(21) ساڵە هیچ لیژنەیەكی تایبەتمەند سەردانی بەنداوی دوکانى نەكردوە

بەنداوى دوکان

(سبەى):

ماوەی (21) ساڵە هیچ لیژنەیەكی تایبەتمەند سەردانی بەنداوی دوكانی نەكردوە بەمەبەستی پشكنین و لێكۆڵینەوە لە سەلامەتی بەنداوەكە، ئەمە لە كاتێدا دەبێت پێنج بۆ شەش ساڵ جارێك لەلایەن دەستە و لیژنە شارەزاكان پشكنین بۆ هەر بەنداوێك بكرێت.

بەنداوی دوكان یەكێكە لە پرۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژەكانی كوردستان و عێراق، كە لە پەنجاكانی رابردودا لەسەر یەكێك لە لقەكانی روباری دیجلە دروست كراوە ئەویش زێی بچوكە، ئەگەرچی تەمەنی بەنداوەکە گەیشتۆتە (65)ساڵ، بەڵام وەک محەمەد تاهیرى بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاماژەى پێ دەکات هیچ مەترسیەكی لەسەر نییە و لە روداوەی بومەلەرزەكەی شەوی سیانزەی ئەم مانگەدا بێزیان دەرچوە.

لە روی جیۆلۆجییەوە بەنداوەكە لەسەر ئەو چینانە دروستكراوە كە لەبەردی دۆلۆمیت پێكهاتوە پاشان بەردی لایمستون و مارلی تێدا بەكارهاتوە، ئەم جۆرە بەردانەش توانایەكی زۆریان هەیە لەروی بەهێزی و توانای راگرتنی بەنداوەكە.

بەنداوی دوكان دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شاری سلێمانی لە ساڵی (1954)وە دەست كراوە بە دروستكردنی و لە ساڵی (1959)وە دەست كراوە بە گلدانەوەی ئاو تیایدا، یەكەم بەنداوە لە جۆری كۆنكرێتی چەماوە کە بەرزییەکەی (116) مەترەو درێژییەكەشی (360) مەترە و توانای هەڵگرتنی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

بەڵام وەک پسپۆڕان ئاماژەى بۆ دەکەن، بێ زیان دەرچونى بەنداوەکە ماناى ئەوە نییە پشتگوێ بخرێت و بەپێویستى دەزانن لە کاتى پێویستدا بەدواداچون و چاکسازى تێدا بکرێت بۆئەوەى بێ زیان بمێنێتەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە