شەقام و دەسەڵاتی رەش

ئارام قادر حەمەسور

خۆپیشاندانەکانی ئێستا جیاوازترە لە خۆپیشاندانەکانی رابردو، خەڵک گەیشتۆتە کۆتایی نائومێدیەکان بەم دەسەڵاتە نادیموکراسیە، گەنجەکان بۆ سەندنی مافی خۆیان گوللە گەرمەکان لە جەستەیاندا سارد دەکەنەوە، هێزی خۆپیشاندەران هەمو حیزبەکانی توشی شۆک کردوە، یاخی بون لەم دەسەڵات و دەموچاوانە گەیشتۆتە لوتکە، دەسەڵات هەموانی توشی برسیەتییەکی دروستکراو کردوە و گاڵتە بە چارەنوسی گەنجەکان دەکات، هۆشیار بونەوەی مافخوراوان وادەکات وزەیەکی گەورە دروست ببێت و هەموان بلەرزێنێت، گەنجە گیرفان بەتاڵەکان بەفەرمانی مافیاکانی نەوت شەهید دەبن، ئەو گەنجانەی کە دەسەڵات ماوەی بیست و شەش ساڵە خەونەکانیان دەکوژێت، دۆڕاوەکانی جەنگ لە شەو و رۆژێکدا نیوەی کوردستانیان دۆڕاند و هەڵاتن! بەڵام لە پێناو بارەگاکانیان شەقامەکان سور دەکەن بەخوێن، دۆڕاوەکانی جەنگ کۆتایی ئەخلاقی سیاسیان هات کاتێک بازرگانیان لەگەڵ داعش دەکردو هەزاران پێشمەرگەشیان کردە قوربانی.

یەکێتی و  پارتی هەرگیز ناگۆڕێن و دەستهەڵناگرن لە هێزی چەکداری حیزب، هێزە چەکدارەکان وەک دیوارێک بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی حیزب، کاتێک پشتیان لە کەرکوک کردو لولەی چەکەکانیان لە شەقام کرد، دەرکەوت کە ئێوە تەنیا بە چەکەکانتان وەستاون، دیکتاتۆرەکانی دونیا تا کۆتاییان ئومێدیان بە چەکەکانیان هەبو، بەڵام لە کۆتایدا هەردەبێت بوەستن و بۆشاییەکی دیاریکراوی ناو مێژوی رەش پڕبکەنەوە، مێژو جێگایەکی تایبەتی بۆ ئێوەی گەنجکوژ دیاریکردوە، مێژوی نزیکی بەهاری عەرەبیتان بەچاوی خۆتان بینی کە چۆن چەک فریایان نەکەوت و کۆتاییان هات، وەک محەمەد ماغوت گوتی دیکتاتۆرەکان وەک ژمارەی پێوانەین و رۆژێک دێت بشکێندرێن، ئەم دەسەڵاتە جوتحیزبە گەیشتۆتە کۆتایی لە ناشیرینی، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردوە لە ستەمکاری، تەنانەت هەمو دونیا پشتی لەم دەسەڵاتە ناشیرین و رەشە کردوە.

بەردەوام ستەمکارەکان لە خۆپیشاندان و جوڵەی شەقام تۆقیون، چونکە ئەم دەسەڵاتە پڕە لە سیاسەتی رەش دژی خەڵکەکەی، دەسەڵات هەرگیز وەک ئەمڕۆ نەتۆقیوە و شارەکانی پڕکردوە لە هامەرو چەکدارو چەکی قورس، بەرپرسە سەربازیەکان لەجەنگ گەڕاونەتەوە و دەستیان سورکردوە بە خوێنی خۆپیشاندەران، پێشمەرگەی گیرفان بەتاڵ کە زۆربەیان مافخوراون و توڕەن لەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیەو بەکاردەهێندرێن بۆ کوشتنی گەنجە برسیەکان، خۆپیشاندەران داوای هاتنە کایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەکەن نەک کەمینەیەکی خەنی و زۆرینەیەکی برسی.

هۆشیاربونەوە سەرەتایەکە بۆ کۆتایی هاتنی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و دژە دیموکراسیە، هەرگیز لەخۆت پرسیوە بۆچی چەند کەسێکی دو بنەماڵە پێنج ملیۆن کەسیان برسی کردوە؟ ئەمە سەرەتای هۆشیارییەکی گەورەیە بۆ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتە رەشەکە، ئێستا کۆتایی سیاسەتەو ئەوەی دەسەڵات دەیکات توندوتیژی و کوشتنە، دەریدەخات ستەمکارەکان چەند دەترسن لە جوڵەی شەقام، ئەم دەسەڵاتە لەهەمو هێزو هەمو تاکەکەسێکی دەرەوەی خۆی دەترسێت، ئەم ترسەش لە شەقام سەری دەسەڵاتە رەشەکە دەخوات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە