هەرێمی کوردستان و لۆژیکی یاسای دارستان

سیروان حەمەڕەشید

لەتەواوی دونیای مرۆڤایەتیدا سنور و چوارچێوەی یاسا و رێسایەکی دانراو هەیە بۆ رێکخستنی پرۆسەی حوکمڕانى کۆمەڵگە، بەڵام ئەم رێساو ياسايە لەهەر وڵات و دەوڵەتێکدا بەپێی تایبەتمەندی کەلتور و نەريتەکان دارێژڕاون. لەو وڵاتانەی کە مرۆڤ تێيدا سەنتەرە، بەها و کەرامەتی پارێزراو و رێزلێگیراوە. سیاسەتیش وەک پێداویستيەکی بایەخدار و بەپێودانگی فەلسەفە و هونەری بەڕێوەبرن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

گومانی تێدا نییە گەر بەو جۆرە بێت ژیانی حوکمڕانی و دەوڵەتداری لەسەر رێچکەی بنچینە و پایەکانی خۆی دەوەستێت و یاساکان بەیەکسانی و بێ جیاوازی رۆڵی خۆيان دەبینن، بەڵام ئەوەی لەهەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت ناچێتە خانەی لانی هەرە کەمی پرۆسەی حوکمڕانی و یاسامەندییەوە. دەتوانین بڵێین خەڵکی کوردستان لە بۆشایيەکی گەورەی یاسادا ژیان دەگوزەرێنن و هاوڵاتی هەست بە هیچ جۆرە ئاسایش و دڵنیایەک ناکات.

 

ئەگەر لەواقع و دۆخی هەرێم بڕوانین، رێک ئێمە لەئێستادا کەوتوینەتە ناوەڕاستی جەزیرەيەكى بێ ئامان و دارستانێکی چڕ و پڕ لەگیانەوەری برسی کەڵبەداری دەڕندەوە، ئەوەتا چۆن بەشێکی بونەوەرەکانی شاخ بەشێوەیەکی فریودەرانە سوکایەتی بە سمبولی نەتەوەیی و پێشمەرگە دەکەن و بێ حسابکردن بۆ هیج یاسایەک، بکوژو ببڕ خۆیانن، دواتریش بەناوى تایتڵی جیاوازەوە بونەتە خاوەنی ميلیشاو چەکداری بێ دسپلینی سەربازی. دیارە ئەجينداو ئەرکی ئەم گروپگەلە خیانەت کردن و فرۆشتنی نیشتیمان و شکاندنی شکۆی نەتەوە و کاری دزین و تاڵانی و ئەتککردنی کەرامەتی مرۆڤ و دروستکردنی فەوزاو و برسیکردنى هاوڵاتییان بوە.

 

هەتا ئەم عەقڵیەت و دەم و چاوە بێزراو کاڵفانە مۆنۆپۆڵکاری هەرێم بن، ئاسۆیەکى ئومێدبەخش بۆ ژیاندۆستی نابينینەوە، دەبێت تا ئاخرزەمان لەژێر سایەی رەحمەتی هێزی گیانەوەرە ترسناکەکانى دارستانی هەرێمدا چاوەڕێی لە مرۆڤخستن و پەلاماردانی بەهاکان و زەلیلبون و مەرگی خۆمان بین.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە