میرێکی کوردو ئەمارەتی کاولکاری

عەزیز ئەحمەد

وەک  بینیمان ریفراندۆم لە بنچینەدا ھەڵقولاوی کۆمەڵێک قەیران بو، لە سایەی حوکمڕانی سەقەتی ھەردو حیزبی حوکمڕان لەماوەی (26)ساڵی رابردو ئەم دو حیزبە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لەململانێیەکی ناشەریفانە دا بون، ئەم ململانێیە لەپێناو ملشکانی ئـەویتر وایکردوە  پەیوەندی قوڵ لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی ببەستن تەنھا بۆ ئەوەی یەکیان سەرکەوتو بێت بەسەر ئەوی تر. وەک بینیومانە ئەم پەیوەنییانە وایکردوە داگیرکەران خۆیان بەشداری شەڕی ناوخۆی ـەم دو حیزبە بکەن و یەکیان بدۆڕێ و ئەویتر شانازی بەم سەرکەوتنەی بکات، نمونەی زیندو ٣١ی ئـاب و١٦ی ئـۆکتۆبەر کە پەلکێشی داگیرکەری بۆ سەر خاک و نیشتمان کردوە.

 

ئـەم ململانێ ناشەریفانە کۆمەڵگەی کوردی لە باشوری کوردستان کردۆتە دو لەت، ئەم لەت بونە ئـومێدی کۆمەڵگەی کوردی لاواز کردوە بۆ خۆشەویستی بە خاک و نیشتمان، لەبەرئەوەی ئـەمانە لەماوی رابردو ململانێکانیان خستبوە ناو یەکە ئـیدارییەکانی حکومەت و قوتابخانەکان  ئـەم ململانێ ناشەریفانە زەمینەی بۆ تەخشان و پەخشانی داھاتی ئـەم وڵاتە خۆش کردبو کە کامەیان زیاتر پارە دەبەخشتەوە بە ئـەندام و کادرەکانیان ئـەم ھۆکارەش گورزێکی کوشندە بو لەماوە چارەکە سەدەیەک نەتوانرا گەشەی ئابوری کوردستان بەھێز بکرێ و کۆمەڵگەی کوردی لەسەر قاچی خۆی بوەستێ و تا چاومان لە وڵاتانی دەوروبەرمان نەبێ  پێداویستییەکانمان لەوێوە بۆ بێت، گەر وا نەبوایە ئـەم ئابورییە یەکێک دەبو لە پایە بەھێزەکانی گەیشتن بە دەوڵەت  دەرەنجامی ئەم شێوە لە حوکمڕانییە بەرە بەرە قەیران تەنگی بۆ کۆمەڵگەی کوردی دەھێنا لە بەرامبەر ئەوەدا دەنگی ناڕازی زیاتر گەشەی دەکردو زوڵالتر لە پێشیان دەوەستا. بەڵام ھەردو حیزبی حوکمڕان دەرھەق بە قەیران یەکگرتو تفاق بون لەسەر گەندەڵی و سەرھەڵدانی قەیران پارتی بە گرتنە دەستی جومگە گرنگەکانی حوکمڕانی ھەر لە سەرۆکی ھەرێم بەدنیایەک دەسەڵاتەوە  سەرۆکی حکومەت و کەیسی نەوت و ھێزی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگەو …. ھتد، یەکێتیش وەک پاشکۆ لە دواوەی بو ھەر لە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکان تا دەگاتە درێژ کردنەوەی وادەی سەرۆکی ھەرێم  لە (30)ی حوزەیران.

 

ئەم قەیرانانە رۆژ لەدوای رۆژ تینی بۆ کۆمەڵگە دەھێناو کۆمەڵگەی کوردی خستەژێرباری قەرزی زۆری کۆمپانیا نەوتییەکان، ئـەم ژینگە قەیراناوییەی  ھەردو حیزبی حوکمڕان پاشەکشەیان لەدیموکراسی و دەنگی ناڕازی کردوە  لە ھەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان تاگەیاندیانە تیرۆری دەنگی ئـازادو داخستنی دەرگای پەرلەمان و رەوانە کردنەوەی وەزیرەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی فرسەت بێنن لە دەرکردنی بڕیاری نایاسایی و برسیکردن لەپێناو راست کردنەوەی باری لاری سیستەمی حوکمڕانیان دەستیان خستە ناو گیرفانی بە تاڵی ھاوڵاتیان بە رێگای زیاد کردنی باج و رسومات و دەرکردنی یاسای چارەکە موچە! کە لە دنیا و ھیچ عورفێک رێگە بە چارەکە موچە نادات، بەڵام ئەمانە کردیان لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی خۆیان باج و رسومات شمولی نەدەکرد.

 

ئەم قەیرانانە رۆژ بە رۆژ تەنگی بۆ دەسەڵات دەھێنا چ قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم چ حکومەت، لافاوی قەیران تا گەرویان هاتبو دیسان ئـەم دەسەڵاتە وەک پیشەی ھەمیشەیی ویستی قەیران بە قەیران بەڕێ بکات و گەڕێکی تر بدۆزێتەوە بۆ درێژەدان بەم شێوە حوکمڕانیەیان، بۆیە ئەمجارەیان پەنایان بۆ ریفراندۆم برد، بە ئامانجی لە بیر بردنەوەی برسێتی خەڵک لە چارەکە موچەو بێکاری و بێکارەبایی لە ھاوینی گەرمی رابردو، هەروەها مانەوەی بارزانی لە سەر کورسی سەرۆکی ھەرێم جۆرێک بێ بە شەرعیەتدانی، ئەوەبو لە (7)ی حزەیران بارزانی لەگەڵ حیزبە دوکاندارەکان کۆبوەوە تێیدا بڕیاری ریفراندۆمیاندا.

 

ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی پڕ قەیراناوی گوزەری دەکرد، بۆیە ریفراندۆم لە زۆر روەوە کاتی نەبو ھەر لە نەبونی یەکڕیزی ناوماڵی کورد  و کودەتای ناو پەرلەمان و رەوانە کردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و نەبونی ھێزی یەکگرتوی نیشتمانی، لەڕوی دەرەوە ھیچ زەمینەسازی بۆ نەکرابو، بەڵکو لە سەرەتای بانگەشەی ریفراندۆم ھەڵوێستی وڵاتانی زلھێزو نەتەوە یەکگرتوەکان  رون و دیار بو ھیچیان لەگەڵ ریفراندۆم نەبون، بەڵام دۆزی کورد لە ئەقڵی یەک کەس کۆکرابۆوە گوێشی لەکەس رانەگرت کوردستانی گەڕاندەوە چوارگۆشەی یەکەم.

 

وەک دەزانین لە زۆربەی شۆڕشەکانی کورد لە شکستەکانیان لێکچونی زۆر ھەیە ھەمو شۆڕشگێڕان و نیشتمان پەروەران ئەم راستییە دەزانن، لێرەدا لەم قۆناغە بزوتنەوەی کوردی توشی شکستێکی گەورە بوە لە سەر دەستی پارتی و یەکێتی و جەماعەتی ریفراندۆم. بۆیە ئەرکی خەباتی ئـێستای دڵسۆزانی گەل و میللەتی ستەم دیدەی کورد ئەوەیە لە عێراقدا دەستورێک ھەیە  تێیدا مافەکانی کورد جێی کراوەتەوە بۆیە دەبێ لە قۆناغی ئـێستا رێگە بە پارتی و یەکێتی نەدرێ ئیتر ردێن سپیاتی گەلی کورد بن لەبەر ئـەوەی دەسەڵاتی (26)ساڵی حوکمڕانی لەسەر دەستی ئەمانە توشی  گەورەترین شکست بوە لەشکاندنی شکۆی پێشمەرگەو روخانی ھەیبەتی نەتەوەییمان و نەبونی یەکڕیزی و رادەست ھەمو ناوچە دابڕاوەکان لەشەو و رۆژێکی (16)ی ئۆکتۆبەر دەرکەوت کەرکوک لای ئەمانە نە دڵەو نە قودس بەڵکو بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسی و بنەماڵەییە، ھەربۆیە سەریان شۆڕە لە بەرامبەر بابە گوڕ گوڕ. نابێ ھێزی دۆڕاو و شکستخواردو بچێ دانوستان لەگەڵ ھێزی سەرکەوتو بکات، چونکە ئیرادەی شکاوە بەرامبەرەکەشی پێچەوانەیە. ئەرکی ئێستای ھێزە پێشکەوتوخوازەکان لە قۆناغی ئێستا یەکگوتاری و یەکڕیزی و پێکھێنانی وەفدی دانوستانکاری شارەزا لە دەستورە، کورد پێویستە لەم قۆناغە جوڵەی ھەبێ لەڕوی دبلۆماسی نەوەستێ، پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ خۆی بگێڕێتەوە لە چوارچێوەی دەستور.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە