دواى بڕیارەکەى ترەمپ (11) فەلەستینى کوژراون

روبەڕوبونەوەیەکى فەلەستینیەکان و هێزەکانى ئیسرائیل

(سبەى):

دواى ئەوەى لە روبەڕوبونەوەەکانى هەینیدا چوار فەلەستینى کوژران، ژمارەى کوژراوانى نۆ رۆژى رابردو بەهۆى ئاڵۆزییەکانى دواى بڕیارەکەى ترەمپ کە قودسى وەک پایتەختى ئیسرائیل ناساند گەیشتوەتە (11)کەس ئەوەش بەپێى دواین ئامارى وەزارەتى تەندروستى فەلەستین.

دە رۆژ بەر لە ئیستا دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا قودسى وەک پایتەختى ئیسرائیل ناساند و بڕیاریدا باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى بۆ قودس بگوازێتەوە ئەوەش جگە لە کاردانەوەى وڵاتانى ناوچەکە، ناڕەزایەتى لەناوخۆى فەلەستین لێکەوتەوە و لەو رۆژەوە ئاڵۆزى و پێکداپژان لەنێوان فەلەستینیەکان و هێزە ئەمنیەکان رودەدات کە هەندێکیان بە فیشەک وەڵامدراونەتەوە.

وەزارەتى تەندروستى فەلەستین، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆى ئەو روبەڕوبونەوانەى لە ئەنجامى کاردانەوەى بڕیارەکەى ترەمپ هاتونەتە ئاراوە “(11) شەهید و زیاتر لە (350) بریندارى لێکەوتوەتەوە”.

ئاماژەى بەوەشکردوە هێزەکانى ئیرائیل فیشەکى راستەقینە و فیشەکى لاستیکى و بۆمبى غازى و فرمێسکڕێژى دژى کەسانى مەدەنى و لە گەڕەکەکاندا بەکارهێناوە.

ئەوە لەکاتێکدایە راگەیەنراوە کە بڕیاروایە چوارشەممەى داهاتو مایک پێنسى جێگرى سەرۆکى ئەمەریکا سەردانى قودس بکات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە