”بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بون دەدات”

(سبەی):

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، جڤاتی نیشتیمانی لە کۆبونەوەی داهاتویدا قۆناغی نوێ خەباتی سیاسی و مەدەنی بدات و بڕیاری کشانەوە لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بون بدات.

جەمال حاجی محەمەد، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هێنایان و زۆرینەی خاکی کوردستانیان لەدەستدا، ئێستا پارتی و یەکێتی دو هێزی شکستخواردوی دۆڕاون لەبەردەم میلەتدا، بۆیە پێیوست دەکات لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی جەماوەری قۆناغێکی نوێی خەبات دەست پێبکات، چونکە ئەم دەسەڵاتە هیچ پێ ناکرێت و ناتوانێت ئەم دۆخە چارەسەر بکات.

لەلێدوانێکیدا بۆ (تۆڕی میدیای گۆڕان)، جەمال حاجی محەمەد رایگەیاند: لەکۆبونەوەی ئەم چەند رۆژەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا گفتوگۆ لەسەر دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کراوە و سەرجەم ئەو پرسانە دەبەنە کۆبوەوەی هەفتەی داهاتوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاریان لەسەر دەدەن.

سەبارەت بە روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە لە کەرکوک و خورماتو و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی رایگەیاند: ئەوەی رویدا کارەساتێکی گەورەبو کە ئەم دەسەڵاتە فاشیلە بەسەر خەڵکی کوردستانیدا هێنا و لە کارەساتی ئاشبەتاڵی ساڵی (1975) گەورەتر بو کە بەهۆی ریفراندۆمەوە زیاتر لە (51%)ی خاکی کوردستانیان لەدەستدا، چونکە ئێمە لە بەیاننامە و سەرجەم کۆبونەوەکاندا بە دەسەڵاتمان راگەیاندبو کە هەلومەرج لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام بەقسەیان نەکردین و ئەم دۆخەی لێکەوتەوە، کە ئەوەش دەرنجامی نەزانینی ئیدارەدانی ئەو دەوڵەتەیە کە ئەو دو هێزە دەیانکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ لەسەرجەم ئەو روداوانەدا دەرکەوت کە پارتی و یەکێتی دو دەسەڵاتی فاشیلی دۆڕاون، بۆیە ئەم کارەساتە گەورەیەیان بەسەر میللەتدا هێنا، بزوتنەوەی گۆڕانیش کە لەسەرەتاوە بەخەباتی مەدەنی و جەماوەری دەستی پێکرد و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە هەر وەکو نەوشیروان مستەفا پێشتریش ئاماژەی پێکردبو، کە ئێستا خەباتی پەرلەمانیش کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی و قۆناغێکی نوێی خەبات دەست پێبکات و بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە دیراسەی وردی بکات.

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی ئەوەی خستەڕو کە؛ لەماوەی رابردودا رەشنوسی پرۆژەیەکیان داوەتە حیزبەکان و حکومەت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە، ئەوەش دوا پرۆژەیە کە دەیدەینە حکومەت و دەسەڵات.

وتیشی :”بۆمان دەرکەوت ئەم دەسەڵاتە هیچی پێناکرێت و ناتوانێت چارەسەری کیشەکان بکات و بژێوی ژیانی خەڵک دابین بکات، پێویستە لایەنەکان ئەوانەی لەبیری حکومەتی رزگاری نیشتیمانی بون، بیر لە رێگەچارەی دیکە بکەینەوە”.

جەمال حاجی محەمەد، رونیکردەوە کە دو بۆچون هەبوە بۆ خەباتی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی بڕیاری کشانەوە و نەکشانەوە، بۆ ئەوەش گلەییەکی زۆرمان هاتوەتە سەر کە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی داوای حکومەتی رزگاری نیشتیمانی دەکات و خۆی لە حکومەتدایە، بۆچونێک پێیوابو کە لە حکومەت بمێنینەوە بۆ ئەوەی ئیرادەی خۆمان فەرزبکەین و نەهێڵین پارتی و یەکێتی حکومەتی فیفتی بە فیفتی پێکبهێنین و ئیرادەی خۆیان فەرزبکەن، بۆچونی دوەم ئەوەبو کە لە حکومەت بکێشینەوە، چونکە حکومەتێکی شکستخواردوە و ناتوانێت خواستی خەڵک جێبەجێ بکات.

وتیشی :”ئێستا کاتەکە گۆڕاوە، حکومەت فەشەلەی هێناوە بژێوی خەڵکی بۆ دابین ناکرێت، بۆیە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتو بەڕێوەبچێت، بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیبدات و بریاری ئازایانەی خۆی لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات و قۆناغێکی نوێ دەست پێبکات و رایبگەیەنێت کە ئێستاش گۆڕانەکەی جارانە بە دەنگی دلێرانە بڕیاری خۆی دەدات”.

 

بزوتنەوەی گۆڕان قۆناغێکی نوێی سیاسی دەست پێدەکات

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی: بزوتنەوەی گۆڕان قۆناغێکی نوێی سیاسی دەست پێدەکات

Publié par Sbeiy sur mardi 12 décembre 2017

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە