دان و ستان

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

دانوستاند پرۆسەیەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەگەلێک لەنێوان دو وڵات، هەرێم، پارتی سیاسی و …. هتد .

 

لە پرۆسەکەدا وەک لەناوەکەی خۆیەوە هاتوە لەپێناو گەیشتن بەچارەسەر دەبێت دەستبەردارو سازش لەهەندێ داواو خواستی خۆت بکەیت کەبەمە دەوترێت دان لەنێو پڕۆسەکەدا ، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوت وئامانج کەبەمەش دوترێت ستاندن. بەبڕوای من گەر بەرپرسان و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەیەک تیم و یەکگرتویی نەچنە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا، ئەوا نەک ناتوانرێت هیچ لەناوەند بسەنرێت بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام دەبێت لە پێدانی زیاتر لەپڕۆسەی دانوستاند.

 

بۆیە پرۆسەکە جگە لەوەی پێویستی بەیەکڕیزی و یەکگرتویی نێو ماڵی کوردو رۆڵبینینی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم هەیە، پێویستیشە جگەلەو دەم وچاوە سواو و چەند بارەبوەوانە کە پێشر دانوستانیان کردوە خەڵکانی نوێ و دەرەوەی پارتەکان و پسپۆڕی بوارەکانی دەستوری و دارایی و کارگێڕی و…….هتد  بەشدارییان پێبکرێت.

 

چونکە لەساڵانی رابردودا هۆکارێکی گەورەی سەرنەکەوتنی ئەو وەفدی دانوستانانەی کە هیچیان بۆ نەسەندوین لەپرۆسەکەدا بەڵکو بەپێچەوانەوە هەر لێیان سەنراوە هۆکارەکەی ئەوەبوە کە کەسانی شارەزاو پسپۆڕ لەنێو پڕۆسەکەدا نەبون یان زۆر کەم بوە ئەمەجگە لەوەی لەلایەن دو پارتی دەسەڵاتدارەوە بەبێ خواستی خۆمان و کۆدەنگی گشتی وەفدو لیژنەی دانوستانکارییان پێکهێناوە کە هێندەی لەخەمی دەستکەوتی حیزبی و کەسیدا بون، نیو هێندە لەخەمی گشتی خاک و خەڵکی کوردستاندا نەبون.

 

ئەم پارتە سیاسیانە ماوەی (12)ساڵیشە کە دەنگدراوە بەدەستوری عێراق و لەکاتی خۆیشیدا لەپارتە عەرەبیە عێراقیەکان زیاترخەڵکیان هاندەدا بۆ دەنگدان پێی، کەچی هێندەی وێڵی بەدەسهێنانی سێ (پ) کەدا بون کە بریتین لە پۆست و پایەو پارە، چارەکە هێندی ئەوە بەدوای جێبەجێکردن و جێگیرکردنی مافەدەستورییەکانی کە لەنێو دەستوری عێراقدا هاتوە بونایە ئێستا نەدەکەوتینە ئەو هەلەکە سەمایەوە کە نازانرێت بەرەو چ ئاقارێکمان دەبات و چ ئایندەیەک چاوەڕێمان دەکات.

 

بەهیوای بەدەستهێنانی مافە دەستوری و یاساییەکانی و خەڵک و خاکی کوردستان و کۆدەنگی لەپێناو بەدیهێنانیاندا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە