نەوشیروان مستەفا ھەر بە تەنھا (پاک) نەبو بەڵکو…

هیمدا حەمەد عەلی

پڕۆژەی گۆڕان لەڕێی بزوتنەوەکەیەوە لە (25/7)ەوە دەست پێ ناکا، بەڵکو بەرھەم و زادەی ھەوڵی چەندین گروپ و کەسایەتی سیاسی و زانستی و رۆشنبیریە، کە بە درێژایی مێژو بە زنجیرە بێوچان لە ھەوڵدابونە و قوربانی زۆریش لەو پێناوەدا دراوە. بزوتنەوەی گۆڕان میکانیزمی پڕۆژەیەکە بۆ وەڵامی ئاڵۆزترین پرسیار کە گرێکوێرەو تەلیسمی نەھامەتیەکانی مرۆڤەکان و نیشتمانەکەی ئێمە بوە. ھەر لە چیرۆکوان و ئەفسانەکان، بۆ شیعری شاعیران و شەڕەفنامەی بەتلیسی، مەولانە خالیدی نەقشبەندی و تادەگاتە ئۆجەلان و نەوشیروان مستەفاو چەندین ھەوڵی ھەمەلایەنەی تر، تێکڕا بەشێک بون لە ھەوڵی دڵسۆزانەیان کەلە دێرزەمانی مێژوەوە شەونخونی و کاریان لەپێناو کردوە.

زۆرن ئەوانەی باسیان لە گرفت و کێشەکان کردوە ھۆکارەکانیان خستۆتەڕو، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی کە پڕۆژەی چارەسەریان خستبێتەڕو. بەنمونە مەولانە خالیدی نەقشبەندی یەکێک بوە لەو رابەرو کەڵە بیرمەندانەی مێژوی بزاڤی ئێمە کە لە نێوان بەرداشی پانشیعیزم و پانسونیزم و (تەریقەتەکانیان)دا تەرحی نوێکردنەوە و گەشەپێدانی پڕۆژەیەکی خوداکردەی ئەوتۆ لەسەر بنەمای سەرەکی وەک رێزگرتن لە سروشت و ئازادی، ملکەچنەبون و قبوڵنەکردنی زوڵم، خۆشەویستی بۆ یەکترو بۆ نیشتمان و دادپەروەری…، کە خۆی لەفەلسەفەی پان نەقشبەندیزمدا پێناسە دەکات، وەک رێبازو رێکخراوەیەکی نەقشبەندی لە کوردستاندا دەردەکەوێت. مەولانە بەرلەوەی پڕۆژەکەی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ دەکەوێتە بەر ھەڕەشە و گرتن و ئازاردان، دواجار کوردستان بە ناچاری بەجێدەھێڵێ. لەدوای مەولاناش جێگرەکانی یاوەرەکانی نەیانتوانی بیرکردنەوەو بەرنامەو تموحەکانی مەولانا پەی پێ ببەن، لەوەی رێبازی ئاینی نەقشبەندیەت وەک مۆرک و خەسڵەتێکی کوردستانی گەشە پێبدەن، ئەمەش بوە ھۆی ئەوەی نەقشبەندیزم وەک رێبازو رێکخراو لە کوردستاندا لە گەشەسەندن بوەستێت و سست ببێت و ئەوەی کە ویستی پێینەگا، و نەبوە چوارچێوەی رێبازێکی جیاوازو تایبەتمەند لە دەوروبەرەکەی، بۆ بەیەکەوەبەستن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگای ئێمە بەرەو سەربەخۆیی و گەشەدانی کەلتوری لە کوردستاندا.

ئەگەر مەولانا خالید نمونەی سەدەکانی ھەژدە و نۆزدە بوبێت ئەوا لەنمونەی مێژوی نزیکی پەنجا ساڵەی خۆماندا نەوشیروانێکی (پاک) ئاوێتە لە مێژو ئەدەب، لە سروشت و دەوروبەر، پاش چەندین تاقیکردنەوەی گرنگ و مەیدانی لە مێژوی سیاسی خۆی، گەڕۆکێکی وێڵ و شێلگیرانە وەک مەولانا بەدوای پڕۆژەو میکانیزمێک بوە بۆ وەڵامی ئەو پرسگەلە کەڵەکەبوەی مێژوی پڕنەھامەتی ئێمە. لەتەڕحی بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو ھەرگیز خۆی بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە نەزانیوە بەقەد ئەوەی سەرکردەیەکی رۆحی پڕۆژەی گۆڕان و گۆڕانکاری بوە، زۆر گەورەتر و فراوانتر پڕۆژەی گۆڕان و بەرپرسیارێتیەکەی پانتایی بیرکردنەوەکانی ئەوی داگیرکردوە. نەوشیروان ھەر بەتەنیا (پاک) نەبو بەڵکو (پاک) کاری دەکرد، (پاک)یش بو لەگەڵ تەواوی بیرۆکەو ھەنگاوەکانی.

سیسێرۆ فەیلەسوفێکی رۆمانیە دو سەدە پێش زاین دەڵێ سەرکردە ھەرئەوە نیە (پاک) بێت، بەڵکو دەبێ بە (پاک)ی کاربکات یان راسترە بڵێین کار بە (پاک)ی بکات، ئەمە لای سیسێرۆی فەیلەسوف بەمانای زانستی مەزن دێت بە واتای زانستێکی سروشتی مرۆڤایەتی. نەوشیروان مستەفا و مەولانا وەک دو کەڵەبیرمەندی گەلەکەمان، بە دو رێبازی فەلسەفیی جیاواز، جگەلەوەی (پاک) بون، ھەردەم کاریان بە (پاک)ی کردوەو سەرچاوەی ئیلھامیان زانستی سروشتی بوە، بە پشتبەستن بەم زانستەش تەرحی پڕۆژەکانیان کردوە.

لێرەوە پڕۆژەی گۆڕان لەڕێی بزوتنەوەیەکەوە زۆرلەوە گەورەترو فراوانترە  کە لە چوارچێوەی دەستورێکی چەند لاپەڕەییدا گوزارشتی لێ کراوە، واتا روئیاو جیھانبینی زۆرلەوە فراوانترو بەرپرسیارانەترە وەک دەرکەوتنی لە چوارچێوەی رێکخراوێک یان بزوتنەوەیەک. چونکە خودی پڕۆژەی گۆڕان و گۆڕانکاری کە ئەسڵی مەقسەدە کرۆک و ھەوڵی چارەسەرە بۆ تەواوی گرفتەکان و نەھامەتیەکان. کاریگەری ستراتیژی ئەم پڕۆژەیەو ئاکامەکانی و بەئامانج گرتنی لای نەیارانی، گومانی تیانیە بزوتنەوەی گۆڕان وەک میکانیزمێک و بزوتنەوەیەک بۆ گەشەدان بە پڕۆژە مەزنەکەی گۆڕان، سەرەڕای بونی ھێزێکی فرە لە کەفائەتی چەڵەنگ لە ھەمو ئاستە جیاجیاکاندا، ھەر لە سەرەتای فۆڕمەڵەبونیەوە تا ئەمڕۆ بە دڵنیایەوە بەیانیش لە ژێر ھەڕەشەی ناوەکی و دەرەکی بەردەوام دایەو دەبێت. لە ئاستی ناوخۆدا گروپە (موتەکەتیل)و بەرژەوەندخوازەکان کە پاشماوە و (ژێرکاریگەری) کەلتورێکی چەندین ساڵەی حوکمی ناڕەواو ناعادیلانەی دەسەڵاتێکن کە کاریگەریان بوە و بەردەوامیش دەبێت. لەئاستی دەرەوەشدا حیزب و بنەماڵەو کەسە تاکڕەو و دژ بە دیموکراسیەکانی کوردستان و ناوچەکە، ھێرشی ھەمەچەشنەی دوژمنکارانەیان بێوچان بەردەوامی پێدەدەن. ھەژمونی ئەم کەلتورە ترسناک و نەرێنیە لە ھەردو ئاستدا لای نەوشیروان مستەفا بە ھەستیاری و ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە بوێرانەش لە ھەردو ئاستی تیۆری و مەیدانیدا روبەڕوی بۆتەوە.

لێرەوە، ئەو ھەردەم وەک سەرکردەیەکی مەزن و بوێر و یاخی دەردەکەوت، بۆیە بزوتنەوەکەشی وەک بزوتنەوەیەکی یاخی بە مۆرکی خۆی پێناسە دەکرێ و ھەربەمەشە سەنگ و جەماوەری خۆی دەپارێزێ و ئەنجام ئەگرێ.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە