ئیتر بەسە بامێژومان لەوە رەشتر نەبێت

سیروان حمە ڕەشید

دەسەڵاتی ستەمکاریی لەهەرشوێنێک و کومەڵگەیەک بێت، سەر بە جیهانی هەر نەتەوە و نیشتیمانێک بێت، بێ شک سیاسەتی مەرگدۆستی و وێرانکاریی و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگەی پەیڕەوکردوە، ئەم دەسەڵاتەی هەرێم زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە لەکوردستاندا حکومڕانە، بەڵام بابزانین چ جۆرە حکومڕانیەک بو؟

لێرەدا جێی خۆیەتی بەپێودانگی، و دروست لێکۆڵینەوە لە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێم بکرێت، تا دەرئەنجامی شکستخواردوەکەی ئەمڕۆی هەرێم زۆر بەڕون و راشکاوی بۆ بخاتەڕو. تاوەکو باشتر لەوە تێبگەین گروپی دەسەڵاتدار دورە لەهەمو بەها و مۆڕاڵێکی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ کایەکانی بەڕێوەبردن و پرۆسەی سیاسەتدا کردوە، بەردەوام ئەم دەسەڵاتە کارگەی وەبەرهێنانی چەند دەستەی جیاجیا لە مافیا و گەندەخۆر و بەربەر و فاشزم وسەرکوتکەر بوە، بە جۆرێک هیچ مانایەک بۆ ژیانی سیاسەتکردن و بەهای نیشتیمانی و ئینتیمای هاوڵاتی بونی خەڵکی کوردستان نەهێشتۆتەوە، سەرئەنجام ئەم چێشنە لەدەسەڵاتدارییەتی بەردەوام کەسایەتی و کەرامەتی تاکی کوردی تێکشکاندوە و بێ ئیرادەی کردوە.

 

لەو روانگەیەوە دەکرێت بڵێین لەسایەی فاشلیەتی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە، بوە هۆکاری سەرەکی لەدەستدانی نیوەی زیاتری خاکی ئازاد کراومان و لاوازبونی پێگەی هەرێم لەهاوکێشەی ناوخۆی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، بەشێوەیەک هاوڵاتیی هەست بە ئەوپەڕی بێ کەرامەتی و شەرمەزاری بکات و رەشبینی و نائومێدی تا قوڵایی هەناوی رۆچوبێت سەڕەڕای ئەوەی دۆزی کوردی بۆ دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە، بەڕادەیەک وا شکستی کەمەرشکێنی بەرکەوت، کە لەمێژوی کورددا وەک ریسوایەکی گەورە لەنێوچاوانی پارتی و یەکێتی بنوسرێتەوە، بەڵام تاکە کارێک لەم شکستەدا بەقازانجی خەڵک گەڕایەوە، شکاندن و بچوککردنەوەی غروری و لوتبەرزی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی فاشی هەرێم بو. ئیدی بۆ لەمەودوا گرنگترین ئەرکی سەرشانی لایەن و گروپەکانی دەرەوەی دو هێزە دۆڕاوەکە ئەوەیە: بەنەخشەیەکی نوێ و عەقڵیەتی جیاوازتر کاری سیاسی و حکومداری بکەن و دەرەفەت بەو دو لایەنە فاشل و دۆڕاوە نەدات قومار بە چارەنوسی گەلی کورد بکەن.

 

دیارە ئەوەش پێویستی بەکردەی ئەکتیڤی هێزەسیاسیەکان هەیە ئەو بەرپرسیاریەتییە لەئەستۆ بگرن بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخەکە و بەرژەوەندی باڵای هەرێم.

 

بێگومان تەنها بە گۆڕینی پێکهاتەی سیاسی و سیستەمی حکومڕانی ریشەی دەبێت و بەجۆریک لەئاست شایستەی داخوازییەکانی میللەت و بەدیمۆکراتیزەکردنی پایەکانی ژیانی سیاسی و حکومڕانی بێت، تاچیدی لەسایەی گەمژی و کاڵفامی ئێوەی بەزیو مێژوی کورد لەوە رەشترو قێزەونتر نەبێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە