(سبەی):
له‌گه‌ڵ زیادبونی گرژییه‌كان كورد روبه‌ڕوی هێرشه‌كان ده‌بێته‌وه
قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌نێوان رژێمه سه‌رمایه‌داره‌كان له تاران و ریاز، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێكده‌هێنن. فه‌رمانڕه‌وا سه‌رمایه‌داره‌كان له ئێران ده‌سكه‌وتی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه له شه‌ڕی عێراق و سوریا و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه رێڕه‌وێكی ئارام مسۆگه‌ر بكه‌ن بۆ حیزبوڵای هاوپه‌یمانیان له لوبنان و به‌و هۆیه‌وه بگه‌نه ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
هاوكات رژێمی پاشایه‌تی سعودیه هه‌وڵده‌دات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاران له رێی گرتنه‌به‌ری چه‌ندین هه‌نگاو بۆ دامركاندنه‌وه‌و له‌ناوبردنی تۆڕی فره‌جه‌مسه‌ری حاكم و فه‌رمانڕه‌واكانی ناوچه‌كه، ئه‌ویش له‌ڕێی به‌دواداچونی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیان و هه‌روه‌ها له‌هه‌وڵدایه بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كان له‌گه‌ڵ رژێمه بۆرژوازییه عه‌ره‌بییه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه.
له‌گه‌ڵ شكستهێنان به گروپی چه‌كداریی داعش له زۆرینه‌ی ناوچه‌كان جگه له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می دابڕاو نه‌بێت له سوریا و عێراق، واشنتۆن و ته‌لئه‌بیب و قاهیره و ئه‌نكه‌ره و رژێمه سه‌رمایه‌دارییه‌كانی دیكه له‌ناوچه‌كه، به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن پێگه‌ی خۆیان به‌هێز بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان په‌ره پێ بده‌ن.
تاران زۆرترین ده‌سكه‌وتی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسداران و چه‌كدارانی حیزبوڵا و میلشیا شیعه مه‌زهه‌به‌كان، به‌پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی مۆسكۆ، شكستیان به هه‌وڵه‌كانی خه‌ڵكی سوریا هێنا بۆ روخانی سیسته‌می دیكتاتۆریه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كانی پاسداران و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نگریی تارانیان له عێراق به‌هێز كرد.
به‌هه‌مان شێوه ئه‌و هێزانه پاشه‌كشه‌یان به‌كورد كرد. له‌ژێر رۆشنایی گڵۆپی سه‌وزی واشنتۆن، ئه‌و هێزانه ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر كه‌ركوك و كوردیان كرده ده‌رەوە له نزیكه‌ی 30%ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه كۆنترۆڵكرابون و به‌رگریان لێده‌كردن له‌دژی هێرشه‌كانی داعش.
تاران یه‌كێكه له پێشكه‌وتوترین وڵاتی سه‌رمایه‌داری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پشتیوانییه‌كانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی بێجین و مۆسكۆوه له‌زیادبوندایه له‌ڕوی پێگه و فروانبونی بازرگانییه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌وه، حوكمی پاشایه‌تی و سیسته‌می دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵایه‌تی له سعودیه رێگربون له به‌ره‌وپێشچونی سه‌رمایه‌داری له شانشینه‌كه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بونی بڕێكی زه‌به‌لاح له یه‌ده‌گی نه‌وت. له‌هه‌نگاوێكدا له‌چوارچێوه‌ی گۆڕینی ئه‌م دۆخه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سعودیه، هه‌ڵمه‌تێكی چڕوپڕی دژه‌گه‌نده‌ڵیی ده‌ستپێكرد له‌دژی ئه‌ندامانی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وا كه زۆرێك له وه‌زیره‌كانی پێش‌و و ئێستای حكومه‌تی له‌خۆ گرتوه، هه‌روه‌ها چه‌ند هه‌نگاوێكی گرته‌به‌ر به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی نیمچه ئۆتۆنۆمی بۆ وه‌هابیه‌كان.
ریاز چه‌ندین پلانی ئاشكرا كرد بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنان له كۆمپانیای ئارامكۆی سه‌ر به كه‌رتی حكومی به‌به‌های (2) تریلیۆن دۆلار كه گه‌وره‌ترین كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته له جیهان. حكومه‌تی به‌ریتانیا به‌ڵێنی داوه گره‌نتیی (2) ملیار دۆلار قه‌رز بدات بۆ كۆمپانیای ئارامكۆی سعودی ئه‌گه‌ر بێت‌و پشكێك بۆ كۆمپانیاكه له به‌رامبه‌ردا دابین بكرێت، ئه‌مه لە كاتێكدا كه پێشتر دۆناڵد تره‌مپ داوای له به‌رپرسانی سعودیه كردبو ئه‌وه‌یان بیر بێت كه ئاڵوگۆڕی دراویی نیویۆرك بۆ ئه‌و ده‌رخسته‌یه زۆر گرنگه بۆ ئه‌مریكا.
رژێمی سعودیه به‌هه‌مان شێوه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه بۆرژوازییه‌كانی زۆر په‌ره پێداوه له‌وانه، كۆتاییهێنان به كۆت و به‌ندی سه‌ر مافی ژنان له لێخوڕینی ئوتومبیل و به‌شداریكردنی زیاتریان له ژیانی رۆژانه.
به‌رپرسانی سعودیه له‌ناكاو ته‌ركیزیان خسته سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی حیزبوڵا و تاران له به‌هێزكردنی پێگه‌كیانیان له لوبنان. ریاز حكومه‌تی تارانی تۆمه‌تبار كرد به هه‌وڵدان بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له‌وێ. ئه‌وان هانی سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانیان دا ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه له پایته‌ختی سعودیه‌وه و بڵێت ئه‌و ترسی هه‌یه له‌وه‌ی كه بكرێته ئامانجی له‌ناوبردن. ریاز به‌هه‌مان شێوه داوای له هاوڵاتیانی كرد له لوبنان بڕۆنه ده‌ره‌وه “به‌زوترین كات”.
به‌رپرسانی ئه‌مەریكا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی ئیمپریالیه‌وه‌ن
به‌رپرسه سه‌رمایه‌داره‌كان له واشنتۆن كه به‌هێزترین هێزی ئیمپریالیستن له‌سه‌رانسه‌ری جیهان، پاڵپشتیی له هه‌نگاوه‌كانی سعودیه ده‌كه‌ن بۆ راگرتنی به‌ره‌وپێشچونه‌كانی ئێران و هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ سه‌پاندنی چه‌ند رێوشوێنێك بۆ هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ناوچه‌كه.
ئیداره‌ی تره‌مپ پلان ده‌داڕێژێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی واشنتۆن و ریاز و ته‌لئه‌بیب و هاوپه‌یمانی دیكه‌ی، ئه‌ویش له‌ڕێی راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی سه‌رۆك پێی ده‌ڵێت “كۆتا رێككه‌وتن” له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه‌كان.
وانشتۆن پشتیوانیی له به‌رپرسانی میسر و سعودیه‌وه ده‌كات ئه‌ویش له‌ڕێی فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌ریه‌ك له ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین له كه‌رتی خۆرئاوا و هه‌روه‌ها حه‌ماس له كه‌رتی غه‌زه.
واشنتۆن ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتوه كه ئێستا ساتێكی زۆر هه‌ستیاره بۆ هه‌نگاوه‌كانی، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له 12ی نۆڤه‌مبه‌ر ئه‌مه‌ی بڵاوكرده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه عه‌ره‌بیانه‌ی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێ دوباره ته‌ركیز بخه‌نه‌وه سه‌ر ئێران.
تره‌مپ پشتیوانییی لایه‌نگرانی پارته‌كان به‌ده‌ستده‌هێنێت له هه‌وڵه‌كانیدا و له‌وانه‌ش، پشتیوانیی دێنیس رۆس راوێژكاری باراك ئۆباما بۆ به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه وتبوی: “تیمه‌كه‌ی تره‌مپ كارێكی زۆر باشیان به ئه‌نجام گه‌یاندوه”.
واشنتۆن نزیكه‌ی (13) بنكه‌ی سه‌ربازیی له سوریا بنیاتناوه كه زۆرینه‌یان به‌هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكراتیك بنیاتنراون بۆ له‌ناوبردنی داعش، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌مەریكا هه‌وڵده‌دات رێگری له حیزبوڵا و هێزه سورییه‌كان بكات له گه‌یشتنیان بۆ ئێران له‌ڕێی سنوره‌كانی عێراق و به‌درێژایی سوریا و لوبنان.
رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له‌ئێستادا ده‌ڵێت، ئه‌وان پلان داده‌نێن بۆ وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ره‌قه و به‌شه‌كانی تری دێرزور كه له ژێر چنگی داعش ده‌ریان هێناوه‌ته‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئاخۆ واشنتۆن دانوستان له‌باره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات به‌بێ هێزه كوردییه‌كان یاخود نا.
له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی هاریكاری ئابوریی ناوچه‌ی ئاسیا پاسیفیك که له (11)ی نۆڤه‌مبه‌ر له ڤیه‌ننا به‌ڕێوه‌چو، ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی روسیا و دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا ره‌زامه‌ند بون له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی ناوچه ئارامه‌كان له‌نێوان سوپاكانیان له سوریا. به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كانه‌وه، هه‌ردولا جەختیان كرده‌وه له‌سه‌ر پشتیوانیی له‌سه‌روه‌ریی خاكی سوریا.
چه‌كه ئه‌مەریكییه‌كان له كورددا تاقیكرانه‌وه له عێراق
له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێن، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێم، رونیكرده‌وه كه رۆڵی واشنتۆن له دڵنیاییدان بۆ راپرسیی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه به‌رێژه‌ی 92% په‌سه‌ند كرا، به‌دی نه‌كرا و دوای ده‌نگدانه‌كه‌ش رێگا درا به به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌مەریكی له‌دژی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه.
بارزانی وتی: “من شۆك نه‌بوم كه هێزه عێراقیه‌كان هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توشی شۆكی كردم ئه‌وه بو كه ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئه‌مەریكا وه‌ك تیرۆریست له قه‌ڵه‌می دابون، هێرشیان كرده سه‌ر ئێمه به چه‌كی ئه‌مریكی و به‌به‌رچاوی به‌رپرسه سه‌ربازی و حكومییه‌كانی ئه‌مریكاوه.”
(30)ملیۆن كورد له چوارچێوه‌ی عێراق و سوریا و ئێران و توركیادا ده‌ژین، گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ن له سه‌رانسه‌ری جیهان كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان نیه.
بارزانی وتی: تاران و به‌غدا پێشتر پلانیان داڕشتبو بۆ هێرشكردنه سه‌ر كورد به‌ده‌ر له‌وه‌ی راپرسی بكرێت یان نه‌كرێت. وتی: “ئه‌گه‌ر ئێمه ئیراده‌ی خۆمان له‌ده‌ست بدایه، ئه‌وه زیانه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌تر ده‌بو له‌وه‌ی كه به‌كاتی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ده‌ست بده‌ین.”
برایان ولیامس
له ئینگلیزییه‌وه/ فه‌لاح حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه/ زه میلیتانت