(سبه‌ی):
بۆ پرسی كشانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆ ده‌بێته‌وه.
ره‌ئوف عوسمان، سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به تۆڕی میدیای گۆڕانی راگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه ئاساییه‌كانیدا، رۆژی پێنجشه‌ممه جڤاتی گشتی له مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له سلێمانی كۆبێته‌وه.
ره‌ئوف عوسمان، وتی: له كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك ده‌كرێت، یه‌كێك له‌وانه كشانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه له حكومه‌ت و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق،له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، دۆخی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كرێن.
سه‌رۆكی جڤاتی گشتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆبونه‌وه‌كه راوێژكاری ده‌بێت و راسپارده‌كان به‌رز ده‌كرێنه‌وه بۆ كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانی كه هه‌فته‌ی داهاتو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.