(500) بیرەنەوتی لەدەستداوە.. كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێم له‌ لێواری كه‌وتندایە

لەبری خوشگوزەرانی، نەوت و غاز بوە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان

‌(سبەی):

رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌ندی بواری نه‌وت و غاز ئاشكرای ده‌كات به‌هۆی روداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نزیکەی (550) بیره‌ نه‌وتی له‌ ده‌ستدا كه‌ داهاتی مانگانه‌یان (500) ملیۆن دۆلار بوه، بۆیە ئەگەر هەرەسهێنانی ئەو کەرتەی هەرێم لە ئان و ساتدایە.

رۆژانه‌ به‌ به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌وە ژیانی خه‌ڵك له‌ خراپه‌وه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت، ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان داده‌به‌زێت، بێ موچه‌یی و بێ كاره‌بایی و سوته‌مه‌نی تادێت ژیانی هاوڵاتیان قورستر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی هه‌موان جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ری كۆكن ئه‌وه‌یه‌ كه‌كابینه‌ی هه‌شت شكستی هێناوه و هاوڵاتیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسیه‌كان رۆژ به‌ رۆژ به‌ ده‌نگی به‌رزتر داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

رێكخراوی دۆر كه‌ رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ بواری نه‌وت و غازی هه‌رێم راپۆرتێكی له‌سه‌ر شكستی حكومه‌ت له‌ بواری وزه‌ بڵاوكرده‌وه‌، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر شكستی نه‌هێنابێت له‌ لێواری كه‌وتن نزیكه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی (2017)دا به‌نزیكه‌یی (500) بۆ (550) بیره‌ نه‌وتی له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ (360) بیریان به‌رهه‌مداربون و داهاتی مانگانه‌یان (500) ملیۆن دۆلار بوه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه؛‌ ئێستا به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم بۆ (220-250) هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیوه‌ ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم سه‌روی (700) هه‌زار به‌رمیل بوه له‌ رۆژێكدا.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌ غازی سروشتی خاڵی به‌هێزی هه‌رێمه‌، به‌ڵام تا ئاسۆیه‌كی باش به‌دی نه‌كرێت بۆ ده‌رچون له‌ ئابوری عێراق پێویسته‌ هه‌نارده‌ نه‌كرێت و له‌ناوخۆدا به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ هه‌نارده‌ی غازی سروشتی هه‌رێم ده‌بێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ ژێرخانی غاز و له‌روی داهاتیشه‌وه‌ سودێكی ئه‌وتۆی بۆ هه‌رێم نابێت.

شاره‌زایه‌كی بواری وزه‌ به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی (200) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (5.7) تریلیۆن مه‌تر سێجا و (3%)ی یه‌ده‌گی غازی جیهان له‌ هه‌رێمی كوردستاندایه،‌ به‌ڵام هاوڵاتیان و شاره‌زایان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌كاتی هه‌نارده‌ی غازی سروشتیدا بڕی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم زیاد بكات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵه‌كانی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ تێكه‌ڵكردنی هه‌نارده‌ی غاز و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌.

رۆژی (18)ی ئه‌یلولی ساڵی (2013) وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی و هاوبه‌شه‌ توركیه‌ ئه‌نگلۆكه‌یدا ئیمزاكرد بۆ ده‌رهێنانی غازی سروشتی و به‌بازاڕكردنی، به‌ڵام دواتر به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرابكات كاركردن به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ وه‌ستا.

هه‌رێمی كوردستان كه‌ تا پێش روداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستانی هه‌نارده‌ ده‌كرد، چاره‌كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ له‌كاتی خۆیدا نه‌ده‌دا، له‌و باره‌یه‌وه‌ شاره‌زایه‌كی دارایی ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێم (84%)ی داهاته‌كه‌ی له‌نه‌وته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت بو ئه‌و كه‌رته‌ش نا شه‌فاف بو بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم باجی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌دا.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە