکراتی کوردستاندایە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە