(سبەى):
لەدوای بومەلەرزەكەی مانگی رابردو زیاتر لە (800) بومەلەرزەی دیکە تۆماركراون بەشێكی زۆریان هاوڵاتیان هەستیان پێنەكردوە، ئەوە وتەى بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستانە دواى بومەلەرزەکانى ئێوارەى دوێنێ و ئەمڕۆ.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى وت: “دوێنێ دو بومەلەرزە رویانداوە و یەكەمیان گوڕەكەی شەش پلە بو بەپێوەری رێختەر”.
لەبارەی ئەگەری رودانی بومەلەرزەی دیكە، فازڵ ئیبراهیم، دەڵێت: “پێشبینی ناكرێت بومەلەرزەی بەهێز وەكو ئەوەی مانگی رابردو روبدات، بەڵام لە روی زانستیشەوە نازانرێت بومەلەرزە كەی و لە كوێ رودەدات”.
ئەوە لەکاتێکدایە چەقى بومەلەرزەکانى دوێنێ گوندێکى رۆژهەڵاتى کوردستانى سەر سنورى عێراق رویدا و ئەمرۆش دو بومەلەرزەى دیکە لە کرمان رویانداوە بە گوڕى شەش پلە بە پێوەرى رێختەر.