(سبەی):
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، نەک پارەی نەوتی فرۆشراوی چەند ساڵی رابردو، بەڵکو نەوتی ساڵی (2022)یشیان فرۆشتوە و پێشەکی بەشێکی پارەکەیان وەرگرتوە.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای کردوە؛ بههۆی سیاسهتی پڕگهندهڵی نهوت، ئایندهی ههرێمی کوردستان لهبهردهم مهترسیدایه، چونکە نهک داهاتی نهوتی ساڵانی رابردویان دابهشکرد و بردوە، ساڵانی ئایندهشیان فرۆشتوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە عەلی حەمەساڵح بڵاوی کردوەتەوە؛ حكومهتى هەرێمی کوردستان تهنها له یهک گرێبهستی نەوتدا (500) مليۆن دۆلاری قهرزكردوه لەڕێگەى كومپانياى گلينكور، پارهكهش به سوودى (15%) وهرگيراوه.
گرێبهستهكه له سهرهتاى ساڵى (2017) واژو كراوه و بۆ ماوەی پێنج ساڵه، كه ساڵانه سودی (15%) دهچێتەسهر ئەو قهرزه و حکومەت لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە ئەو قەرزە دەداتەوە.
عەلی حەمەساڵح رونی کردوەتەوە کە؛ لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا سودی (15%) دەکاتە زیاتر لە (300) ملیۆن دۆلار بۆ بانکەکە لەگەڵ سودی (100) ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گلینکۆر و خاوەن پشکەکانی.
بەپێی ئەو گرێبەستە دەبێت حکومەتی هەرێم بەبەهای (900) ملیۆن دۆلار بداتەوە بەرامبەر ئەو قەرزە (500) ملیۆن دۆلارە لەماوەی پێنج ساڵدا (2017-2022) و لەسێ ساڵی سەرەتادا تەنها سودی (15%)ی قەرزەکە دەدرێتەوە نەک قەرزەکە و لە ساڵی (2020)ەوە حکومەت مانگانە (20) ملیۆن دۆلار لە قەرزەکە دەداتەوە لەگەڵ سودەکەی تا ئەوکاتەی لە ساڵی (2022) قەرزەکە کۆتایی پێدێت.
عەلی حەمەساڵح، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە؛ رێککەوتنی وەرگرتنی قەرزەکە نزیکەی (200) لاپەڕەیە و لەگەڵ چەندین کۆمپانیای دیکە رێککەوتنی هاوشێوە کراوە و نەوتی چەندین ساڵی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە، کەواتە چی دەدەن بە موچە و چی دەدەن بە بەغدا بەرامبەر ناردنی موچەی فەرمانبەران.
پرسیار ئەوەش دەکات؛ ئەو هەمو قەرزەی کراوە پارەکەی دراوە بەچی و خراوەتە کام حسابەوە و بۆچی کەس ئاگادار نەکراوەتەوە؟ ئەی چۆن قەرزەکان دەدرێتەوە، لەگەڵ چەندین پرسیاری دیکە کە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم وەڵامی بدەنەوە.