بەوێنە؛ خانمى یەکەم کۆشکى سپى دەڕازێنێتەوە

خانمى یەکەمى ئەمەریکا ئامادەکارى بۆ سەرى ساڵ دەکات لە کۆشکى سپى

(سبەى):

لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئامادەكاریی بۆ جەژنی لەدایكبونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی زاینی دەستیپێكرد و لە كۆشكی سپیش بە سەرپەرشتی میلانیا ترەمپ خانمی یەكەمی ئەو وڵاتە بە هاوکارى(150) خۆبەخشی (29) ویلایەت، (71) تاجە گوڵینە و (53) درەختی جەژنی لە دایكبون و زیاتر لە (18) هەزار گڵۆپی و (12) هەزار پارچەی جوانكاری بەكارهێناوە.

لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا ئامادەكارییەكان بۆ جەژنی سەری ساڵ و لە دایكبونی حەزرەتی مەسیح دەستیانپێكرد، درەختی ئەنجلمان سپرۆس كە درێژییەكەی (79) مەترە، لە دارستانی نیشتمانی مۆنتاناوە هێنراوەتە واشنتۆن و دو هەفتە و نیوی خایاندوە كە گەیەنراوەتە  كاپیتۆڵ هێڵ بۆئەوەی بكرێتە درەختی جەژنی لە دایكبون.

لە  كۆشكی سپیش میلانیا ترەمپ خانمی یەكەمی ئەمەریكا سەرپەرشتی ئامادەكارییەكان دەكات بۆ یەكەمین جەژنی سەری ساڵی خێزانی ترەمپ لە كۆشی سپی، بەشێوەیەک نوسینگەی خانمی یەكەم بە هاوكاری  زیاتر لە (150) خۆبەخشی (29) ویلایەت (1600) سەعات سەرقاڵی رازاندنەوەی هۆڵەكانی كۆشی سپی بون.

خانمی یەكەمی ئەمەریكا چەندین منداڵ و خوێندكاری خوێندنگەیەكی نزیكی بانگهێشتكردوە بۆئەوەی بەشداربن لە ئامادەكارییەكان و بە كاری دەستیی بەشدار دەبن لە رازاندنەوەی كۆشكی سپیدا و پەیامی پیرۆزبایش بۆ سەربازانی ئەمەریكا دەنوسن.

كارتی تایبەت بە جەژنی سەری ساڵی خێزانی ترەمپ لەسەر مۆنیتەرێك نمایش دەكرێت و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری و بارۆنی كوڕە (11) ساڵەكەیانەوە ئیمزاكراوە.

هەروەک لە ژوری شینی كۆشكی سپیش درەختی جەژنی لەدایكبون كە پێنج مەتر و نیو بەرزییەكەیەتی جێگیركراوە و بە مۆری هەمو ویلایەتەكانی ئەمەریكا رازێنراوەتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە (25) هەزار كەس بۆ بەسەربردنی پشوەكانی سەری ساڵ سەردانی كۆشكی سپی بكەن  و كۆشی سپیش رایگەیاند خانمی یەكەمی ئەمەریكا بۆ جەژنی سەری ساڵی نوێ (71) تاجە گوڵینە و (53) درەختی جەژنی لە دایكبون و زیاتر لە (18) هەزار گڵۆپی و (12) هەزار پارچەی جوانكاری بەكارهێناوە.

 

 

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە