کۆتایى عەلى عەبدوڵا ساڵح و هاوپەیمانێتییەکانى

موبارەک، قەزافى، عەلى عەبدوڵا ساڵح و زەینلعابدین بن عەلى

(سبەى):

لە رۆژی شەشەمی شەڕ و پێكدادانی نێوان حوسییەكان و  هێزەكانی سەر بە پارتی كۆنگرەی گشتی گەلی یەمەن، عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە هاوشێوەی موعمەر قەزافی سەرۆكی پێشوی لیبیا لەلایەن چەكدارە حوسیەكانەوە كوژرا و كوڕەكەی و بەشێك لە هاوكارەكانیشی لەلایەن حوسیەكانەوە دەستگیركران، بەوەش ژیانی خاوەن درێژترین ماوەی سەرۆكایەتی یەمەن كۆتاییهات.

گەمە سیاسیە نوێیەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆكی پێشوی یەمەن كە خۆی لە هەڵگەڕانەوە لە حوسییەكان و هەنگاونان بە ئاراستەی سعودیە دەبنینیەوە زۆری نەخایاند، بە پێچەوانەوە ژیانی خۆی لەسەردانا.

رۆژی شەشەمی شەڕی نێوان پارتی كۆنگرەی گشتی گەلی یەمەن و چەكدارانی حوسی بو بە دواین وێستگەی ژیانی عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆكی پێشوی یەمەن، چونكە لە هەوڵێكدا بۆ دوركەوتنەوە لە سەنعای پایتەخت لە ناوچەی سەنحانی زێدی خۆی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی پارتەكەیدا كوژران و كوڕەكەی و بەشێكی دیكەی هاوكارەكانیشی لەلایەن چەكدارە حوسیەكانەوە دەستگیركران.

بەشێك لە ئاژانسەكانی هەواڵ دەڵێن؛ عەلی عەبدوڵا ساڵح لە نزیك سەنعا كوژراوە، بەڵام حوسییەكان دەڵێن لە شاری مەئرەبی نزیك سنوری سعودیە لە كاتی هەوڵدان بۆ دەربازبون بەرەو ئەو وڵاتە كوژراوە.

هەرچەندە سەرەتا تەنها میدیاكانی نزیك لە حوسییەكان هەواڵی كوژرانی ساڵحیان بڵاوكردەوە، بەڵام بڵاوبونەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆی و پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە لەلایەن بەرپرسێكی حكومەتی دانپێدانراوی یەمەنەوە گومانی لە كوژرانی نەهێشت.

یەكێك لە خەسڵەتە دیارەكانی عەلی عەبدوڵا ساڵح لەماوەی حوكمڕانیدا هاوپەیمانێتیكردن بوە، بەشێكی زۆری ئەو هاوپەیمانێتیانەش تەنها لە پێناوی بەهێزكردنی پێگەی خۆیی و مانەوەی لە پۆستەكەیدا بوە، دواین زنجیرەی هاوپەیمانیشی  لەگەڵ حوسیەكاندابو كە ماوەی سێ‌ ساڵی خایاند.

عەلی عەبدوڵا ساڵح كە بۆ ماوەی (34) ساڵ سەرۆكی یەمەن بو، پێیوابو؛ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی هاوشێوەی سەماكردنە لەسەر سەری چەند مارێك، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەختی بەڕێوەبردنی یەمەن، بەڵام نەك هەر ئامادە نەبو  واز لەو پۆستە بهێنێت، بەڵكو لە ماوەی دەسەڵاتیدا یەمەنی روبەڕوی چەندین نەهامەتی و تەنانەت دابەشبونیش كردەوە تەنها  لەپێناوی مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی وڵاتدا.

دوای ناچاركردنیشی بەجێهێشتنی دەسەڵات لە ساڵی2012  حەزی گەڕانەوە بۆ پۆستەكەی كردی بەهاوپەیمانی دوژمنەكانی پێشوی، لە دواین لێدوانی تەلەفزیۆنیشدا  عەلی عەبدولا ساڵح خواستی خۆی بە دروستكردنی هاوپیمانێتیەكی نوێ‌ خستەڕو، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ سعودیە و هاوپەیمانەكانی، بەڵام حوسییەكان بەئاسانی ئەمەیان بەسەردا تێنەپەڕی و كۆتاییان بە زنجیرە  هاوپەیمانێتیەكانی هێنا.

 

عەلی عەبدوڵا ساڵح:

– ساڵی 1942 لە گوندی بەیـت ئەحمەڕی ناوچەی سەنحانی نزیك سەنعای پایتەخت لەدایكبوە

– ساڵی (1958) پەیوەندیكردوە بە ریزەكانی سوپای یەمەن و ساڵی (1963) پلەكەی بەرزكراوەتەوە بۆ مولازمی دوەم

– دواین پلەی سەربازی موشیر بوە كە بەرزترین پلەی سەربازییە لە یەمەندا

– لە ساڵی (1978) بوەتە سەرۆكی یەمەن

– لە ساڵەكانی (1983 ،1988، 1994) راستەخۆ  لەلایەن ئەنجومەنی شورای گەلەوە بە سەرۆك كۆمار و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان هەڵبژێدراوە

– ساڵی (1999) بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنی راستەخۆدا بە سەرۆك كۆماری یەمەن هەڵبژێردرا

– یەكێك بوە لە هاوپەیمانەكانی سەدام حسێنی سەرۆكی پێشوتری عێراق

– ساڵی (2011) راپەرینەكانی بەهاری عەرەبی یەمەنی گرتەوە و  لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا لە بۆردومانێكدا  بەسەختی برینداربو

– لە  شوباتی (2012)دا بە رێككەوتنێك كە لەلایەن سعودیەوە سەرپەرشتی دەكرا لە پۆستی سەرۆكی یەمەن دورخرایەوە.

– پاش بە جێهیشتنی دەسەڵات ساڵح  لەگەڵ حوسیەكان بوە هاوپەیمان و ساڵی (2014) توانیان بەشێكی خاكی یەمەن  كۆنترۆڵ بكەن و حكومەتەكەی عەبد رەبە مەنسور هادی لە سەنعای پایتەخت دەربكەن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە