پەندەکانی ریفراندۆم و (16)ی ئۆکتۆبەر

د.هەژار مەعروف

بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم مەسعود بارزانی گرێ دەرونییەکان و هەست و سۆزە هەڵچو و توڕە و ترسەکانی سەپاند بەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەی مەنتیقی و هاوسەنگ و ئارام، لە دژی راوبۆچونی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێکی زۆری یەکێتیی نیشتمانی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەروەها لە دژی هەمو دنیای دەرەوەی خۆمان بە دۆست و دوژمنەوە وەک منداڵێک وڕک لە یاریەک بگرێ بۆی بکڕن ئاوا مەسعود بارازانی لە دەرونێکی نادروست و شێواوەوە ریفراندۆمی سەپاند بەسەر گەلەکەماندا.

 

  1. ئەزمونەکانی خۆمان و هەمو دنیا: هێتلەر، ستالین، سەدام، قەزافی…. بەردەوام سەلماندویانە کە ئیتر خەوش و تاوانە شوێنی هیچ سەرکردە و رابەرێکی خۆسەپێن و تاکڕەو و دیکتاتۆر بکەوین، ئیتر لای ئێمەش سەردەمی سەرۆک و رابەری هەمیشەیی و کاریزمای بەهێز و کلیلی هەمو قفڵەکان کۆتاییهات. بەختەوەرترین گەلانی دنیا ئەوانەن سەرۆکی کاریزماییان نیە، کێ ناوی سەرۆکەکانی سوید و سویسرا و کەنەدا و …دەزانێ؟

 

  1. نەک هەر لەم سەردەمی زانست و زانینەدا کە بەرهەمەکانی وەک ئینتەرنێت و مۆبایل گەیشتونەتە دورترین کوێرەدێی ئەم کوردستانە، هەروەها لە رابوردوی تاریکی مێژوی گەلەکەماندا سەلماوە کە کورد بە شێوازی حوکمی بنەماڵەیی و خێڵەکی نەک هەر رزگاری نابێت بەڵکو بەرەو کۆلایەتی دەچێت.

میرنشینە کوردییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست هیچ شوێنەوارێکیان ما؟ چییان کرد بە چی؟ کەواتە سەرسوڕهێنەر و خەوشێکی گەورە و تاوانە لەمەبەدوا هیچ تاکێکی تەنانەت نەخوێندەواری کورد ئیتر هیچ ئومێدێکی بە هیچ بنەماڵەیەکی ئێستاو هیچ  بنەماڵەیەکی هێشتا لە هێلکە نەتروکاوی ئایندە هەبێت لە کوردوستانا کە لە ژێر رابەرایەتی کردنیدا گەلەکەمان بگات بە ئامانجەکانی لە سەربەخۆیی و رزگاری و ئازادی. پێویستمان بە هیچ دەسگایەکی کۆکردنەوەی زانیاری  نیە تا تێبگەین لەوەی چۆن هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەناوی خۆیاندا لە سەر دەسەڵات و پارە داوەشاون و چۆن سەدان ئێرەیی بردن بەیەکتری و ناکۆکی و ناحەزی و جیاوازی و ڕق و کینە و دوژمنایەتیی سڕ و خەوتو و  ئاشکرا و نهێنی لە ناوەوەڕا لەت و پەتی کردون.

 

  1. سیستمی حیزبی دیموکرات و نوێخواز و نائاینی بە سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ و بەردەوام لە گۆڕاندا لەڕێی هەڵبژاردنی کراوەو ئازادەوە، ئینجا لەسەر بناغەی ئەم سیستمی حیزبایەتیە سیستمی حوکمی پەرلەمانی دادەنرێت کە ئەو شێوازەیە لە حوکم لەسەرتاسەری دنیادا و بە درێژایی مێژو جێی خۆی کردۆتەوە و بێ جێگرەوە (بەدیل) ماوەتەوە. دەبێت لە هەرێمی کوردستان ئەم شێوازە لە حیزبایەتی و دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات پەیڕەوبکەین.

 

  1. هۆی بنەڕەتیی شکست و ئاشبەتاڵی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نادڵسۆزی و خۆپەرستی هەروەها نەزانی و ناشارەزایی سەرکردەکانیان و دەوروبەرە گەندەڵ و نەزانەکانیان بو، دۆڕاندنی ‌حکومەتی هەرێم لە دادگای لەندەن بەرامبەر کۆمپانیای دانا غاز باشترین نمونەیە. کەواتە بێ زانین و شارەزایی دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان بەتەنیا بەس نین، هەروەها بێ دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان زانین و شارەزاییش بەتەنیا بەس نین بۆ حوکمێکی سەرکەوتو. مایەپوچیی دارایی و قەرزاریی حکومەتی هەرێم دەریانخست کە بە تایبەتی لێپرسراوە راستەوخۆکانی فایلی نەوت و غاز هەم نەزان و نەشارەزا هەم خۆپەرست و گەندەڵ و بێویژدانیش بون.

 

  1. دڵسۆزترین و راستگۆترین و هەرزانترین راوێژکاری سەرکردەکان کۆمەڵانی خەڵکە نەک لۆبی و راوێژکاری بێیانی کە ملیۆنەها دۆلاریان تیا خەرجکراو دەرکەوت راوێژەکەیان بۆ ریفراندۆم هەڵەیەکی کوشندەبو. لەوەڵامی داوایەکی حکومەت لە کوێخای دێیەکی بناری شاخی زەردەی قەرەداخ کوێخاکە دەڵێت: قوربان با بچمەوە پرس و راوێژێک بە زەردە بکەم ئینجا وەڵامی کۆتاییت دەدەمەوە!

 

  1. لە هەر چوار دەوڵەتی تورکیاو ئێران و سوریا و عێراق، هێشتا دەرفەت و شانسمان بۆ چارەسەرێکی رەوا و بێخوێنڕێژی لەگەڵ عێراق لە سیانەکەی تر باشترە، با هەرچی زوترە لەگەڵ عێراق رێبکەوین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە