“گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم کارەسات نیە”

(سبەی):

“گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم کارەسات نیە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێویستە پەیوەندیەکی زۆر باش لەگەڵ فەڵەستین و وڵاتە عەرەبیەکان دروست بکات”.

چەند کێشەیەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دێنەوە خەیاڵی  هەرکەسێک بەراورد بە کێشەی ئۆرشەلیم. کاردانەوەی سەرکردە عەرەبیەکان بۆ ناساندنی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل توندو خێرا بو. بەشێکی لەبەر ئەوەیە زانیاریەکی کەمیان هەبو چی بەڕێوەیەو نایانەوێت وا دەرکەون کە سەرکردەکان و خەڵکی فەڵەستین ملکەچی بڕیارەکە دەبن هەروەها ئەو پیرۆزیەی کە شارەکە هەیەتی لای موسوڵمانان.

پێچەوانەکەی ئەوەیە کە ئەوەی ترەمپ وتی پێشێلکردنی مافی ئەوان نیە. ناساندنی ئۆرشەلیم لە لایەن ترەمپەوە کاردانەوەیەکی واقیعیانەیە کە حکومەتی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیمە و هەمیشە پایتەختی ئیسرائیل دەبێت و هیچ شارێکی تر ناکەن بە پایتەختی خۆیان. بۆ فەڵەستینیەکانیش هەمان شتە و ناتوانن هیچ شارێکی تر بکەن بە پایتەختی خۆیان جگە لە ئۆرشەلیم لە هیچ دانوستانێکدا دەستی لێ هەڵناگرن. ئەوەی ترەمپ وتویەتی فەلەستینیەکان ناکاتە دەرەوەی بازنەکە، بە پێچەوانەوە ئەو دەڵێ ئەو لایەنگیری ناکات لە سەر شوێنی سنورەکانی نێوان هەردولا لە شارەکە و وەک دەڵێت ئەوە پەیوەندی بە هەردولا خۆیانەوە هەیە رێکبکەون لە سەری.

ئاگادار کردنەوەی عەرەب و فەلەستینیەکان هەروەها حەماس و حیزبوڵا و ئێران و قاعیدە هەلێکی باشیان دەستدەکەوێت کە هەوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکان دژی توندوتیژی بشێوێنن و برینەکە قوڵتر بکەنەوە. گرنگە بۆ ئیدارەی ترەمپ کە پەیامێکی رونی هەبێت پێشوەختە بڕیارنەدات لە بارەی دەرەنجامەکانی کێشەی  ئۆرشەلیمەوە. مانەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکە هێشتا نەچەسپیوە لە کۆشکی سپی بەڵام لە ئێستادا گرنگە. کەس بۆی نیە قسە بکات و رەوشەکە لەبار نیە بەتایبەتی ئەگەر بڕیارەکەی سەرۆک یاری پێنەکرێت لە لایەن دوژمنەکانی ئاشتییەوە.

ئەمە مانای ئەوەیە دوپاتکردنەوە و جەختکردنەوەی ناوەڕۆکی وتارەکەی ترەمپ: ویلایەتە یەکگرتوەکان درک بەوە دەکات کە واقیعێکی سیاسی هەیە و ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە لە ساڵی (1949)ەوە هەروەها پێویستیەک هەیە کە دەبێت دانوستان بکرێت لە سەر داواکاریە گرنگەکانی هەردولا لەناویاندا کێشەی ئۆرشەلیم. ئیسرائیل و فەلەستین پێویستە راستەوخۆ هەردوکیان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن لە نێوان خۆیاندا.

واقعێکی دولایەنە هەیە. وەزارەت و پەرلەمانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیمە و قسەوباس هەڵناگرێ، ئەمە ئەو خەیاڵە رەت دەکاتەوە کە ئەم شارە پایتەخت نیە کە بۆ (70) ساڵە ئەم چیرۆکە وا رۆشتوە. لە هەمان کاتدا بە ناوەندیکردنی شارەکە کە سروشتێکی پڕ ململانێی هەیە زۆر گرنگە کە وادەرنەکەوێت کە هەردولایەن خواستی دیاریکردنی سنوری شارەکەیان نیە لە حاڵەتێکدا شارەکە ببێتە پایتەختی هەردولایان یا نەبێت. هەر دوای ئەوە سەرۆکی حەماس “ئیسماعیل حەنیە” داوای خۆپیشاندانی کردوە. ئەو توندوتیژیەی ئەمڕۆی بەرەی کەناری رۆژئاوا خۆی نیشانەی ئەوەیە توڕەیی خەڵکەکە لە دەرەنجامی وتارەکەی ترەمپ ئەکرێ زیاتر پەرەبستێنێت و یارمەتیدەرە کە خەڵک لەوە تێبگات بۆچی سەرۆکی فەلەستین رایگەیاند کە چیتر ئەمەریکا ناتوانێت رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت.

لەبەر ئەوەی کێشەکە پاڵنەرێکی سۆزداری (عاطفی) لە پشتەوەیە بۆ هەمو لایانەکانی ئۆرشەلیم لەوەتێدەگەن کە هەر بڕیارێک دەکرێت بە هەڵە لێکبدرێتەوە و بە ئاسانی لە لایەن توندڕەوەکانی هەردولاوە سەربكێشێت بۆ توندوتیژی. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکان بە تەواوی دەرگا لەسەر ئۆرشەلیم دابخات یا پێیوابێت دەبێت تەواوی ئۆرشەلیم لە ژێر رکێفی ئیسرائیلدا بێت ئەوە لەوانەیە جیهادیەکان و ئەوانەی بە توندی رەتیانکردۆتەوە ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ خۆیان. بێگومان ئەو هەلە لە دەست نادەن کە ناڕەزاییەکی گەورە دروست بکەن دژی ئەمەریکاو دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەک عەباس لە فەلەستین و مەلیک عەبدوڵای ئوردن. ئیدارەی حکومەتی ئەمەریکا پێویستە بزانێ هەردو سەرکردەکە دەکەونە ژێر فشارەوە بە ئاسانی.

یەک هەنگاوی کرداریی کە ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت بیکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری بڕیارەکەی ترەمپ ئەوەیە کە سیاسەتمەدارە دیارەکانی ئیدارەی حکومەتەکە لە کەناڵە راگەیاندنەکانی عەرەبیەوە دەرکەون و رونی بکەنەوە کە بڕیارەکە چیە و چی نیە. ئەوەی پێویستە بیکەن ئەوەیە کە ئەوەی ناساندویانە کەس گومانی لێی نیەو هەر هەوڵێک بدرێت بۆ ئاشتی هەردولا کۆتاییەکەی دەبێت لانیکەم بەشیک لە ئۆرشەلیم ببێتە پایتەختی ئیسرائیل. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت کە ئیدارەکە نیازی نیە هیج جۆرە لایەنگیریەک بکات دژی خەڵکی فەلەستین لە کێشەی پەیوەست بە ئۆرشەلیمەوە. ویلایەتە یەکگرتوەکان بەردەوام جەخت لە کێشە و داهاتوی ئۆرشەلیم و حوکمڕانی لەو شارە دەکاتەوە- هەرەوەها ململانێی هەردولا و داواکارییەکانیان دەبێت پێش هەر هەوڵێکی ئاشتی دانوستانی لە سەر بکرێت. هەردو لایەنی پەیامەکە دەبێت جەختی لە سەر بکرێتەوە و دوبارە بکرێتەوە بۆ عەرەبەکان لە لایەن سیاسیە گەورەکانی حکومەتەوە لە هەفتەی داهاتودا و تەنانەت لە لایەن جێگری سەرۆکەوە “مایک پێنس” کە سەردانی ناوچەکە دەکات.

ئەمە گەورەترین ئومێدە بۆ سەرکردە عەرەبەکان و سەرکردەکانی فەلەستین کە پێویستە بەرگری بکەن لە هەوڵەکانی وەک حەماس کە بەردەوام ئەو راستیە دەشارنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن ئۆرشەلیم هی ئەوانەو لە ژێردەستیان دەرهاتوە- هەروەها بەردەوام هەوڵی توندوتیژی و جەمسەرگیری زیاتر دەدەن. هەروەها لەوانەیە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی مەحمود عەباس بتوانێ هەوڵەکانی دەستپێبکاتەوە بۆ دانوستان و کەسانی وەک سائیب عەرەقات کە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و نەڵێن ئەمەریکا رۆڵی تەواو بوە لە پرۆسەی ئاشتیدا.

بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە نەک هەرگرنگە بۆ رێگرتن لە توندوتیژی، بەڵکو بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو پلانەی ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت پێشکەشی  ئیسرائیل و فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی بکات لەگەڵ گەیشتنیدا نامرێت. هۆکاری ئەوەی سەرۆکەکانی پێشو بیل کلینتۆن و جۆرج بوش و باراک ئۆباما وازیان هێنا ئەوە نەبو کە توانای بڕیاردانیان نەبو، بەڵکو ئەوە بو پێیانوابو لە لایەن فەلەستینیەکان و وڵاتانی عەرەبیەوە نکوڵی لێ دەکرێت و بڕیارەکە قورس دەبێت بۆیان، ئەمەش هەوڵی پرۆسەی ئاشتی قورستر دەکات. سەرۆک ترەمپ لە وتارەکەیدا وتی کە ئەوان هەڵە بون، ئەگەر دەیەوێت بڵێت خۆی راستە، پێویستە یەکەم شت ئەوە رون بکاتەوە کە بەرژەوەندی و مافی فەلەستینیەکان پێشێل ناکرێت دواتر پلانێکی تۆکمەی ئاشتی دابنرێت بە کێشەی ئۆرشەلیمیشەوە.

 

 

نوسینی دێنیس رۆس و داڤید ماکۆڤسکی

سەرچاوە/ فۆڕنپۆلسی

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە