دەیان خێزان لە دەرەوە رۆژ دەكەنەوە .. کێشەکانى دەربەندیخان چارەسەر نەکراون

هاوڵاتییانى دەربەندیخان خۆیان خەیمە و شوێنى مانەوە لە دەرەوەى ماڵەکانیان دابین دەکەن!! .. فۆتۆ: پاڤێڵ

(سبەى):

زیاتر لە مانگێك بەسەر بومەلەرزە بەهێزەكەی دەربەندیخان تێپەڕی، تائێستا شەوانە دەیان خێزانی لێقەوماو لە دەرەوە رۆژدەكەنەوە و ئەوە دەخەنەڕو وەک پێویست هاوکارى ناکرێن، هاوکات تائێستا کێشە تەندروستیەکانى قەزاکە چارەسەر نەکراون.

بەهۆی هاوكاری نەكردنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تادێت گوزەرانی هاوڵاتیان و لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی دەربەندیخان سەختر دەبێت، بەهۆی روخان و مەترسی روخانی خانوەكانیان و ترس لە رودانەوەی بومەلەرزە، دەیان خێزانی دەربەندیخان شەوانە لە دەرەوەی ماڵەكانیان و لەژێر خێوەتدا رۆژدەكەنەوە.

لێقەوماوان دەڵێن؛ حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە تەنانەت خێوەتیان بۆ دابین بكات، ئەو هاوكارییەش كە دەگاتە شارەكە دیارنامێنێت و تەنها چەند كەسێك لێی سودمەندەبن و بەوهۆیەشەوە خۆیان بە قامیش و نایلۆن خێوەت بۆ خۆیان دروست دەكەن.

هاوکات لەدوای بومەلەرزەكەی (12)ی مانگی رابردوی قەزای دەربەندیخانەوە جگە لە زیان گەیشتن بەبینای نەخۆشخانەی گشتی و چەند مەڵبەندێكی تەندروستی چەندین كێشەی تەندروستی تر لەو شارە دروستبون و تا ئێستا چارەسەرنەكراون.

د. هێمن جەلال پزیشكی پلەبەند لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان ئەمڕۆ هەینى بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى وت:”بەڵێنی زۆر دراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام تا ئێستا زۆربەیان جێبەجێنەكراون”، ئەو جەخختى کردەوە کە كێشەی كەمی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكیان هەیە و پێویستە چارەسەربكرێن.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە