حەریری: لە دو رۆژی داهاتودا دەگەڕێمەوە لوبنان

سەعد حەریری

(سبەی):

لە نوێترین لێدوانیدا سەعد حەریری، رایگەیاند: لە دو رۆژی داهاتودا دەگەڕێتەوە بۆ لوبنان.

سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکیشانەوەی لوبنان، لە پەیچی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە؛ زۆر باشە و لەماوەی دو رۆژی داهاتودا دەگەرێتەوە لوبنان.

حەریری کە چواری ئەم مانگە لە سعودیەوە دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی لوبنان راگەیاند، نوسیویەتی: لەماوەی دو رۆژی داهاتودا دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام خێزانەکەی لە وڵاتی خۆیان (عەرەبستانی سعودیە) دەمێننەوە.

سەعد، کوڕی رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری لوبنان کە لەساڵی (2005) و لە تەقینەوەیەکدا تیرۆرکرا و تائێستا بکەرانی ئاشکرا نەکراون، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی گەڕاندەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لەکاروباری وڵاتەکەی و حیزبوڵای لایەنگری ئێرانی بەهۆکاری تێکدانی دۆخی لوبنان و ناوچەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: کەشی سیاسی و ئەمنی ئێستای لوبنان هاوشێوەی ئەوکاتەیە کە باوکی تێدا تیرۆرکرا و ئاشکرای کرد کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە و دەزگاکانی هەواڵگریی لە مەترسی تیرۆرکردنی ئاگاداریان کردوەتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە