بارزانی‌ و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌كانی‌

شه‌یما حسێن

پاش ئه‌و هه‌مو ئاگادارییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیانه‌ی‌ درا، له‌ ئاستی‌ ناوخۆدا چه‌ندین هێز ئاگایی‌ ئه‌وه‌یان دا كه‌ بونیادی‌ حوكمڕانی‌ ئێمه‌ بونیادێكی‌ كامڵ نییه‌ چ له‌ڕوی‌ (ئابوری‌ –سیاسی‌ – سه‌ربازی‌- كارگێڕیی‌) هێشتا بونیادێكی‌ ته‌واوی‌ نییه‌و به‌رگه‌ی‌ هیچ جۆره‌ گوشارێك ناگرێت كه‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌رمان، له‌ ئاستی‌ ده‌ره‌كیش جگه‌ له‌ ئاگایی‌ وڵاتانی جیهانی‌ و هه‌رێمی‌ و بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش كه‌ سه‌رجه‌میان دژی‌ هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌ بون، بەڵام گوێ‌ به‌هیچ له‌وانه‌ نه‌دراوه‌ و ریفراندۆم به‌ بڕیاری‌ تاكلایه‌نه‌ی‌ بارزانی‌ و دروست كردنی‌ قه‌ره‌باڵغیه‌ك له‌ده‌وری‌ خۆی‌ درا.

 

هه‌مو ئه‌و ئاگاییانه‌ش كه ‌درا و پێشبینی‌ ده‌كرا رویدا و بارزانیش نه‌یتوانی‌ حیكایه‌تی‌ سه‌ركه‌وتن به‌كه‌س بفرۆشێته‌وه‌، خۆ گومانی‌ تێدانییه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بوایه‌ ئه‌وه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ و نه‌وه‌كانیشمان ده‌بو گوێی‌ له‌م حیكایه‌ته‌ بگرتایه‌، بەڵام له‌ شكستی‌ ئه‌م ریفراندۆمه‌دا كه‌ هه‌مو ئه‌و توانایه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بۆ به‌رگری‌ و لانیكه‌می‌ خۆژێنی‌ و  خه‌یاڵیه‌تی‌ بونی‌ هێزێكی‌ به‌رگری‌ كه‌ توانای‌ پاراستنمانی‌ هه‌یه‌ به‌فیڕۆداو كوردی‌ به‌چه‌ندین هه‌نگاو برده‌وه‌ دواوه‌ كه‌ زه‌مانێكی‌ ده‌وێت تا بگەینه‌وه‌ ئه‌و خاڵه‌ی‌ كه‌ شكستمان تێیدا خوارد. له‌ڕاستیدا شكسته‌كه‌ شكستی‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیەیه‌ كه‌ بارزانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و ئاڕاسته‌یان ده‌كات، بەڵام ئه‌م هێزه‌ تا ئه‌م ساته‌ش بوێری‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ دان به‌و شكسته‌دا بنێت و ئیتر لێره‌دا كۆتایی‌ به‌كاری‌ سیاسی‌ خۆیان بێنن و به‌ خه‌ڵك بڵێن ئیتر ئه‌وه‌ توانای‌ بیر و كرداری‌ ئێمه‌یه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ ئێمه‌ هیچ رۆڵێكمان نابێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م شكسته‌ خه‌ریكه‌ بێ‌ خاوه‌ن ده‌مێنێته‌وه‌ و كاره‌كته‌ره‌كانی‌ ئه‌م شكسته‌ ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ و هێشتا به‌ جۆرێك ده‌دوێن كه‌ ئه‌وان قوربانین و قوربانی‌ گه‌وره‌یان داوه‌.

 

له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوی‌ دوای‌ روداوه‌كانی‌ (16)ی‌ ئۆكتۆبه‌ر بارزانیمان بینی‌ كه‌ جگه‌ له‌ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی‌ كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ جه‌سته‌یدا بۆت رون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ شێوه‌ی‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ شكستخواردوی‌ هه‌یه‌ بەڵام ئه‌و هه‌ر پێیوایه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ بڕیارێكی‌ دروست بوه‌ و له‌ناوخۆدا و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ چه‌كدراه‌ی‌ كه‌ ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ به‌ شه‌رعی‌ و ناشه‌رعی‌ سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كات خیانه‌تی‌ لێكراوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ بارزانی‌ ته‌واویش بێت هێشتا هه‌ر بارزانی‌ تاوانباره‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌ نیشتیمانی‌ بكات، به‌ڵكو له‌ سایه‌ی‌ حوكمڕانییه‌كه‌یدا جگه‌ له‌ هێزی‌ حیزبی‌ هێزی‌ كه‌سیش دروست بوه‌ كه‌ فه‌رمان وه‌رگرتنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌نزومه‌ی‌ سه‌ربازییه‌.

 

بارزانی‌ له‌ده‌ركه‌وتنه‌كانیدا بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ بزانێت رو له‌ ئه‌مەریكا ده‌كات و هۆشداریان ئه‌داتێ‌ كه ‌”به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكادا ده‌چێته‌وه‌ و ستایشی‌ رۆڵی‌ روسیا ده‌كات و جاڕی‌ بونی‌ هێزی‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌دات و به‌ڵێنیشیان ده‌داتێ‌ كه‌ ئه‌وان به‌رهه‌ڵستی‌ ناكه‌ن”.  جارێ ده‌بێت هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ نەیاری‌ بارزانی‌ بپرسن ده‌بێت بارزانی‌ كه‌ وازی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ هێناوه‌ كه‌ دو ساڵ زیاتره‌ به‌ نایاسایی‌ موماره‌سه‌ی‌ ده‌كات ئێستا چ پێگه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌ناوی‌ كورده‌وه‌ گوزارشت له‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لێك بكات كه‌ هه‌ر خودی‌ خۆی‌ ئه‌وانه‌ی‌ نه‌هامه‌تی‌ بۆ دروست كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عه‌قڵیه‌تی‌ بارزانی‌ بیر له‌ چاره‌سه‌ر كردنیان نه‌كرێته‌وه،‌ ئه‌وه‌ له‌ ده‌ستدانی‌ حوكمڕانیمان له‌م سێ‌ پارێزگایه‌شدا له‌ ئه‌گه‌ری‌ له‌ ناوچونه‌، ئیتر ئێستا كاتی‌ راگرتنی‌ ته‌واوی‌ بارزانییه‌ خۆ ئه‌گه‌ر بارزانی‌ راناگیرێت ئه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ جه‌مسه‌ریه‌ی‌ كه‌ له‌ (لوبنان و سعودیه‌)ه‌وه‌ سه‌ره‌تاكانی‌ ده‌ركه‌وتون ئه‌وه‌ بارزانی‌ به‌ قوڵی‌ په‌لكێشی‌ ده‌كات و ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌وانه‌ی‌ تر توشی‌ نه‌هامه‌تی‌ ده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ ته‌نها بارزانی‌ و داروده‌سته‌كه‌ی‌ بێ‌ زیان لێی‌ ده‌رچن.

 

بۆیه‌ ئێستا ئه‌ركی‌ هێزه‌ سیاسی‌ یه‌كان پێویستی‌ به‌ بەكرداری‌ كردن هه‌یه‌ له‌ پێناو پاراستنی‌ لانیكه‌می‌ ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ كه‌مه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ شكۆی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، وازهێنانه‌ سه‌خته‌كه‌ی‌ بارزانیش بكه‌نه‌ راستییه‌ك كه‌ چی‌ تر بارزانی‌ له‌ ژێر سێبه‌ری‌ بارزانی‌ برازادا بڕیاره‌كانی‌ نه‌چه‌سپێنێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە