بودجەی پنتاگۆن بۆ ساڵى داهاتو، (700) ملیار دۆلارە

(سبەى):

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بودجەی وەزارەتی بەرگری پێنتاگۆنی بۆ ساڵی دارایی (2018) پەسەندكرد كە (700) ملیار دۆلارە.

رۆژی سێشەممە، لە كۆی (435) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانى ئەمەریکا (356) ئەندام دەنگیان بۆ بودجەكەدا كە ناوی (یاسای سەرپشككردنی بەرگری نیشتمانییە) و (70) ئەندامیش دژایەتی خۆیان بۆ یاساكە راگەیاند.

بەپێى رەشنوسی یاساكە، كە لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بڵاویانكردوەتەوە لەو بودجە نوێیەدا (66) ملیار دۆلار بۆ ئەركەكانی سوپای ئەمەریكا لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان لە نێویشاندا عێراق و سوریا و ئەفغانستان تەرخانكراوە.

هەروەک بودجەكە فراوانكردنی یەكەكانی سوپای ئەمەریكا و وەرگرتنی سەربازی نوێ و زیادكردنی سەربازان بە رێژەی (2.4%)، هاوكات بەشێك لە بودجەكەش تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی (90) فڕۆكەی شەڕكەری جۆری (ئێف 35 و 24) و فڕۆكەی جۆری (ئێف ئەی 18 سۆپەر هۆرنێت).

بودجەی بەرگری ئەمەریكا كە سەرۆكی ئەمریكا پێشنیاری كردبو (668) ملیار دۆلار بێت، بڕی (12.3) ملیار دۆلاریشی بۆ پتەوتركردنی سیستمی بەرگری موشەكی ئەو وڵاتە تەرخانكراوە وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر هەڕەشەیەكی چاوەڕوانكراوی كۆریای باكور.

ئەگەرچی یاسای بودجەی بەرگری (2018)ی ئەمەریكا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكراوە، بەڵام  بۆئەوەی ببێتە یاسا پێویستە ئەنجومەنی پیرانیش پەسەندی بكات و پاشان دۆناڵد ترەمپ ئیمزای بكات، بەدوریش دەزانرێت كە ئەنجومەنی پیران رەتیبكاتەوە چونكە رەشنوسی كۆتایی یاساكە دوای گفتوگۆی لیژنە پسپۆرەكانی هەردو ئەنجومەنەكە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران داڕێژراوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە