سالار مەحمود
لەجیاتی بومەلەرزەی سروشتی، کوردستان پێویستی بە بومەلەرزەی سیاسی هەیە. بەو مانایەی گۆڕینی تەواو لە زهنیەتی سیاسەتکردن لەکوردستان، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەریی، نەک وەک دۆخی چەقبەستوی ئێستا سیاسەت بۆ خزمەتی گەندەڵکارو شەوکوت و رێگرو ئاوکردنە ئاشی داگیرکەرانی کوردستان.
گۆڕینی مۆدێلی حیزبایەتی کۆن و دواکەوتو لەکوردستان هەنگاوە کرداریەکەیە بۆ گۆڕینی مۆدێلی حوکمڕانی دیلی دەستی ناوەندی قۆرخکاریی حیزبیی.
وەک چۆن هەر بومەلەرزەیەکی سروشتی خاڵێک هەیە لەرزینەکەی لێوە دەستپێ دەکات، ئاواش بۆ هەر بومەلەرزەیەکی سیاسی پێویستە خاڵێکی جوگرافی هەبێ!
لەبەر ئەوەی نیگەرانی گەل لە کوردستاندا وەک یەکە، چونکە ئازارو کێشەکان یەکن. نازانرێ ئەو جێیەی بومەلەرزە سیاسیەکەی تێدا رودەدات کوێ دەبێ.
وەک چۆن بۆ هەر بومەلەرزەیەکی سروشتی جوڵەو پاڵەپەستۆو بەریەککەوتنی چینەکان لەهەناوی زەویەوە سەرچاوەی رودانیەتی، ئاواش لە روی سیاسیەوە گەندەڵی و نادادیی و ماف زەوتکردن و نەبونی گۆڕانکاریی سەرچاوەی رودانی ئەو جوڵە سیاسیەیە واتە ئەو بومەلەرزەیەیە.
لەهەمو حاڵەتێکدا خەڵکی کوردستان شایستەی سزای سروشتی نییە، چونکە لەهەمو لایەکەوە تاوان و غەدری لێ دەکرێ. بۆ رزگاربون لەم هەمو غەدرە تەنیا پێویستی بە بومەلەرزەیەکی سیاسیی هەیە.