گورگەکان بلوزیان تێکشکاند

(سبەى):

کێبڕکێکانى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بەردەوامە و لە گرنگترین روبەڕوبونەوەدا رۆما بە ئەنجامێکى گەورە و بە سێ گۆڵى بێوەڵام چێڵسى توشى شکستێکى گەورە کرد.

هەرچەندە یاریزانانى بلوز بە ئامانجى تۆڵەکردنەوەى یەکسانبونى یارى چون رویان کردە پایتەختى ئیتاڵیا، بەڵام گورگەکان دەستپێشەرییان کرد و لە یەکەم خولەکى دەستپێکردنى یاریەکەدا شەعراوى گۆڵى یانەى میوانى هەژاند و دواى (35) خولەکى دیکە گۆڵى دوەمى خۆى و یانەکەى کرد، لە تایمى دوەم و خولەکى (63)شدا پیرۆتى گۆڵلى سێیەم و کۆتایى تۆمار کرد و سەرجەم هەوڵەکانى یاریزانانى چێڵسى بۆ کەمکردنەوەى ئەنجامەکە بێسود بو.

بەوەش گورگەکان باڵادەستى خۆیان بەرامبەر یانە ئینگلیزیەکان درێژە پێدا و سێ خاڵى گرنگیان لە پاڵەوانى وەرزى راپردوى ئینگلتەرا وەرگرت.

لە لایەکى دیکەوە پاریس سان جێرمانى فەڕەنسى درێژەى بە سەرکەوتنەکانى دا و توانى بە ئەنجامێکى گەورە و بە پێنج گۆڵى بێوەڵام لە ئەندەرلەختى میوانى بباتەوە، بەڵام بەرشەلۆنە لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئۆڵۆمپیاکۆس یەکسانبو.

هەروەک مانچستەر یونایتد لە یاریگاى خۆیدا بە دو گۆڵى بێ بەرامبەر لە بەنفیکاى بردەوە و بایرن یونخیش لەدەرەوەى یاریگاى خۆى بە دو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سەلتیکى بردەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە