بارزانی: تائێستا بەغدا ئامادەنییە گفتوگۆمان لەگەڵ بکات

(سبەی):

نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە ئامادەیی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستور و یەکێتی خاکی عێراقدا و ئاشکرای کرد: تائێستا بەغدا ئامادەنییە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری سەردانەکەی بۆ فەرەنسا و دەستپێشخەرییەکەی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتەی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: لە کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە پابەندن بە یەکێتی خاکی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا.

دوپاتی کردەوە؛ کە وەک حکومەتی هەرێم دەیانەوێت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چارەسەر بکرێت و پابەندن بە ئەنجامدانی دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان لەهەمو رویەکەوە، راشیگەیاند: لەبارەی ریفراندۆمەوە رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەگرن.

وتیشی :”تائێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و بڕیارە سەرۆک ماکرۆن، پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بکات و بزانین هەنگاوەکانی دیکە چی دەبێت”.

نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە؛ تائێستا هیچ گفتوگۆیەکی تەکنیکی و سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدادا نییە و وتی :”ئێمە چەندینجار دوبارەمان کردوەتەوە کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام تائێستا هیچ گفتوگۆیەک نییە و ئەوان ئامادەنین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ”.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ پێشوازییان لە پارێزگاری نوێی سلێمانی کردوە و بەفەرمی سوێندی یاسایی خواردوە بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکات و پشتگیریی خۆیان دوبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەت بە پارێزگای سلێمانی و هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە بکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی دۆخی خورماتوەوە رایگەیاند: زیاتر لە (100) هەزار کەس لەو قەزایە ئاوارەبون، پێویستیان بە هاوکاریی هەیە، بەڵام تائێستا وەک پێویست یارمەتی نەدراون و رەخنەی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکان گرت بەوەی کە وەک پێویست لەسەر خەت نیین بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە لە دوز ئەنجامدراون و داوای لە یۆنامی و رێکخراوە مرۆییەکان بەتایبەتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کرد کەلێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی دوزخورماتو بکەن و حکومەتی عێراقیش یارمەتیدەربێت بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

نێچیرڤان بارزانی‌، رایگه‌یاند: ماوه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ دو خولی‌ یاسادانانی‌ په‌رله‌مان ده‌بێت و له‌ داهاتویه‌كی‌ نزیکدا‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆده‌بنه‌وه بۆ دیاری كردنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە