(سبەی):
حكومه‌تی عێراق به‌نیازه بۆرییه‌كی غاز بۆ كوه‌یت رابكێشێت، به‌ئامانجی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان و دواتر ره‌وانه‌كردنی غاز بۆ جیهانی ده‌ره‌وه له‌رێگه‌ی ئاوەکانی كه‌نداوه‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز ئاشكرای كرد؛ حكومه‌تی به‌غدا گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تۆیۆی ژاپۆنی واژۆ كردوه، به‌مه‌به‌ستی راكێشانی بۆرییه‌كی غاز له نێوان عێراق و كوه‌یتدا.
بەپێی ئاژانسه‌كه، ئامانج له راكێشانی ئه‌و بۆرییه غازییه، دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی كوه‌یته، كه له دوای ساڵی (1990)ه‌وه له‌سه‌ر عێراق كه‌ڵه‌كه بون.
به‌رپرسانی عێراق رونیان كردوەته‌وه؛ راكێشانی ئه‌و بۆریه غازه، ده‌بێته هۆی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان و به‌فیڕۆچونی غازیش كه‌مده‌بێته‌وه، لەبەرامبەردا حکومەتی كوه‌یت پێشوازیی له بڕیاره‌كه دەکات به‌تایبه‌ت كه به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداوەوە، كێشه بۆ دامه‌زراوه غازییه‌كانی ئه‌و وڵاته دروست بوه.
كوه‌یت بڕی چوار ملیار و (600) ملیۆن دۆلار قه‌رزی لای عێراق ماوەتەوه كه ده‌بێت به‌غدا وه‌ك قه‌ره‌بوی شه‌ڕ كه‌نداو به‌و وڵاته‌ی بدات.