راپۆرتی “نهێنى” قەیرانەكان دەشاردرێتەوە

(سبەى):

حكومەتی هەرێم، راپۆرتێكی نهێنی لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان ناباتە ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و  لە وەزیرەكانی دەشارێتەوە، لەسەر و بەندی ئەو هەمو قەیرانەی كە بەرۆكی هاوڵاتیانیشی گرتوە، ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەی سبەینێدا، گفتوگۆ لەسەر زیادكردنی باج لەسەر مادە كحولییەكان، زیادكردنی كرێی خزمەتگوزاری ناوچە پیشەسازییەكان دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە چاوەڕواندەکرێت لە مانگی داهاتوە حكومەت روبەڕوی قەیرانێكی گەورەی دارایی ببێتەوە.

نزیكەی چوار ساڵە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدا دەژین، حكومەتی هەرێمیش تادێت قەبارەی قەیرانەكان گەورەتر دەكات، رۆژ لەدوای رۆژ ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (تۆڕى میدیاى گۆڕان) كەوتوە حكومەتی هەرێم ئەو راپۆرتە نهێنیەی كە لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان هەفتەی رابردو ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەتی كردبو، نایخاتە ناو بەرنامەی كاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ‌و لە وەزیرەكانی دەشارێتەوە، چونكە بەشێكی زۆرى ئەو راپۆرتە باس لە داڕمانێكی گەورەتری حكومەت دەكات و بەشێكی زۆری راپۆرتەكە باس لەو خزمەتگوزاریانە دەكات كە پێویستە حكومەت بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات.

كێشەی گەورەی حكومەت ئەوەیە لەوەتەی هەیە فێری پارەی مۆڵی داهاتی نەوت بوە، ئێستا كەمبونەوەی ئەو بڕە زۆرە نەوت بۆ  (250) هەزار بەرمیل لەیەك رۆژدا كاریگەرییەكان لە ساڵی نوێوە دەردەكەون.

هەر بەپێی زانیاریەکان؛ حكومەت بیری لەوەكردوەتەوە هەمو شتێك وەك موچەی فەرمانبەران بكاتە نیوە ‌و چارەك، لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ چارەسەكردنی كێشەی كارەبا  سیستمی دانانی ئەمپێر دەچەسپێنێت، كە ماوەیەكی زۆرە باسی دەكات، چونكە ئێستا وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا روبەڕوی مەترسی گەورە بونەتەوە بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنییەوە.

هەروەک بۆ موچەی فەرمانبەرانیش هەر لەساڵی نوێوە بەپێی هەڵسەنگاندنی راپۆرتی نهێنی لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان بێت توانای ئەو چارەكە موچەی نامێنێت بۆیە ئاسان نابێت بەو (50) رۆژ جارەش موچە بدات.

بەشێكی زۆری ئەو كێشانە لەوە سەر چاوەی گرتوە كە تائێستاشی پێوە بێت حكومەت كێشەی پارەی داهاتی نەوتی لە هاڵك بانك لە توركیا چارەسەرنەكردوە.

حكومەتی هەرێم ئێستا كە سێشەممەی هەمو هەفتەیەك كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رێكدەخات، تەنانەت یەك كۆبونەوەشی بۆ تاوتوێكردنی ژیان ‌و بژێوی هاوڵاتیان ‌و ئەو قەیرانانە نەبوە كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی توشی نەهامەتی كردوە بەشێوەیەک لە كۆبونەوەكەی رۆژی سێشەممەی حكومەت لەبری خەمی چارەسەركردنی كێشەی كاربا و موچە و بێ كاریی و دەیان كێشەی تر لەسەر چی حكومەت كۆدەبێتەوە:

ئەو تەوەرانەی حكومەت گفتوگۆیان لەبارەوە دەكات؛

تەوەری یەكەم: راپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی لەبارەی پێداچونەوە بە كرێی خزمەتگوزاری ساڵانەی ناوچە پیشەسازییەكان.

تەوەری دوەم: راپۆرتێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بارەی وەرگیرانی دەرچوانی ئامادەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2017 – 2018.

تەوەری سێیەم: گفتوگۆكردن لەبارەی زیادكردنی باج لەسەر خواردنەوە كحولییەكان.

تەوەری چوارەم: دامەزراندنی سەنتەری دەستنیشانكردنی پەككەوتەیی لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە.

تەوەری پێنجەم: گفتوگۆی راپۆرتێكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی دۆخی خورماتو و كەركوك و ئاوارەكان.

هاوڵاتیەكی ئەم هەرێمە دەڵێت؛ ئەم حكومەتە ئەوەندە بێ منەت بوە لەژیانی هاوڵاتیەكانی ئێستا لەبری چارەسەكردنی ئەو هەمو كێشەیە خەم ‌و خەون ‌و خەیاڵی بوەتە ئەوەی كە چۆن ‌و بەچی رێگایەك پارە پەیدا بكات، ئیتر ئەو گوێ ناداتە ئەوەی بەرێگەی شەرعی بێت یان ناشەرعی گرنگ ئەوەی شتێكی دەستكەوێت و درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە