هەولێر؛ دو مانگە هیچ جۆرە دەرمانێكی نەخۆشی تالاسیمیا نەماوە

(سبەى):

زیاتر لە دو مانگە هیچ جۆرە دەرمانێكی نەخۆشی تالاسیمیا لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر نەماوە و ژیانی ئەو كەسانەشی ئەو نەخۆشیەیان هەیە لە مەترسیدایە و كۆمەڵەی تالاسیمیا رایدەگەیەنێت؛ بۆ مانگێك بڕی (١٠) هەزار كارتۆن حەب و پێداویستی پزیشكیان پێویستە.

بەپێى ئاماری كۆمەڵەی تالاسیمیا تەنها لە هەولێر نزیكەی (٦٠٠) توشبو بە تالاسیمیا هەن، لەگەڵ (٣٠٠) نەخۆشی ئاوارە، تەنها لە ساڵی (٢٠١٧)شدا (١٢) نەخۆشی تالاسیمیا گیانیانلەدەستداوە و ئێستاش بەهۆی نەبونی دەرمانەوە نەخۆشەكانی تر ژیانیان لە مەترسیدایە.

دڵزار عبدالرحمان برزنج، بەرپرسی لقی هەولێری كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان دەڵێت؛ بۆ مانگێك بڕی (١٠) هەزار كارتۆن حەبی ئەكجیت و حەبی كلڤەر و دەرزی دیسفرالیان پێویستە، بەڵام ماوەی دو مانگە هیچ دەرمانیان نەماوە نرخی ئەم دەرمانانەش بەرزە و بۆ هەر نەخۆشێك لە مانگیكدا هەزار دۆلاری پێویستە كە ئەمەش لە توانای كەسوكاری ئەو نەخۆشانەدا نیە.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات؛ هەر نەخۆشێك لە مانگێكدا هەزار دۆلاری پێویستە بۆ وەرگرتنى چارەسەرەکانى و ئەوەش لە توانای كەسوكاری ئەو نەخۆشانەدا نیە، بەوهۆیەشەوە ژیانى زۆربەیان لەمەترسیدایە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە