(سبەی):
هەڵبژاردەی پیرۆ، سەرکەوت بۆ یارییەکانی مۆندیالی (2018)ی روسیا و پێکهاتەی تەواوەتی هەڵبژارد بەشدارەکانی تەواوکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەڵبژاردەی پیرۆ سەرکەوت بۆ یارییەکانی مۆندیال، ئەوەش دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی نیوزلەندا بە دو گۆڵی بێوەڵام لە چوارچێوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا.
لەیاری رۆیشتندا، هەردو هەڵبژاردە بەبێ گۆڵ یەکسان بون، لە یاری گەڕانەوەشدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەچو، یانەی پیرۆ بەتۆمارکردنی دو گۆڵ لە خولەکەکانی (28،64)، بلیتی بەشداریی کردنی لە یارییەکانی مۆندیالی (2018) روسیا بڕی.
بەو بردنەوەیەش دوای (36) ساڵ، هەڵبژاردەی پیرۆ توانی بگاتە مۆندیال، کە دواجار ساڵی (1982) بەشداریی کردوە.
بەوپێیەش هەڵبژاردە بەشدارەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەشکران بۆ بەشداریی کردن لە یارییەکانی مۆندیال کە بڕیارە رۆژانی (14)ی حوزەیران بۆ (15)ی تەمموزی (2018) لە روسیا بەڕێوەبچێت و بڕیارە رۆژی یەکی کانونی یەکەم تیروپشکی مۆندیال لە روسیا بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردەکان بەسەر کۆمەڵەکاندا دابەش بکرێن.
ئاستی هەڵبژاردەکانیش بەمشێوەیەیە:
ئاستی یەکەم: روسیا، ئەڵمانیا، بەرازیل، پرتوگال، ئەرجەنتین، بەلجیکا، پۆڵەندا و فەرەنسا.
ئاستی دوەم: ئیسپانیا، سویسرا، ئینگلتەرا، کۆڵۆمبیا، مەکسیک، ئۆرۆگوای، کراوتیا، پیرۆ.
ئاستی سێیەم: دانیمارک؛ ئایسلەندا، کۆستاریکا، سوید، تونس، میسر، سەنیگال، ئێران.
ئاستی چوارەم: سربیا، نەیجیریا، ئوسترالیا، ژاپۆن، مەغریب، پەنەما، کۆریای باشور، سعودیە.