قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوامە

ئاوات محەمەد کەریم

لەدوای روداوە نەخوازراوەکانی ئەمساڵدا کە چەند کارەساتێکی گەورە و کاریگەر بەتایبەتی دوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر سەرۆکی ماوە بەسەرچوی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) کە ماوەی چەند ساڵێک بو ویلایەتی سەرۆکایەتیەکەی کۆتایی هاتبو دوای ئەوەی چارەنوسی ئەم هەرێمەیان بەهۆی ریفراندۆمە ناکاتەکەوە بۆ ئاراستەیەکی نادیار گۆڕی ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت هەر بۆیە لەم پێناوەدا پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکیان ئامادە کرد بۆ دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتانەی کە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2005)ی هەموارکراو داویەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بو پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی زۆر بەپەلەدا پرۆژە یاساکەی پەسەند کرد و لەڕۆژی دەرچونیەوە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە تا ئێستا ئەم قەیرانە بەردەوامی هەیە بێ ئەوەی هیچ لایەن و میدیایەک ئەم باسە بوروژێنێت هەر چەند ئەم بابەتە زیاتر سیاسیە، بەڵام کێشەکە لە بنەڕەتدا یاساییە بۆیە لێرەدا من دەمەوێت شیکارێکی یاسایی بۆ بابەتەکە بکەم کە ئەویش دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمە تا ئێستا ئەم دەزگایە بەپێی یاسا ماوە و لەکاردایە لە کاتێکدا سەرۆکایەتی هەرێم بەیاسا لابراوە و دەسەڵاتەکانی بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی تردا دابەشکراوە، لێرەدا هەوڵدەدەم لەچەند خاڵێکدا سەرنجەکان بۆ خوێنەران بخەمەڕو؛

یەکەم: لەساڵی (2005) دوای ئەوەی هەردو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەکیان گرتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردوە بە کارکردن بەم فۆرمەی ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا خولی دوەمی پەرلەمان دەستی پێکرد لە ساڵی (2005) تەنها (2)یاسا دەرچوێنران لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە یەکەمیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2005) یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوەم یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2005) یاسای دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە مادەی دوانزەهەمدا باس لەوە دەکات کە سەرۆکایەتی هەرێم دیوانێکی دەبێت بەپێی یاسا کارەکانی ڕێکدەخرێت،دواتر دوای تێپەڕبونی ماوەیەکی کەم بەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2005) دەرچوێنرا کە بەپێی ئەم یاسایە لە مادەی یەکەم باس لەوە دەکات کە سەرۆکایەتی هەرێم دیوانێکی دەبێت ئەم ئەرکانەی پێ دەسپێرێت؛

1ـ رێکخستنی پەیوەندی لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران

2ـ رێکخستنی پەیوەندی لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ

3ـ سەرپەرشتی کردنی فەرمانگەکانی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم

4ـ رێکخستنی چالاکی و پەیوەندیەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان

 

دوەم: لەدوای دەرچونی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2017) یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ئێستادا کە هەرێمی کوردستان هیچ سەرۆکێکی نیە چ پێویست دەکات کە دامەزراوەیەکی گەورەی وەک دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە بە تایبەت کە لەم کاتەدا هەرێم بە دۆخێکی ئابوری زۆر قورسدا تێدەپەڕێت، چونکە ئەوەی تا ئێستا لەسەر ئەم دامەزراوەیە زانیاریەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نیە کە باس لە خەرجی و تێچونەکانی بکات و نازانرێت ژمارەی فەرمانبەرەکانی چەندە موچەکانیان چەندە، تەنها ئەوەندە نەبێت بەپێی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2005) لە مادەی پێنجەم باس لەوە دەکات کە سەرۆکی دیوان بەشداری کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بەمانایەکی یاسای واتە پلەکەی وەزیرە هەروەها لە چەند شوێنێکی تری یاساکەدا باس لەوە دەکات کە ئەم دامەزراوەیە چەند ڕاوێژکار و بەش و هۆبەی هەیە کە ئەمانە بێگومان لە ئێستادا کارێکی ئەو تۆیان نەماوە، چونکە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بونی نیە کاری ئەم دامەزراوەیە و کارمەندەکانی بریتیە لە هاوکاریکردن و یارمەتیدانی سەرۆکی هەرێم بۆ ڕاپەڕاندن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بەڵام کە سەرۆکی هەرێم بونی نەما بێگومان هیچ پێویستیەک بەم دامەزراوەیە نامێنێت نە لەڕوی یاساییەوە نە لەڕوی کارکردنەوە.

 

سێیەم: ئەوەی لەسەرەوە باسکرا کورتەیەک بو لە کێشەی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لێرەدا دەمەوێت پێشنیارێک بخەمەڕو ئەویش بریتیە لەوەی دەکرێت پەرلەمانی کوردستان وەک چۆن یاسایەکی دەرکرد بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم بەهەمان میکانیزم یاسایەک دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، چونکە بونی ئەم دەزگایە هیچ زەرورەتێکی نەماوە جگە لەوەی دەرچواندنی یاسایەکی لەم شێوەیە هەنگاونانی زیاترە بەرەو سیستەمێکی پەرلەمانی و دیموکراسی دەکرێت لە داهاتودا دوای ئەوەی دەستورێکی مۆدێرن بۆ هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت ئەگەر هاوڵاتیان دەنگیان پێدا جارێکی تر لەژێر رۆشنایی ئەو دەستورەدا دامەزراوەکان دابڕێژرێنەوە و ئەوکات ئەگەر پێویست بو یاسایەک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و یاسایەک بۆ دامەزراوەکەی دەربچێت بەمەرجێک دژیەک نەبێت لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانیدا بۆیە دەکرێت ئەم بابەتە زیاتر شرۆڤەی بۆ بکرێت بەو هیوایەی ئەم نوسینە کەمە سەرەتایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە