گۆڕان: خۆپیشاندەران داوای سزادانی پاڵەوانەکانی گەندەڵی و شکست دەکەن

(سبەی):

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی شکستی حیزبە حوکمڕانەکان و پەکخستنی چاکسازی و گۆڕین، رۆژی (18)ی ئەم مانگە لە دەیان شار و شارۆچکە و ناوچەی کوردستان خۆپیشاندانی جەماوەریی فراوان دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران لە بری داوای موچە و چاکسازی، داوای روخاندنی حوکمەتە حیزبۆکراتییەکەی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان و سزادانی پاڵەوانەکانی گەندەڵی و ناعەدالەتی و شکست دەکەن.

فراکسیۆنی گۆران، بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکان دەکەن و داوا دەکەین بە زوترین کات ئازاد بکرێن، لە هەمان کاتدا داوا لە هەمو هێزە چەکدارەکانی هەرێم دەکەن، گوێ لە فەرمانی لێپرسراوەکانیان نە گرن بۆ کوشتن و بریندار کردنی خوشک و برا ناڕازیەکانیان.

بەیاننامەی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە روداوەکانی هەرێمی کوردستان

هاونیشتمانیانی کوردستان!

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسی سەرەکی ئەم دۆخە نالەبارەن کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوە.

ئەوەی ئێستا روئەدا بەرهەمی سیستمێکی حوکمڕانیی خواروخێچ و سەقەتە کە (26) ساڵ لەمەوبەر ئەم دو حیزبە بناغەکەیان دانا.

ئەو سیستمە حیزبۆکراتیەی (26) ساڵە ناشیرین ترین نمونەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا پیشان داوە، ساڵانێکە بە کردەوە پێی سەلماندوین کە چیتر توانای ئیدارەدانی ئەم هەرێمەی نەماوە، بەڵام لە بری ئەوەی جێگە چۆڵ بکەن بۆ حیزبی تر و ئەزمون کردنی نمونەی تر، لە رێگەی قۆرخ کردنی چەک و پارە و بازاڕ و ئابوری یەوە، هەمو هەوڵێکی دڵسۆزانەیان بە چەک بێ یا بە فرت و فێڵ و هاوپەیمانیی ستراتیجی دوقۆڵی، پەک خستوە.

پەکخستنی چاکسازی و گۆڕین لە سیستمی حوکمڕانیدا لەلایەن ئەو دو حیزبەوە و فەشەلهێنانی حوکمڕانیەکەیان لە سەر هەمو ئاستێک، ساڵانێکی درێژە کۆمەڵی کوردستانی توشی قەیرانی زۆر قوڵ و هەمەجۆر کردوە، بەڵام شکستی ریفراندۆمە حیزبییەکەی پارتی و بەشێک لە یەکێتی یەکان و شکستی ئابڕوبەرانەی (16)ی ئۆکتۆبەر بونە ئەو تەڵەپوشەی پشتی ئێسترەکەیان شکاند.

ئەو دو شکستە کەمەرشکێنەی ئەو دو حیزبە کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەسەر خۆیان و گەلی کوردستانیان هێنا هیچ هیوایەکی چاکسازی و گۆڕینی ئاشتیانەیان بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتۆتەوە، بۆیە رۆژی (18)ی ئەم مانگە لە دەیان شار و شارۆچکە و ناوچەی کوردستان خۆپیشاندانی جەماوەریی فراوان دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران لە باتی داوای موچە و چاکسازی، داوای روخاندنی حوکمەتە حیزبۆکراتی یەکەی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان و سزادانی پاڵەوانەکانی گەندەڵی و نا عەدالەتی و شکست ئەکەن.

مەخابن، حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان نە سودیان لە مێژوی گەلەکەی خۆیان و نە لە تەجروبەی رژێمە دیکتاتۆریەکانی ناوچەکە وەر گرتوە، بۆیە لە باتی تەسلیم بون بە ئیرادەی گەل و جێبەجێ کردنی داوا رەواکانیان، ئەوە سێ رۆژە بە دڕندانە ترین شێوە کەوتونەتە کوشتن و سەرکوت کردنی جەماوەری خۆپیشاندەر و، تەنانەت رفاندنی پەرلەمانتار و کەسانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی و داخستنی پەخشی تەلەفزیونەکانی کۆمەڵگەی نالیا.

ئێمە لە کاتێکدا سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تەواوی شەهیدەکانی چەند رۆژی رابردو ئەکەین و هیوای زو چابونەوە بۆ بریندارەکان ئەخوازین؛ هەروەها بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان و رفاندنی پەرلەمانتار رابون مەعروف و لێپرسراوی بزوتنەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید و داخستنی پەخشی تەلەفزیونەکانی کۆمەڵگەی نالیا و چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکان ئەکەین و داوا ئەکەین بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

لە هەمان کاتدا داوا لە هەمو هێزە چەکدارەکانی هەرێم ئەکەین، گوێ لە فەرمانی لێپرسراوەکانیان نە گرن بۆ کوشتن و بریندار کردنی خوشک و برا نارازیەکانیان.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانی دەستی زوڵم و ستەم و نا عەدالەتی

نەفرەت لەوانەی کورسی و پارە و ئیمتیازەکانی حوکمڕانی هیچ قیەمێکی مرۆڤدۆستانەیان پێ ناهێڵێ

 

فراکسیۆنی گۆڕان

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

21/12/2017

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە