بەهۆی سزادانی بایدەمیرەوە بایکۆتی دانیشتی پەرلەمان دەکەن

(سبەی):

وەک پشتیوانییەک بۆ عوسمان بایدەمیر کە بەهۆی ناوهێنانی کوردستانەوە سزا درا، پەرلەمانتارانی هەدەپە دانیشتینی پەرلەمانی تورکیایان بایکۆت کرد.

دوای ئەوەی عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا بەهۆی ناوهێنانی “کوردستان” لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بە سێ هەزار دۆلار سزای مادی درا و بێبەشکرا لە دو دانیشتنی پەرلەمان، فراکسیۆنی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: ئامادە نابن بەبێ بایدەمیر بەشداریی کۆبونەوەکانی پەرلەمان بکەن.

لە کۆبونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیادا، عوسمان بایدەمیر باسی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی تورکیای دەکرد و رایگەیاند: من نوێنەری کوردستانم و بەرپرسم لەوەی کە دەکەوێتە سەرشانم لە بەرامبەردا جێگری سەرۆکی پەرلەمان پرسیار لە بایدەمیر دەکات کە کوردستان لە کوێیە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەستی بۆ دڵی برد و وتی بەڕێز کوردستان لێرەدایە.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، مەرال بەشداش پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند؛ ئەو سزایانەی بەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپەدا دەسەپێندرێت سزای سیاسیین و لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئاراستە دەکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە رونی کردەوەتەوە؛ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کە ماوەی ساڵێکە زیندانی کراون، بەڵام مافی پەرلەمانتارییان بۆ نوێنەرانی دیکە راگیراوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە