تۆماری دەنگدەران؛ یان بۆمبی چێنراو و ئامادە

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا

هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگ و کاریگەرە، و تا هەنوکەش ئێمە بەتەنها شاڕێی گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دەزانین لەسیستمی سیاسی هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوی باوەڕبو بەدیموکراسی و هەڵبژاردن.

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بەژمارە (5445) لە (17-12-2017) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد تاکو لەماوەیەک کە لەسێ مانگ زیاتر نەبێت ئامادەسازی بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

هەموان لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنین لەکات و ساتی خۆیداو کاریشی بۆ دەکەین، پێموایە یەکێک لەپایەکانی سیستمێکی سیاسی دیموکراتی و پێشکەوتو ئەوەیە کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت و بیانو نەهێنرێتەوە بۆ دواخستن و ئەنجام نەدانی.

بەڵام ‌لێرەدا دەبێ بپرسین ئایا کام کۆمسیۆن هەڵبژاردنەکان بەڕێوەببات هەرێم یان عێراق؟ کام تۆماری دەنگدان بەکاردەهێنرێت ئەو تۆمارەی کە ریفراندۆمی پێ ئەنجامدرا یان تۆمارێکی نوێی دروستکراو؟ چونکە گەر کۆمسیۆنی هەرێم ئەنجامی بدات و هاوشێوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت ئەوا نیشانەی گەورەی پرسیار لەسەر خۆی دروستدەکات، ئەگەریش بەهەمان تۆماری دەنگدان بێت ئەوا کارەسات دەخوڵقێنێت.

هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بەدەنگی کۆمسیارەکانی بڕیاریانداوە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی (25-9-2017) هەر پرۆسەیەکی تری هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا کار بەتۆمارێکی تری دەنگدەران دەکەن، چونکە خۆیان زۆر باش ئەو راستیە دەزانن کە چەندە تۆمارێکی پۆخڵەو چۆن پڕکراوە لەناوی وەهمی، دوبارە، ئاوارە، مردو، بەتەمەن و… هتد.

من لێرەدا تەنها بەداتاو ئامارو بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەدەستن کە بەدڵنیاییەوە زۆر لەوە زیاترو زۆرتریشە ئاماژە بەخەوش و پۆخڵیەکانی تۆماری دەنگدەران دەکەم، دواتر خۆت دەتوانیت ببیتە دادوەرو بڕیاربدەیت ئایا ئەمە تۆماری دەنگدەرانە یان بۆمبێکی تەوقیتکراو و ئامادەکراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان.

بۆیە هەقە پێش هەموان بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ هەڵبژادنی پاک و بێگەردن بەدەنگێکی دلێرو بێ سڵەمینەوە بڵێن نەخێر بۆ هەڵبژاردنێک کە تۆمارێکی پاک و بێگەردی تێدا بەکارنەهێنرێت و سیستمی جیاکردنەوەی دەنگدانەکەش بەئامێری ئەلیکترۆنی نەکرێت، چونکە گەرکار بەوتۆمارە کۆنەبکرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە هێندەی دو فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ئێستا تەنها ناوی ساختەو گوماناوی  تێدایە بەشێوازو جۆری جیاوازجیاواز، لەنمونەی:

ــ لەتۆمارەکەدا لەماوەی (13) ساڵدا واتا (2004 بۆ 2017) تەنها (600) کەس بەمردو دانراوەو کوژێنراوەتەوە، لەکاتێکدا تەنها ئەو کەسانەی لەوساڵانەدا لەلایەن دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە بەمردو تۆمارکراون ژمارەیان (69000) هەزار کەسن، ئەمەجگە لەوەی لەلایەن ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە ئاماژە بە (25)هەزارناوی مردوی ترکراوە لەتۆمارەکەداو کۆمسیۆنیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە.

ــ (7000) ناو لەتۆمارەکەدایە کە تەنها ئاماژە بەناوی دوانیان کراوە کە پێویستە لانی کەم سیانی بێت.

ــ (6342) ناو هەن دوبارەن، واتا ناوی سیانی کەسەکان هاوشێوەی یەکن بێ جیاوازی بەژمارەی دەنگدانیشیانەوە.

ــ (23744) ناو لەتۆمارەدا هەن کە ناوی ئاوارەی عەرەبی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن کە لە (2003)دەستپێدەکات .

ــ (41899) کەس لەتۆمارەکە ناویان هەیە کە تەمەنیان لەسەروو (90) ساڵیەوە، لەکاتێکدا تێکڕای تەمەن لەعێراق بەهەرێمیشەوە (58)ساڵی بۆ دیاریکراوە، خێرە ئەو هەمو بەتەمەنە لەهەرێمدا بونیان هەیە.

ــ (116088) ناوهەن لەتۆمارەکەدا کە تەمەنیان هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی دەنگدان.

ــ هەزاران، سەدان و بگرە زیاتریش خێزان هەن کە خاوەنی دو فۆرمی خۆراکن و بگرە زیاتریشن، واتا لەدو شوێن ناویان هەیە، دوبارەیەو دەتوانن چەند جارێک دەنگبدەن.

ــ چەندین خێزان لەنێو کەمپەکاندا کە بەئاوارە هەژمارکراون ناسنامەیان بۆ دروستکراوە کە بێ گرفت دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن و ئەو مافەیان بۆفەراهەم کراوە.

ــ (184175) ناوی تێدایە کە پێی دەوترێت دەنگی تایبەت تەنها تاساڵی (2014)یش ئاماژەی بۆکراوە، کە یەکێک لەگرفتەکانی هەڵبژاردنەکان جیانەکردنەوەی دەنگدەری تایبەت و گشتیە، یان دەکرێت پێکەوە بەشداربن و نەک دو رۆژ پێشتر تایبەت و دواتر گشتی کە بەئەزمون سەلمێنراوە کە زۆرینەی ئەوانەی لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگیانداوە لەدەنگدانی گشتیش بەشداربونەتەوە.

ــ (96258) ناو لەو تۆمارەدا هەیە کە جێگای گومانن، چونکە زۆرینەیان لێکچون و دەبێت بەوردی وردبینی تێدا بکرێت، گۆڕانیش ئاماژەی بەوەکردوە کە زیاتر لە (125) هەزار ناوی دوبارە لەتۆمارەکەدا بونیان هەیەو رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کردوە بۆ بژارکردنی لەتۆمارەکەدا.

 

ئەوەی پێویستە بکرێت هەوڵێکی چڕوپڕی هەمەلایەنەیە بۆپاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەلایەن هەمو دامەزراوە حکومیە پەیوەندیدارەکان و چاودێریکردنی بەردەوام و هەنگاوبەهەنگاویش لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چونکە کۆمسیۆنەکە راستەوخۆ لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستاندایە، پێشموایە کارێکی واقورس تەنها بەکۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ناکرێت و هەرکاری ئەوانیش نیەوبەس. گەر هەموان دەمانەوێت ببینە خاوەنی تۆمارێکی شایستەو شیاو، ئەوا دەکرێت کاربۆ سیستمی بایۆمەتری بکرێت لەتۆماری دەنگدەراندا.

بۆیە گەر هەڵبژاردنێک بەتۆمارێکی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت کە ئێستا لەبەردەستە و هەندێ لەخەوشەکانیمان دەستنیشانکرد، بەدڵنییاییەوە نەکردنی زۆرباشترە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە