دوکەڵى ئاگری روبەروبونەوە حەتمیەکە بەدەرکەوت

تەیب عەبدولرەحمان

گۆڕانکارییەکان زۆر خێران بەئەندازەیەک، دەرفەت نادات بە شرۆڤەکاران و چاودێران کە خوێندنەوەى بۆ بکەن و گۆڕان بەسەر هەڵوێست و دۆخەکان دێت .

 

لەدو دیمەنى جیاواز لە بەیروت و دیمەشق روبەروبونەوە حەتمیەکەى مەعسکەری ئێرانى و ئیسرائیل ئەمریکای خێراتر کرد، کە وردە وردە رۆڵی ئێران بەسەر پرۆژەى ئەمەریکى زاڵدەبێ لەرێگای یاریکەرەکانیەوە لە وڵاتانى لوبنان و سوریا و عێراق ویەمەن، کە هەریەک لەم وڵاتانە لەحیساباتى ستراتیژى ئەمەریکا بایەخی خۆی هەیە. هەرچی لوبنان و سوریایە لەبەر دو هۆکاری سەرەکى یەکەمیان هەژمون و باڵادەستى ئەمەریکا دوەمیش ئاسایشی قەوارەی جولەکە (ئیسرائیل)، هەرچی عێراقە بەدەرەجەیەک کۆنتڕۆڵکردنى سەرچاوەى وزەیە کە بەئاراستەى هێزە ئابوریە زەبەلاحەکانى ئاسیا سنوردار بکرێ، وەک چین و هیند و هێزە گەشەسەندوەکانى دیکەو بابەتەکانى دیکە لەعێراق لاوەکین و بەپلە دو دێن. هەرچی یەمەنە گرنگی ستراتیژی دەریایی هەیە کە گەروی عەدەنە و نزیکە لەهاوپەیمانە کلاسیکیەکانى ئەمەریکا کە بریتیە لە وڵاتانى کەنداو لەسەرو هەمویانەوە شانشینى سعودیە.

 

سەبارەت بەدیمەنەکانی بەیروت، دەست لەکارکێشانەوەى سەعدەدین رفیق حەریری بەهۆی دەستوەردانى ئێران لەرێگای حیزبوڵا بەرابەرایەتى حەسەن نەسڕوڵا کە تەواو پایەکانى حوکمڕانى لەو وڵاتە لەق کردوە بەهۆی دەستوەردان و بەکارهێنانى مەواریدی ئەو وڵاتە بۆ جێبەجێکردنى ئەجینداکانى ئێران، کە مەترسیەکی یەکجار گەورە بۆ قەوارەی ئیسرائیل دورست دەکات و لەلایەکی دیکەوە وڵاتانى سونە لەناوچەکە دەهێنێتە سەر خەت بەتایبەت شانشینی سعودیە کە هاوپەیمانى تەقلیدی سوننەکانى لوبنان و بنەماڵەى حەریریە کە بەرلەوەى سیاسی بن گەورە بزنسمان بون و لەسعودیە ژمارەیەکى قورس بون.

 

سەبارەت بەدیمەنى سوریا کە لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بەشار ئەسەد هەمو پێشکەوتنەکانى کوردی لە هەمو بوارەکان یەکسان بەسفر کردەوە، کە لەراستیدا ئەم هەڵوێستە چاوەڕوانکراو بو تەنها پێویستى بەکاتى گونجاو هەبو بۆ ئەو دەربڕینە، هەمولایەک دەزانن ئەمەریکا زیاتر لە سەربازگایەکی هەیە لەرۆژئاوای کوردستان و زیاتر لە پێنج سەد سەرباز و راوێژکاری هەیە لەو ناوچانە.

 

ئێستا پاش قۆناغی داعش جەنگێکی گەورەتر بەڕێوەیە کە بەوەکالەت دەبێت و سوتەمەنى سەرەکی ئەم جەنگە حەتمیە گەلى کورد دەبێت، چەندین وڵات دابەش دەکرێت لەئەنجامیدا.

 

پاش بەهێزبونەوەى بەشار ئەسەد بەهاوکاری ئێران و روسیا، فراوان بونى هەژمونى ئێران لەو وڵاتانە ئەگەری روبەروبونەوەکان خێراتر دەکات و یاریکەری تازە دێتە پێشەوە کە راستەوخۆ بەدارایی و لۆجستى هاوکاری بەرەی ئەمەریکا دەکات کە وڵاتانى کەنداوە، ئەمەریکاش بەچەک و راوێژکار و رەنگە بەفڕۆکەش لە ئاسمانەوە بەشداری بکات.

 

ناشبێ ئەوەمان بیر بچێت، جەنگەکە زۆر درێژ خایەن نابێت، لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە بەرزبونەوەی بەهای رادەبەدەری پترۆل و گاز کە ئەمە گوشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دەکات بەخێرایی حەسمى جەنگەکە بکات، رەنگە ئەم پێشهاتانە ماوەیەک بخایەنێ، بەڵام روبەروبونەوەکە زۆر نزیک دەکاتەوە وەک لەوەى چاوەڕوان دەکرا لەدەیەی داهاتو روبدات، ئێستاش کەس ناتوانێ بەوردی خوێندنەوەى دورست بۆ پێشهاتەکان بکات بەهۆی گۆڕانکاریە خێراکان، بەڵام دەبێت کورد زۆر وردتر مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات، چونکە ئەگەری روبەروبونەوە حەتمیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە