دادگای فیدراڵی؛ دوا کارتی هەرێمی سوتاند

ریفراندۆم؛ بەهێزترین کارتی کورد بەبەکارهێنانی سوتێنرا

(سبەی):

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجام و لێکەوتەکانی، سوتاندنی دوا کارتی هەولێر بو کە دەیویست وەک فشارێک بەرامبەر بەغدا بەکاری بهێنێت.

 

دوا کارتی هەولێر سوتێنرا

به‌بڕوای‌ ژمارەیەک له‌ چاودێرانی سیاسی و یاساناسان، به‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، کە لە (25)ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچو، هەرێم هیچ كارتێكی دیکەی نه‌ماوه‌ دژی به‌غدا به‌كاری بهێنێت، جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوری عێراق و مێزی گفتوگۆ.

بەڕای یاساناسان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ریفراندۆم سودی هه‌یه‌ بۆ كورد و ده‌توانێت له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، بەهۆی ئەوەی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم چەندین كه‌موكوری هه‌بو به‌تایبه‌ت نه‌بونی یه‌كڕیزیی و یه‌ك ده‌نگی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان.

بەپێی دەستور و یاسا کارپێکراوەکان عێراق، کە هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی بەدەستور و راڤەکانی دادگای فیدراڵییەوە پیشانداوە، هه‌ر بڕیارێك دادگای فیدراڵی عێراق ده‌ری بكات، یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێ تانه‌ی لێبدات.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ئەمەریکا جەختیان کردەوە کە‌ ریفراندۆم كارتێكی به‌هیزە بە‌ده‌ستی كوردەوە ئەگەر لەئێستادا بەکارنەهێنرایە، به‌ڵام به‌هۆی بێپلانی و هه‌ڵنه‌سه‌نگاندنی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورد و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كاتێكی نه‌گونجاو و په‌كخستنی ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی هه‌ریم، وایکرد ئه‌نجام و ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم ببێته‌ هۆی قورستركردنی قه‌یرانه‌كان و ئاڵۆزكردنی كێشه‌ سیاسی و دارایییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

 

بەغدا دڵخۆشە

سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆی راگەیاند و پێشوازیی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم و داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات پابەندی دەستور بن.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و پێشوازیی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی کرد بۆ ناساندنی ریفراندۆمی (25)ی ئەیلولی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوە و رەتکردنەوەی سەرجەم شوێنەوار و ئەنجامەکانی.

 

هەولێر؛ پابەندی بڕیار و راڤەکانی دادگای فیدراڵیین

دوابەدوای دەرچونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ئەگەر دەستور جێبەجێ بکرێت ئەوا هیچ کێشەیەکیان نییە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوان ئامادەی هەمو جۆرە گفتوگۆیەکن لەگەڵ بەغدا و بۆ گفتوگۆکردن و راڤەکردن و شیکردنەوەی ماددەکانی دەستوریش پێویستییان بە یارمەتی لایەنی سێیەم دەبێت.

سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی هەرێم، وتی: ئێمە پێشتر بە فەرمی ئاماژەمان بەوەکردبو کە رێز لە راڤەکەی دادگای فیدراڵی دەگرین، بەڵام بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی تاکلایەنەیە و بەبێ ئامادەبونی نوێنەری هەرێم بڕیارەکە دراوە.

 

دادگای فیدراڵی: هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجام و لێکەوتەکاتی ریفراندۆم

سەرەڕای راڤە و شیکردنەوە و بڕیارەکانی پێشوی سەبارەت بە ریفراندۆم و یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی به‌كۆی‌ ده‌نگی‌ هه‌ر نۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقی‌ پابه‌ند كرد به‌جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌.

دادگای‌ فیدراڵیی‌ عێراق سه‌باره‌ت به‌ ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند: ریفراندۆمه‌كەی (25)ی ئەیلولی هەرێمی کوردستان،‌ ناده‌ستورییه‌ ‌و پێچه‌وانه‌ی‌ ماده‌ی‌ یه‌ك ‌و چه‌ند ماده‌یه‌كی‌ دیکەی‌ ده‌ستوره‌، كه‌ جه‌خت له‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌.

بەپێێ به‌یاننامه‌ی دادگا، كاركردن به‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێم و هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، كه‌ پرۆسه‌كه‌یان تێدا به‌ڕێوه‌چوه‌، بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ش به‌ رێككه‌وتن بوه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.

دادگای‌ فیدراڵی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ یاسادانان ‌و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی‌ پابه‌ندكردوه‌، به‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ ‌و رێگرتن له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی‌ دژبه‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عێراق.

ئاشکرای کردوە کە؛ نوێنه‌ری‌ هه‌رێم ئاماده‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوه‌، بۆیه‌ به‌بێ ئاماده‌بونی نوێنه‌ره‌كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌رچوه‌.

 

دەقی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی (25)ی ئەیلول

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە