هه‌ڵشۆ عه‌بدولفه‌تاح
كه‌یسی فه‌رمانبه‌ری دادگا (هه‌ستیار هۆشیار) به نمونه
پێشئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه پێمباشه ئه‌وه رونبكه‌مه‌وه له‌راستیدا خه‌می ئێمه‌و هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌بواری مافی مرۆڤ‌و دیموكراسی‌و وڵاتی دامه‌زراوه كارده‌كه‌ن، له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه كه چۆن بتوانرێت له‌و وڵاته دیموكراسی‌و مه‌ده‌نییه‌ی كار بۆ دروستكردنی ده‌كرێت، شكۆی مرۆڤ‌و دامه‌زراوه تێیدا پارێزراو بێت، جا ئه‌و مرۆڤ له‌كه‌سێكی ساده‌و ئاسایی بێت تاده‌گاته پله‌ی باڵا، بۆیه هیچ كات نوسین‌و فشاره‌كان به‌ئامانجی ئه‌وه نییه بێڕێزی به كه‌رامه‌تی ئینسان بكرێت.
قسه له‌سه‌رئه‌وه‌یه چۆن بتوانرێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی دروستبكرێت كه‌مرۆڤه‌كان تێیدا پارێزراو بن‌و هه‌موان له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان بن، به‌ڵام ئه‌م پاراستنی پایه‌ی مرۆڤه به‌وه‌ش ناكرێت كه‌سانێك‌و دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌هه‌ر ئاست‌و پله‌یه‌كدا بن پاریزراو بن له‌ره‌خنه، قه‌ڵه‌مه‌كان روه‌و ئه‌وان بوه‌ستێنرێت، به‌تایبه‌تیش توێژێكی گرنگ كه رۆڵی سه‌ره‌كی له‌دروستبونی دۆخی هه‌ر ده‌وڵه‌ت‌و هه‌رێمێكدا هه‌یه.
له‌هه‌ر وڵات‌و ناوچه‌یه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستی گه‌شه‌كردنی ژیانی دیموكراسی‌و شه‌فافیه‌ت‌و پاراستنی مافی مرۆڤ‌و سه‌روه‌ریی یاسا بكرێت، ئه‌وا ناتوانرێت رۆڵی دادوه‌ران‌و دادگاكان له‌و پێناوه‌دا به هه‌ند وه‌رنه‌گیردرێت، چونكه ئه‌مانه ده‌توانن رۆڵی گرنگیان له‌و پێناوه‌دا هه‌بێت، به واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر دۆخی دیموكراسی‌و سه‌روه‌ری یاسا له‌هه‌رێمی كوردستاندا گه‌شه‌سه‌ندو بوایه، ئه‌وا به‌ڵنیاییه‌وه توێژی دادوه‌ران‌و دادگاكان ده‌ستیان له‌و ئه‌نجامه ئه‌رێنییه‌دا ده‌بو، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه كه دۆخه‌كه خراپ‌و ناهه‌مواره، ئه‌وا پشكی شێر به‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كه‌وێت.
له‌دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، جگه له‌ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌شێك له‌حیزبه‌كان‌و دادگا‌و دادوه‌ران، هیچ كه‌س ئاواته‌خواز نییه پێی، چونكه دۆخی هه‌رێم له‌روی مافی مرۆڤ، دیموكراسی، سه‌روه‌ریی یاسا، شه‌فافیه‌ت‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، به دامه‌زراوه‌ییكردنی داموده‌زگاكان، هێزی نیشتمانی، هه‌مو ئه‌مانه‌و چه‌ندینی تر هێنده خراپه كه ته‌نها مه‌گه‌ر هێزگه‌لێكی وه‌ك ئه‌مانه بتوانن دروستی بكه‌ن‌و بشمێننه‌وه.
ده‌مه‌وێت تیشكێكی خێرا بخه‌مه سه‌ر ئه‌و توێژه‌ی كه‌مترین قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌و زۆرترین پشكی له‌و خراپه‌كارییه به‌رده‌كه‌وێت‌و تائێستاش له‌هه‌رێمی كوردستاندا بونی هه‌یه، ئه‌ویش دادگا‌و دادوه‌رانه، ناهه‌قییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌مویان به‌و شێوه‌یه‌ن، چونكه چه‌ند دادوه‌رێكی باش‌و خاوه‌ن هه‌ڵویست له‌م سێكته‌ره‌دا بونی هه‌یه، به‌ڵام دواجار وه‌ك هه‌مو سێكته‌ره‌كانی تر ده‌نگی زاڵ تێیدا باشه‌كان نین.
له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابوردودا سێ كه‌یسی دیاریكراوی رون له‌ئیداره‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن به‌شێك له‌دادگاو دادوه‌رانه‌وه رویداوه، كه جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه له‌كه‌یسی ئه‌فسه‌رێكی هاتوچۆو چالاكوانێكی ژینگه‌یی‌و فه‌رمانبه‌رێكی دادگا بو، كه هه‌رسێكیان له‌سه‌ر نوسین‌و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و به‌تایبه‌ت دادوه‌ران به‌شێوه‌ی جیاواز سزادراون، سزاكانیشیان به‌ئاستێك بوه، كه ده‌توانین بڵێین ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌دادگاكاندا شكاندوه، هه‌ر به‌نمونه كه‌یسی فه‌رمانبه‌ری دادگا (هه‌ستیار هۆشیار) له‌سه‌ر نوسینی بابه‌تێك له‌باره‌ی دادوه‌ره‌كان به‌یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ ماوه‌ی نزیك به چل رۆژ راگیرا‌و، هه‌ر به‌راگیراوی ره‌وانه‌ی دادگای لێكۆڵینه‌وه كرا، هه‌رزوش دوای ته‌نها دو دانیشتن‌و به‌چوار مانگ زیندانی حوكمدرا. تو ئه‌و هه‌سته جوانه‌ی كه به‌نوسینه‌كه‌ی هه‌ستیار برینداربو پێمانناڵێن له‌دادگاكه‌تان چه‌ند كه‌یسی هاوشێوه‌تان هه‌یه؟ ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه! ئه‌مانه له‌لایه‌ن به‌شێك له‌و دادگا‌و دادوه‌رانه سزا دراون كه‌حاكمن له‌هه‌رێمێكدا، كه سیخناخه به گه‌نده‌ڵی‌و شكاندنی یاسا‌و ژێرپێخستنی بڕیاری دادگاكان له‌وپه‌ڕیدایه، ته‌نها له‌م ماوه‌یه‌دا بوه‌ستن‌و ببینه‌و بزانه، ئه‌م دادوه‌ره به‌ڕێزانه‌ی به‌لێشاو كێبڕكیان بو له‌سه‌ر تۆماركردنی داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ستاون به سوكایه‌تیكردن به دادوه‌ران‌و دادگاكان.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م به‌وه‌دا كه به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ناوزڕاندن‌و بێڕیزیدا نیم، به‌ڵام لام پرسیاره ئه‌و دادگا‌و دادوه‌رانه‌ی به‌و كاره هه‌ستاون، هۆكار چییه بۆ بردنی سامانی هاوڵاتیان ناجوڵێن‌و سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر مافیاكانی ئه‌م هه‌رێمه تۆمارن ناكه‌ن؟ ئه‌م دادوه‌رو دادگایانه بۆ كوێركردنی هاوڵاتیان‌و هێنان‌و بازرگانیكردن به ده‌یان ته‌ن ده‌رمانی به‌سه‌رچو بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌و ساغكردنه‌وه‌ی له‌منداڵه‌كانیدا، پێی نایه‌شێن‌و داوا تۆمار ناكه‌ن، چوار به‌رپرس له‌وانه‌ی هۆكاری ئه‌و روداوانه‌ن بخه‌نه زیندانه‌وه. به‌لای منه‌وه جێی پرسیاره بۆ ئه‌و دادوه‌رانه‌ی هه‌ستاون به‌و پرۆسه‌یه هۆكارچییه بۆ هێنانی به‌نزینی خراپ، كه ده‌بێته هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نچه‌و ده‌یان نه‌خۆشی تر، هه‌ست‌و سۆزییان نه‌جوڵاو دو له‌و كۆمپانیایانه‌یان نه‌دایه دادگا، تائه‌ویش هاوشێوه‌ی ئه‌و سێ كه‌یسه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ر لانیكه‌م چوار رۆژ له‌ودیو دیواری زیندانه‌كان بیانهێڵنه‌وه؟ ئه‌م دادوه‌رو دادگایانه له‌روداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا چه‌ند داوای یاساییان تۆماركرد؟ چه‌ند كه‌سیان له‌وانه‌ی تاوانبارن به‌شكاندنی شكۆی تاكی كوردی له‌زیندانه‌كان به‌ندكرد؟ ئه‌م دادوه‌رو دادگایانه چه‌ند له‌و كه‌سانه‌یان ده‌ستگیركرد، كه تاوانبارن به‌كوشتنی هاوڵاتیانی بێده‌سه‌ڵات؟ به‌راستی جێی پرسیاره ئه‌م به‌رێزانه‌ی به چه‌ند وشه‌یه‌ك دنیایان هێنایه له‌رزو ته‌واوی توانای خۆیان سه‌رفكرد له‌وه‌ی چۆن بتوانن هه‌رچی زوه نوسه‌ری وشه‌كان بخه‌نه قه‌فه‌زی زیندان‌و بێن ململانێی سه‌خت له‌گه‌ڵیدا بكه‌ن‌و پێیانوابێت شكۆی ئه‌وان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و چه‌ند وشه‌یه‌وه!.
ئه‌رێ به‌راست شكۆی ئێوه به سه‌روه‌ریی یاساوه گرێدراوه یان به چه‌ند وشه‌یه‌كی ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان؟ لای من جێگه‌ی گومانه كه ئایا شكۆی ئێوه به‌ستراوه به وڵاتی دامه‌زراوه‌وه یان شتی دی؟ پایه‌بڵندی خۆتان‌و دامه‌زراوه‌كه‌تان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا‌و ده‌ستوره یان وتارێك؟
هه‌مو ئه‌مانه جێگه‌ی تێڕامانن، باشه ئه‌و دادوه‌رو دادگایانه ناتوانن وڵاتێكی دیموكراسی‌و مه‌ده‌نی‌و سه‌روه‌ری یاسا بۆ تاكی كۆمه‌ڵگه به‌دیبهێنن‌و كه‌سانی به‌رپرس له‌ئاستی باڵا دادگایی بكه‌ن كه‌چی دێن كه‌سه بێده‌سه‌ڵاته‌كان دادگایی ده‌كه‌ن‌و هه‌رزو كه‌یسه‌كانیان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه؟
ئاخر دادگا‌و دادوه‌رێك نه‌توانێت له‌سه‌ر مافی هاوپیشه‌كانی بێته ده‌نگ‌و بڵێت خێره ده‌سه‌ڵاتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا، بێت حاكم له‌پله‌ی باڵا به‌بێ هۆكارێكی دیاریكراوی رون دابه‌زێنێته پله‌كانی خواره‌وه‌ی دادگا، ده‌بێت چ جێگه‌ی ئومێدی هاوڵاتیان بێت.
بۆیه به‌شێكی زۆری دروستبونی ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ی هه‌رێم له‌ئه‌ستۆی سێكته‌ری دادوه‌رییه كه‌خۆی له(دادوه‌ر، دادگا، پارێزه‌ران)دا ده‌بینێته‌وه، له‌كاتێكدا كه‌مترین قسه‌یان له‌سه‌ركراوه، چونكه چه‌ندین كاری نایاسایی‌و نادادی له‌م سێكته‌ره‌دا ده‌بینن، به‌ڵام قسه‌و فشارێكی جدییان نییه، وه‌ك بڵێی ئه‌وانیش به‌و دۆخه رازین.
ئه‌مانه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی بڵێین به‌راستی دادوه‌رو دادگاكان پاڵه‌وانن بۆ بێده‌سه‌ڵاتان، هه‌ربۆیه هه‌قی خۆیه‌تی خه‌ڵاتی نۆبڵ بدرێته به‌شێك له‌و دادوه‌رو دادگایانه‌ی به‌و كارانه هه‌ڵده‌ستن!.
به‌شێكی زۆری دروستبونی ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ئه‌ستۆی سێكته‌ری دادوه‌رییه، چونكه چه‌ندین كاری نایاسایی‌و نادادگه‌رانه له‌م سێكته‌ره‌دا ده‌بینن، به‌ڵام قسه‌و فشارێكی جدییان نییه، وه‌ك بڵێی ئه‌وانیش به‌و دۆخه رازین.