“ئەڵمانیا چەکى بۆ شەڕى داعش نارد، بەڵام بۆ سەرکوتکردنى خۆپیشاندان بەکاردێت”

ناوجەرگەى شارى سلێمانى؛ بڵاوکردنەوەى هێز بە چەکى پێشکەوتو بەرامبەر خۆپیشاندانى ناڕازى و بێ موچە

(سبەی):

حکومەتی ئەڵمانیا لە بەکارهێنانی چەکی ئەو وڵاتە لەدژی خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێتەوە و پەرلەمانتارێکیش وێنە و ڤیدیۆی بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەدژی خۆپیشاندەران، ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێم دەکات.

رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا نامەیەکیان ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا و وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە کردوە و ئاماژەیان بەوە کردوە، لە رێگەی ئەم نامەیەوە ئاگادارتان دەکەینەوە هەردو حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەند رۆژی رابردودا بێ سڵەمینەوە کەوتونەتە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی بێ تاوان.

لە نامەکەدا هاتوە؛ ئەوەی جێی نیگەرانی هاوڵاتیانە، بەکارهێنانی ئەو چەکانەیە دژی خۆپیشاندەران کە کاتی خۆی حکومەتی ئەڵمانیا گەیاندبویە حکومەتی هەرێم و پێشمەرگە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

رەوەندی کوردی داوای هەرچی زوی بەدەمەوە هاتنی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکێتی و پارتی و راگرتنی کردەوەکانیان دژی خەڵک و خۆپیشاندەران کە داوای مافەکانیان دەکەن و لەلایەن دەسەڵاتەوە بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە، هاوکات نیگەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیان گەیاندوەتە حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەر پێشوازی کردنیان لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و یەکێتی و پارتی.

لەلایەکی دیکەوە شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، نامەیەک لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەو بەڵگە ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژەی بەوەکردوە، ئەڵمانیا بەسوپاسەوە پشتگیری و هاوکاری هەرێمی کوردستانی لەشەڕی داعشدا کرد، “بەڵام ئەو چەکانەی ئەڵمانیا ئێستا لەناوخۆدا بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان و رەشبگیری خەڵکی مەدەنی کوردستان بەکاردەهێنرێت”.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە