دو بومەلەرزەی بەهێز هەرێمی کوردستانی هەژاند

(سبەی):

کەمێک لەمەوبەر دو بومەلەرزەی یەک لەدوای یەکی بەهێز هەرێمی کوردستانی هەژاند و لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بەتەواوەتی هەستی پێکرا.

سەعات (5:10) خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و کەلار و شارەزور و دەربەندیخان و رانیە و پشدەری هەژاند و لەزۆربەی ناوچەکانی هەستی پێکرا و سەعات (5:43) خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی هەژاندەوە.

به‌پێی سه‌نته‌ری‌ بومه‌له‌رزه‌زانی‌ ئه‌وروپا؛ چه‌قی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌سه‌ر سنوری‌ ئێران-عێراق له‌ نێوان هه‌ردو گوندی‌ ساڵح و گه‌زنه‌ بوه‌ له‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان و گوڕی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ (5.4) پله‌ بوه‌ به‌ پێوه‌ری‌ رێخته‌ر، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ چه‌ند بومه‌له‌رزه‌یه‌كی دیکە به‌ پله‌ی كه‌متر رویانداوە.

هەر بەپێی سەنتەری بومەلەرزەزانی ئەوروپا، بومەلەرزەی یەکەم سەعات (5:10) خولەکی ئێوارە بوە و گوڕەکەی (5.4) پلە بوە بەپێوەری رێختەر و چەقی بومەلەرزەکە ناوچەکانی سەر سنوری هەرێمی کوردستان و باشوری رۆژئاوای ئێران بوە و بومەلەرزەی دوەم سەعات (5:43) خولەکی ئێوارە رویداوە و گوڕەکەی (4.9) پلە بوە بەپێوەری رێختەر و هەمان ناوچەی هەژاندوەتەوە.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی زانیاری زیاتری لەسەر بومەلەرزەکە بڵاوکردەوە کە گۆڕی بومەلەرزەکە (6) پلە بوە بەپێوەری رێختەر و چەقی بومەلەرزەکە ناوچەی (ئەزگلە)ی سەر بە پارێزگای کرماشان بوە و زەمینلەرزەکە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی گرتوەتەوە.

 له‌ دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ی رۆژی (12)ی مانگی رابردو كه‌ بە گوڕی (7.2) پلە رویدا و زیانی گیانی و مادی زۆری بە دەربەندیخان و کرماشان و سەرپێلی زەهاو گەیاند، بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌م ئێواره‌یه‌ به‌ به‌هێزترین بومه‌له‌رزه‌ داده‌نرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە