(سبەی):
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کلاسیکۆی زەوی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بردەوە و بەشێوەیەکی نیمچەفەرمی بوە پاڵەوانی خولی ئیسپانی.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە یارییەکانی هەفتەی (17)ی خولی ئیسپانی، یانەی ریاڵ مەدرید لەسەر یاریگای خۆی (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) میوانداریی یانەی بەرشەلۆنەی کرد و بە سێ گۆڵی بێوەڵام یارییەکەی دۆڕاند.
تایمی یەکەمی یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە تایمی دوەمی یارییەکەدا یانەی بەرشەلۆنە بەهێزەوە دەستی بە یاری کرد و لە خولەکی (54) لویس سوارێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
بەهۆی ئەوەی لەناوچەی سزا دانی کارڤاخاڵی مەدریدی تۆپی بەدەست گرت، ناوبژیوانی یارییەکە بەکارتی سور ئەو یاریزانەی کردەوە دەرەوە و لێدانێکی سزای بۆ بەرشەلۆنە ئەژمارکرد و میسی گۆڵی دوەمی بە لێدانی سزا لە خولەکی (64) تۆمارکرد.
لە کۆتا چرکەی زیادکراوی یارییەکە و لەخولەکی (90+3) بەهۆی پاسێکی میسییەوە، ئەلێکس ڤیداڵ گۆڵی سێیەم و بردنەوەی یانەکەی تۆمارکرد و بەوەش بەرشەلۆنە بە سێ گۆڵی بێوەڵام کلاسیکۆی زستانەی بردەوە و پێش ئەنجامدانی (21) یاری، بەرشەلۆنە بەشێوەیەکی نیمچەفەرمی بوە پاڵەوانی لالیگای ئیسپانی.
یانەی بەرشەلۆنە کۆی خاڵەکانی بو بە (45) خاڵ و بە جیاوازی (14) خاڵ لە پێش یانەی ریاڵ مەدریدەوەیە کە (31) خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندیدایە.
هاوکات لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یەکەمی بەرشەلۆنە، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە (15) گۆڵ و گۆڵکاری خولی ئیسپانییە و دوای ئەویش سوارێز لە پلەی دوەمدایە و (10) گۆڵی هەیە.